کوردستان میدیا

چوارشەممه 27ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ترسی خۆپیشاندانەکان زیندانی نوێ دروست دەکات

12:19 - 16 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی سەرکوتی زیاتری خەڵک دەستیان داوەتە پرۆژەی دروستکردنی زیندانی زیاتر لە ئێراندا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی‌ ئێران به ‌هۆی‌ ترسێكی‌ له‌ڕاده‌به‌ده‌ر كه‌ له‌ خۆپیشاندانی‌ خه‌ڵک لێی‌ نیشتووه‌، له‌ "باکوور ڕۆژهەڵاتـ"ـی‌ تاران، خه‌ریكی‌ دروستكردنی‌ گرتووخانەیەکی‌ تایبه‌ته‌ كه‌ زیاتر لە ١٠ هه‌زار كه‌س لە خۆ دەگرێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، ڕێژیم ئه‌م پرۆژه‌ گه‌وره‌یەی‌ داوه‌ته‌ ده‌ست چه‌ندین کۆمپانیای تایبه‌تی‌ دروستكردنی‌ خانوبه‌ره ‌که هه‌ر کۆمپانیایەک لە ده‌وروبه‌ری هه‌زار یه‌كه‌ی‌ به‌ركه‌وتووه ‌‌و بە کۆمپانیاکانیان ڕاگه‌یاندووه،‌ كه‌ هه‌ر کۆمپانیایەک پرۆژه‌كه‌ی‌ زووتر ته‌واو بكات، پرۆژه‌ی‌ دیكه‌ی‌ به‌ر ده‌كه‌وێ ‌‌و ئه‌وه‌ی‌ دره‌نگ كاره‌كانی‌ بكات نابێته‌ خاوه‌ن پرۆژه‌یەکی دیكه‌.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، پێویسته‌ بگوترێ‌ كه‌ هیچ كه‌س‌ و كرێكارێک مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه،‌ موبایل بباتە‌ شوێنی‌ كاره‌كه‌ی ‌‌و هێڵی‌ ئینتێرنێتیش به‌ ته‌واوی‌ له‌وێ‌ داخراوه ‌‌و کار ناكات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان هۆكار‌ی‌ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیەی بۆ باری‌ ئه‌منییه‌تی‌ گه‌ڕاندەوە ‌و وتی‌: له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی که‌ ڕێژیم زۆر له‌ خۆپیشاندانی‌ خه‌ڵک ترساوه‌، به‌ بۆنه‌ی‌ ئه‌م پرۆژانه‌وه‌ كرێكاره‌كان به‌ هۆی‌ نه‌بوونی‌ پێوه‌ندییان به‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌چه‌وسێنه‌وه ‌‌و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نییه‌.

ڕێژیم بۆ ته‌واوكردنی‌ ئه‌م گرتووخانە‌ گه‌وره‌یه‌ پەلەیەکی زۆری هەیە ‌‌و به‌پێی‌ زانیارییه‌كان ئه‌و پرۆژەیە‌ پاییز ته‌واو ده‌بێ ‌‌و ده‌یان گرتووخانەی دیكه‌ش له‌ شوێنه‌ جیاجیاكانی‌ ئێراندا هه‌ر ئێستا به‌پەلە لە بەردەستدان.