کوردستان میدیا

دووشەممه 25ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنراڵێکی ئامریکایی: دوای پاکسازی داعش نۆرەی پاکسازی میلیشیاکانی ئێرانە

15:04 - 3 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ژنراڵ جەک کین دەڵێ ئێران دەیهەوێ دەستی بگاتە مەدیتەرانە و ڕێگایەک بۆخۆی بکاتەوە بۆیە دەبێ دوای شەڕی داعش پاکسازی کرێن.

ژنرال جەک کین، جێگری سەرۆکی پێشوی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنی فاکس نیوز وتی دوای کۆتایی هێنان بە داعش لە سوریە دەبێ میلیشیاکانی ئێران لەو وڵاتەدا پاکسازی بکرێن.

ژنراڵ جەک کین لەم وتووێژەدا هۆشداری خۆی لەهەمبەر میلیشیاکانی ئێران ڕاگەیاندووە و وتوویەتی دەبێ دەستی ڕێژیمی ئێران لە سوریە کورت بکرێتەوە دەنا ئەو ڕێژیمە لە ڕێگای عێراق و سوریە و لوبنانەوە ڕێگا بۆخۆی دەکاتەوە تاکوو دەستی بگاتە زەریای مەدیتەرانە.

ئەو فەرماندەیەی پێشووی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا وتوویشیەتی: ڕێژیمی ئێران بە تەمای داڕشتنی بەرنامەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی سوریەدا و دەیهەوێ تەواوی ئەو ناوچانە بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.

جەک کین ئەوەشی زیاد کرد کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ دوای شەڕی داعش بە پشتیوانی روسیە و هێزی زەوینی بەشار ئەسەد لە گۆڕەپانەکە بمێنێتەوە، هەر بۆیە دەبێ دوای شەڕی داعش و کۆتایی هێنان بە ئەوان میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە کە زیاتر لە دە هەزار کەسن پاک کرێنەوە.

هەر لەو پەیوەندیەدا ڕێکس تەیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئامریکا چەند ڕۆژ پیش ئیستا و لە سەفەرەکەیدا بۆ عێراق ڕایگەیاندبوو دەبێ میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران بچنەوە ماڵەکانی خۆیان و لە عێراقدا نەمێنن.

دیارە ئامریکا لە ساز بوونی پشتوێنی شیعە لە ناوچەکەدا نیگەرانە و هەر بۆیە لە هەوڵی گشتگیردان تا ئەو میلیشیایانەی سەر بە تاران لە عێراق و سوریە دەرکەن.

هەوڵدانی ڕێژیمی تاران بۆ پەلهاویشتنی زیاتر لە ناوچە و جیهان لە چوارچێوەی دۆکتۆرینی هەناردەکردنی شۆرش خۆیان دەبیننەوە کە خومەینی باسی لیوە کرد و دەستی تێرۆریستەکانی بۆ ئەنجامدانی هەموو جموجۆڵێکی نایاسایی ئاوەڵا کرد.