کوردستان میدیا

پێنجشەممه 25ی رەزبەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ترسی لە خەڵکی کوردستان هەیە

11:55 - 5 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە ساڵڕۆژی شەهیدانی ژینگەی کوردستاندا، بنکە و ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوەی خەڵکیان لەو ڕۆژەدا بە "هەنجارشکەنی" لە قەڵەم داوە.

میدیاکانی ڕێژیمی ئێران، لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی شەهیدان "شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی"، کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمەکانی خەڵکیان بۆ یادی ئەو شەهیدانە بە کارێکی دژی یاسای ڕێژیم زانیوه.

ڕێژیمی ئێران، وەک هەمیشە هێرشی کردووەتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە گۆیا حیزبی دێموکرات کەڵکاژۆ لەو بۆنانە وەردەگرێت.

لە میدیاکانی ڕێژیمدا بڵاو کراوەتەوە: "حیزبی دێموکرات کەڵکاژۆ لە منداڵان وەردەگرێت و لەو بۆنانەدا خۆی زەق دەکاتەوە".

هاوکات ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە حیزبی دێموکرات شەهید "شەریف باجوەر"ی بە ئەندامی نهێنیی تەشکیلاتی خۆی لە قەڵەم داوە و ئەوەش ڕاست نییە.

ئیدعاکانی ڕێژیمی ئێران لە میدیاکاندا لە کاتێکدایە کە ئەو ڕێوڕەسم و کۆڕانە لە لایەن خودی خەڵکەوە بەڕێوە دەچێت و دەستی هیچ لایەنێکی سیاسیی تێدا نییە.

حیزبی دێموکرات خۆی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا جێگە و پێگەی هەیە و ڕێژیمیش خۆی دانی بەوەدا ناوە کە خەڵک پشتیوانی حیزبی دێموکراتە.

لەبارەی ئەندامییەتیی شەهید "شەریف" لە حیزبی دێموکراتدا کە ڕێژیم بە چەواشەکاری ڕەتی دەکاتەوە، لە یەکەم ساتی شەهیدکرانی شەهید شەریف و هاوڕێیانی، ئۆرگانی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند: "شەهید شەریف باجوەر، ئەندامی نهێنیی حیزبی دێموکرات، لە ڕووداوێکی دڵتەزێن و گوماناویدا گیانی لەدەست دا".

ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، شەهید "شەریف باجوەر" و سێ هاوڕێی دیکەی، لە کاتی کوژاندنەوی ئاگری دارستانەکانی مەریوان، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست دا.