کوردستان میدیا

دووشەممه 28ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنە پێشمەرگە و هاوسەری شەهیدێكی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان كۆچی دوایی كرد

15:38 - 11 خەزەڵوەر 2716

كوردستان میدیا: ژنە پێشمەرگەیەكی دێرین و هاوسەری شەهێدیكی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان بە هۆی نەخۆشییەوە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری كرماشان كۆچی دوایی كرد.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەلما قوبادی ژنە پێشمەرگەی دێرین و هاوسەری شەهید فەتاح فەتاحی، خەڵكی ناوچەی زەردۆیی سەر بە شارستانی پاوە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، پاش ماوەیەك گیرۆدەبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە، لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای كرماشان كۆچی دوایی كرد.

دادە سەلما قوبادی، كچی خوالێخۆشبوو میرزا ئەحمەد قوبادی، ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی لە ئاوایی ڕوانی ناوچەی زەردۆیی چاوی بە دنیا هەڵێنا. لە ساڵەكانی پاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هێرشی دڕندانەی ڕێژیم بۆ سەر كوردستاندا، وێڕای هاوسەرەكەی تێكەڵ بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوو و لە ڕۆژە سەختەكانی خەبات و بەربەرەكانێ دژ بە داگیركەران، لە ڕیزی پێشمەرگەكاندا سیمایەكی ئیلهامبەخش و كەسایەتییەكی دڵسۆز و خۆشەویست و جێگەی ڕیز و متمانەی هاوسەنگەرانی بوو.

دادە سەلما وەكوو كەسایەتییەكی خۆشناو لە نێو خەڵكی ناوچەی زەردۆیی و ناوچەكانی دەوروبەریدا جێگەی ڕێز و خۆشەویستیی كۆمەڵانی خەڵك بوو. ئەو ژنە تێكۆشەرە لە دوایین ساتەكانی ژیانیدا ڕایگەیاندبوو كە هەمیشە خۆی بە پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران زانیوە و داوای كردبوو پەیامی پشتیوانی و وەفاداریی ئەو بە تێكۆشەرانی حزبی دێموكرات بگەیەنن.

شەهید فەتاح فەتاحی، پێشمەرگەی قارەمانی هێزی شاهۆی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هاوسەری دادە سەلما، لە ڕێكەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە تێكهەڵچوونێكدا لە ئاوایی دشەی ناوچەی هەورامان، بە دەستی بەكرێگیراوانی ڕێژیمی داگیركەری كۆماری ئیسلامی شەهید كرا و چووە ڕیزی كاروانی سوورخەڵاتانی ڕێگای ڕزگاریی نیشتمان.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی بەداخبوونی خۆی لە كۆچی دوایی دادە سەلما قوبادی، یادی ئەو ژنە تێكۆشەرە بەرز و پیرۆز ڕادەگرێت و بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو و خەڵكی نیشتمانپەرەوەری ناوچەی زەردۆیی دەكات و خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێت.