کوردستان میدیا

دووشەممه 4ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنراڵ کین: دەبێ ناتۆی عەرەبی بە دژی ئێران پێک بهێنین

13:48 - 3 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: جێگری پێشووی ستادی هاوبەشی هێزە زەوینییەکانی ئەرتەشی ئامریکا، لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران، باسی لەوە کردووە کە دەبێت ناتۆی عەرەبی پێک بێت.

ژنراڵ جەک کین، لە وتووێژێکدا لەگەڵ فاکس نیوز سەبارەت بە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە بە تایبەت سووریە و یەمەن، کە کارەساتی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە ئەو ڕێژیمە لە بەرامبەر وڵاتە عەرەبییەکان گەورەترین هەڕەشەی ستراتێژیکە و ئامریکا دەبێت هاوپەیمانییەتی عەرەبی بکاتە ئەندامی ناتۆ یان ناتۆی عەرەبی پێک بهێنێت.

جێگری پێشووی ستادی هاوبەشی هێزە زەوینییەکانی ئەرتەشی ئامریکا، باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران، روسیەی هێناوەتە سووریە و ئەو ڕێژیمە بە ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە بووەتە هۆی ناسەقامگیری و کارەساتی ئینسانی و دەبێت لە بەرامبەریدا ڕاوەستین.

وڵاتانی ناوچە لە بەرامبەر کردەوەکانی ئێران و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتەکانیان لە لایەن ڕێژیمی ئێران و پاڵپشتی کردنی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە تێرۆریستییەکان، زۆرجار ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە و داوایان لە ئێران کردووە کە دەست لە ناسەقامگیرکردنی ناوچە هەڵگرێت؛ ئەم لایەنانە پێکهێنانی هاوپەیمانییەتی عەرەبی بۆ پێشگرتن لە دزە کردنی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە بە گونجاوترین ڕێکار دەزانن.