کوردستان میدیا

یەکشەممە 31ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پێش بە هەواڵنێرانی بیانی دەگرێت

21:11 - 22 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: دوای هاتنی بوومەلەرزە لە کوردستان بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پێش بە هەواڵنێرانی بیانی دەگرن هەتا ڕووداوەکانی بوومەلەرزە نەگوازنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای ئەوەیکە جیهان و بەرپرسانی زۆربەی وڵاتان هاودەردی خۆیان لەگەڵ قوربانیانی بوومەلەرزەی شەوی ڕابردوودی کوردستان دەربڕیوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەک هەمیشە کەوتوونەتە دوژمنکاری و پێش بە هەواڵنێرانی بیانی دەگرن هەتا هەواڵە ڕاستییەکانی ئەو کارەساتە نەگوازنەوە.

لەو پێوەندییەدا توماس ئێرد برینک هەواڵنێری نیوویۆرک تایمزی ئامریکایی، لە پەیامێکی تویتێریدا بڵاوی کردووەتەوە کە هاوکات لەگەڵ ڕوودانی بوومەلەرزە لە ڕۆژئاوای ئێران ئیزنیان نەداوە کە ئەو و هەواڵنێرانی دیکەی دانیشتووی تاران سەردانی شوێن بوومەلەرزە لێدراوەکان بکەن.

بوومەلەرزەکە لە کاتژمێری ٨:١٨ شەوی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕووی داوە و هەتا ئێستا بەپێی ئامارە نێوخۆییەکان زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە کرماشان گیانیان لە دەست داوە و زۆرتر لە ٦ هەزار کەس بریندارن.

ئەم بوومەلەرزەیە لە پارێزگاکانی لوڕستان، ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە و لە زۆربەی شارەکان بەتایبەت کرماشان زیانی ماڵی و گیانی لێ کەوتووەتەوە.