کوردستان میدیا

دووشەممه 28ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژێئۆپۆلیتیک و کورد

21:39 - 14 بانەمەڕ 2718

ئەلبورز رۆئین تەن

پێشەکی


لە کاتێکدا بە دوای هۆکاری ڕووداوەکانی ئەمڕۆی کورد و چەوسانەوەی دەگەڕێی و لاپەڕەکانی مێژوو هەڵددەیەوە، سەرنجی ئەوەیکە فاکتەرێکی سەروی گرفتە ناوخۆییەکان زۆر کاریگەری هەبووە بۆ من سەرنج ڕاکێشە. 

پێم وایە ئەو بابەتەش کەمتر لە نێو کورددا خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە ئەویش ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەیە. واتە کاریگەری جوغرافییەکەمان لە نەهامەتییەکەمان جوێ نییە چونکە بە ڕوونی دیارە بەشێکی بەرچاوی دونیا لەو ناوچەیە خاوەن بەرژەوەندییە، وڵاتانی ناوچەش هەر بەو شێوەیە هەوڵی زیاتر کردنی هێژمۆنیان دەدەن. لە گۆڕەپانێکی وەها پڕ لە ئەکتەردا خوێندنەوەی ئەوەی چی روودەدات سەرەتای کارکردنە بۆ ئەوەی ببی بە بەشێک لە هاوکێشەکان و دواتریش هەوڵی ئەوە بدەی لەو هاوکێشانەدا بە ئامانجی خزمەتی نەتەوەکەت کەڵک وەرگری. لەو سۆنگەیەوە ئەو نووسراوە هەوڵی ئەوە دەدات شی بکاتەوە کە ئەو پاوانخوازییە لەلایەن زلهێزان و وڵاتانی ناوچە بنەمایەکی زانستی یان شێوە ڕوانینێکی زانستییانەی لە پشتە هەر بۆیەش روانینی زانستی بۆ جوغرافیەکەمان بۆ گۆڕینی مەترسی بە دەرفەتەکان پێویستە؛ بە تایبەتی ئەگەر کورد بی و خاوەنی مێژوویەکی درێژی نەهامەتییەکان.

"سیاسەتی هەر وڵاتێک لە جوغرافیاکەی دایە" 
ناپلئۆن بۆناپارت

پێناسە


لە پێناسەی جوغرافیادا زۆر بابەت گوتراون بەڵام دوکتور محەممەد گەنجی بەو شێوەیە پێناسەی دەکات: "جوغرافیا ئەو بەشە لە زانستی مرۆڤە، کە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی، ناوچەی جیاوازی زەوی و بڵاوبوونەوەی دیاردە جوراوجۆرەکانی ئاستی زەوی بە سروشتی و مرۆڤی لە خۆ دەگرێت، هەروەها باس لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگەکەی کە هۆکاری دروست بونی دیاردەکانی مرۆڤین و پەیوەندی نێوان دوو لایەنەی دیاردەکانی سەرەوە دەکات". هەروەکوو لەو پێناسە زانستییەدا دەردەکەوێ جوغرافیا ڕۆڵێکی گرنگی لە ژیان و پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا هەیە. 

جوغرافیای سیاسی وەکوو لقێکی بەشی مرۆڤی زانستی جوغرفیا هەژمار دەکرێت. زۆربەی زانایان کاریگەری بڕیاری سیاسی لە سەر یەکەی جوغرافی یان ناوچە یان وڵات وەکوو پێناسەیەک بۆ جوغرافیای سیاسی بە کار دێنن.

ژئۆپۆلیتیک کە لە کوردیدا هەندیک جار بە جیۆسیاسی ناو دەهێنرێت کاریگەری هەڵکەوتەی جوغرافی لە سەر بڕیاری سیاسی تاوتوێ دەکات. 

بۆ یەکەم جار ئەو وشەیە لە لایەن سیاسەتوانی سویدی رودۆڵف کیلێن" Rodolf Killen" لە ساڵی ١٨٩٩ بە کار هاتووە. بە باوەری کیڵێن بۆ لێکۆلینەوە لە جوغرافیای سیاسی وڵاتێک دەبێت بەو شێوەیە دابەش بکرێت. ژئۆپۆلیتیک"Geopolitik " وەکوو خوێندنەوەی جوغرافیای سیاسی وڵات، دێمۆپۆلیتیک"Domopolitik" وەکوو خوێندنەوەی حەشیمەتی وڵات، ئێکۆپۆلیتیک "Oecopolitik" وەکوو سەرچاوەی ئابووریی وڵات، سۆسیۆپۆلیتیک "Sociopolitik" وەکوو خوێندنەوەی باری کۆمەڵناسی وڵا، کراتۆپۆلیتیک "Karato politik" وەکوو خوێندنەوەی بارودۆخی حکومەتی وڵات.

زۆربەی بیرمەندانی بواری ژێئۆپۆلیتیک پێناسەی ئەو لقە لە زانستیان کردووە. هەر بۆیەش هەندێک جار پێناسەی جیاوازیش دەبیندرێت. دوکتور محەممەد حافزنیا مامۆستای زانکۆی "تربیت مدرس" لە بابەتێکی زانستیدا کە لە وەرزنامەی لێکۆڵینەوەکانی جوغرافیاییدا چاپی کردووە وێڕای ئاماژە بە ١٩ پێناسە و شیکردنەوەیان بە مەبەستی لەخۆگرتنی هەموو لایەنەکانی ئەو لقە لە زانست، پێناسەی "ژێئۆپۆلیتیک بریتییە لە خوێندنەوەی پەیوەندی دوو لایەنەی نێوان جوغرافیا، دەسەڵات، سیاسەت" داناوە.

بەو پێناسەیە ژێئۆپۆلیتیک بەشێکی گرنگ لە سیاسەتی دەوڵەتان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی لەخۆ دەگرێت و شی دەکاتەوە کە چۆن ناوچەیەکی دیاریکراو گرنگی پەیدا دەکات و کاریگەری لەسەر سیاسەتی هێزێکی ناوچەیی و سەرووناوچەیی دادەنێت. خوێندنەوەی زانستی و شیکردنەوەی سیاسەتی زلهێزان و وڵاتان، پێویستی بە هەبوونی زانیارییەکی پتەو و زۆر لە ژێئۆپۆلیتیک هەیە. بنەمای سەرکەوتن لە چالاکی سیاسی یان لەوە گرنگتر شۆڕش کردن بۆ بە دەست هێنانی مافی نەتەوەیەک کە لە ناوچەیەکی وەکوو ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەژیت، هەبوونی ئەو خوێندنەوەیە. ئەو بابەتە کاتێک گرنگی زیاتر پەیدا دەکات کە ئەم نەتەوەیە کورد بێت و ناوچەکەش ڕۆژهەڵاتی ناڤین بێت.

مێژووی ژێئۆپۆلیتیک

ژێئۆپۆلیتیکیش وەکوو زۆربەی لقەکانی زانستی خاوەنی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی خۆیەتی. ئەگەر زانستی جوگرافیا یان سیاسەت یان پەیوەندی ئەم دووانە لە گەڵ یەکتر باس بکەین لە نووسین یان گوتاری زۆر کۆنی بیرمەندان یان حوکمڕاناندا دەبینینەوە، هەروەها بەردەوام بابەتی جێگای باس بووە تا سەردەمی ئێستاش باسێکی گەرمی ناوەندە سیاسی و لەشکری و ئاکادمییەکانە. 

ریشەی فکری تیۆرییەکانی ژێئۆپۆلیتیکیش وەکوو لقێکی زانستی لە هزری ئەو بیرمەند و حوکمڕانانە سەرچاوەیان گرتووە، بەڵام ئەگەر بە ڕوونی باس لە بەکارهێنانی تیۆری ژێئۆپۆلیتیک وەک بنەمایەک بکەین زیاتر لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەوە بە بەکارهێنانی وشەی ژێئۆپۆلیتیک لە لایەن رۆدڵف کیڵێن"Rudolf Kjellén" و هەروەها نووسینەکانی فرێدریش راتزێلی ئاڵمانی " Friedrich Ratzel"دەست پێ دەکات.

کێبەرکێی دەسەڵات بۆ دەست بە سەرداگرتنی خاکی زیاتر یان پاراستنی دەسەڵات و خاک لە هێرشی ئەوانەی کە دیانهەوێ خاکی زیاتر داگیر بکەن، یان لانیکەم سەپاندنی هێژمۆنی خۆیان بە سەر هەرێمەکان بە مەبەستی دابین کردنی بەرژەوەندی جۆراوجۆر، پێویستی بە تیۆری زانستی هەیە کە بتوانێت ڕێگای سەرکەوتن لەو کێبەڕکێیەدا فۆرمولە بکات. 

هەر بەو مەبەستەش لە ڕابردوو و ئێستاشدا چەندین تیۆری لەلایەن جوغرافیزانان یان سیاسەتوانان داڕێژراوە کە بووەتە بەرنامە و سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە، ئەو سیاسەتانە کە پەیوەندی و کاریگەری جوغرافیاییان لە سەر هەبووە وەک مێژووی ژێئۆپۆلیتیک باسی لێوە دەکرێت. 

ئاڵمانی نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدە زۆر بەهێز ببوو و توانیبووی خاکێکی زۆر بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی کە ئەمە کاریگەرییەکی زۆری بە سەر ئەو لقە لە زانستدا هەیە. هەر وەکوو دکتۆر سەمرا رەنا لە تێزەکەی بۆ گرنگیپێدان بە ژێئۆپۆلیتیک لە چوارچێوەی تیۆری پەیوەندی نێونەتەوەیی نوسویەتی:" بە گوێرەی بیرۆکەی هزرمەندان و مێژوو وشەی ژێئۆپۆلیتیک یەکسەر ئاڵمان وەبیر دێنێتەوە، بۆ زۆرێک لەوان زانستێکی ئاڵمانییە لە ئاڵمان دروست بوو، لە لایەن ئەوانیش بە کارهات." لە ئا‌ڵمانیش فردریش ڕاتزل " Friedrich Ratzel" ڕۆڵێکی گرنگی لە هێنانە بەر باسی ئەو زانستە هەبوو. راتزل بەرهەمێکی زۆری سەبارەت بە جوغرافیای سیاسی نووسی. 

ئەو لە کتێبی جوغرافیای سیاسی کە لە ساڵی ١٨٩٧ دا بڵاو بووە هەندێک یاسای خستە بەر باس کە ئیدعای دەکرد یاساکانی سروشتی ڕێکخەری گەشە و بەرەوپێشچونی هەرێمی حکومەت وەک هەبوونێکی دیاریکراون یان بە شێوەیەکی تر ئەو لەو کتێبەدا خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ حکومەت دەکات. راتزل بە بەکارهێنانی تیۆرییەکانی داروین، حکومەت وەک بوونەوەرێکی زیندوو خەیاڵی دەکرد. هەر وەکوو بونەوەرەکانی زیندوی تر بۆ خواردن پێویستی بە ڕێژەیەکی تایبەت لە زەوی هەیە. ئەو هەرێمی بە لبنسرم"Lebensraum" (فضای حیاتی) بونەوەرێکی زیندووی تایبەت ناوی لێنا".١ بەرهەمەکانی راتزل بە ئەندازەیەک شوێندانەری لە سەر ئاڵمانی ئەو کات دانا کە ڕووداوەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمی ئەورووپا و ئاڵمان تەنانەت توندوتیژییەکان و نازیسم بە لێکەوتەی بیرۆکەکانی ئەو کە سەرچاوەیان لە دەوڵەت تەوەر بوون و داروینیزمی کۆمەڵایەتی وەرگرتبوو دەزانن.

رودۆڵف کیڵێن " Rudolf Kjellén " کە بۆ یەکەم جار وشەی ژێئۆپۆلیتیکی بە کارهێنا بە یەکێکیتر لە زانایانی کاریگەری بواری جوغرافیای سیاسی و ژێئۆپۆلیتیک دەناسرێت. "ئەو باوەڕی وابوو کە لاقەکانی ژێئۆپۆلیتیک بە مانای وشە لە سەر زەوییە، ژێئۆپولیتیک نە چوارچێوەی یاسای هەیە نە ئایدیالیستییە بەڵکوو ڕێئاڵیستییە، کیڵێن لە سەر بنەمای تیۆری ئۆرگانی بوونی وڵاتی راتزل جەختی لە وڵات وەکوو ئۆرگانیزمێکی بایلۆجی وجوغرافی دەکردەوە. کاتێک نووسینەکانی ئەو بە ناوی (The State as a Life-Form) لە ساڵی ١٩١٦ بڵاو بوویەوە زۆر خوێندرایەوە و کاریگەری بەهێزی لە سەر ئاڵمان دانا و ژێئۆپۆلیتیکیش زیاتر مانایەکی ئیدیۆلۆژی پەیدا کرد." ٢

کارل هاوس هافر” karl Haushofer” ژێنراڵ و لە هەمان کاتدا سیاسەتوان و زانای جوغرافی ئاڵمانی و ئەندامی نازییەکان بوو؛ دوای جەنگی جیهانی یەکەم بە هەبوونی شوێندانەری ڕاتزل و کیڵێن بۆ ئەوەی ئاڵمان بتوانێت هێزی خۆی بە دەست بێنێتەوە ستراتیژی داگیرکردنی وڵاتانی تری بۆ هیتلێر داڕشت. هاوس هافر بریتانیای بە دوژمنی سەرەکی ئاڵمان دادەنا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنیش لە تیۆری الفرید مەکیندەر بە ناوی هارتلەند واتە دڵی دونیا کەڵکی وەرگرت.

هالفۆرد مەکیندر"Halford Mackinder" بیرمەندی بریتانیایی یەکێکیتر لە ژێئۆپۆلتیستە هەرە بەناوبانگەکانە کە تا رادەیەکی زۆر کاریگەری لە سەر سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا هەبوو. " چوارچێوەی سەرەکی تیۆری مەکیندەر لە وتارێکی ١٧ لاپەڕەییدا بە ناوی تەوەری جوغرافیای مێژوو (the Geographical pivot of history) لە ئاپریلی ساڵی ١٩٠٤ بڵاوی کردەوە. ئەو بۆ یەکەم جار شی کردەوە کە ناوچەی ئۆراسیا ناوچەی دڵ یا دڵی زەوییە چونکە کاریگەری لە سەر باڵانس و ئاسایشی دونیا هەیە. وڵاتێک کە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بکات ڕۆڵێکی شوێندانەری لە دونیادا دەبێت."٢
تیۆرییەکەی مەکیندەر کە بە هارتلاند ناسراوە دونیا بە سەر وشکایی و ئاوەکان دابەش دەکات. کۆنترۆلی ناوچەی وشکایی کە لە دەریا دوورە بە بنەما وەردەگرێت. ئەو بابەتە بۆ بریتانیا کە لە پەراوێزی ئەورووپادایە گرنگییەکی زۆری هەیە. هەروەها زۆر بە روونی گرنگی و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ژێئۆپۆلیتیک لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان دەسەلمێنێت.

"ئالفرێد ماهان " Alfred Thayer Mahan" ئەو ئەفسەرەی هێزی دەریایی ئەمریکا و مێژووناس کە لە کۆلێژ دەرسەکانی لە کتێبێک لەژێر ناوی کاریگەری هێزی دەریایی لە سەر مێژوو(Influence of Sea Power upon History, 1660–1783) بڵاو کردەوە. لە کتێبەکەیدا باوەڕی وابوو کە هێزی دەریایی گرنگی و سەرتربونی لە سەر وڵات هەیە. هەروەها بەهێزبوونی هێزی دەریایی دەبێتە پرەنسیپێکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەدا. 

بەرهەمی ماهان لە کاتێکی کەمدا لەلایەن بریتانیا و ئاڵمانییەکان خوێندرایەوە. هەروەها پێشتریش لە ساڵی ١٩٠٤ لە لایەن مەکیندر کەمێک سەرنجی دونیا بۆ لای هێزی دەریاییەوە کێشرابوو. هەر دوو وڵاتی ئاڵمان و بریتانیا و هێزەکانی تر تیۆرییەکانی ماهانیان بۆ هێزی دەریایی بەهەند وەرگرت. کاریگەرییەکەی بووە هۆی دروست کردنی هێزی دەریایی لە ساڵەکانی پێش جەنگی جیهانی یەکەم. بە تایبەتی لە لایەن ژێئۆپۆلیستە ئەڵمانییەکان بە گرنگییەوە باس لە تیۆرییەکانی ماهان کرا تا ساڵەکانی شەری سارد. ماهان بەرگری لە یەکیەتی لەگەڵ بریتانیا بۆ دروست کردنی باڵانس لە ئۆراسیا دەکرد."٢

بیرکردنەوە بۆ پاراستنی هێزی کۆلۆنیالی و هەبوونی توانایی گواستنەوە و جووڵە لە دەریاکان بە مەبەستی هەبوونی هێژمۆنی زیاتر بە سەر دونیا یەکێک لەو هۆکارانە بوون کە تیۆرییە ژێئۆپۆلیتیکییەکان دەرکەوتون کە ئێستاش بە جۆرێک لە لایەن سیاسەتوانان و داڕێژەرانی ستراتێژی درێژماوە یا کورتماوە جێگەی بایەخن. 

داڕشتنی ستراتێژی بۆ داگیرکردن یا ئارەزووی کۆنترۆڵی دونیا بووە هۆی لە دایک بوونی یەکێکی تر لە تیۆرییەکانی تری کاریگەر لە بواری ژێئۆپۆلیتیک. 

نیکۆلاس سپایکمەن "Nicholas Spykman" کە بە ڕەگەز ئاڵمانییە بەڵام لە ئامریکا دەژیا بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆرییەکانی مەکیندەر و ماهان هەندێک هەڵکەوتەی جۆغرافی گرنگی دەست نیشان کرد کە کۆنترۆڵی ئەو شوێنانەی بە مەرجی زلهێزبوونی ئامریکا زانی. " سپایکمەن لەو باوەڕەدا بوو کە جوغرافیا لە گرنگترین فاکتەرەکانی سیاسەت لە دونیادایە. ئەو پەیوەندی پێشکەوتووی نێوان جوغرافیا و سیاسەتی دەرەوەی دروست کرد و باوەڕی وابوو کە ئەندازە، هەڵکەوتەی جوغرافی لە دونیا، هەڵکەوتەی هەرێمی لە سیاسەتی دەرەوەدا کاریگەرییەکی زۆریان هەیە کە بژاردەی جوراوجۆر بۆ وڵاتێک دیاری دەکات لەوانەیە لە رێگەی سیاسەتی دەرەوە هەڵبژێریت هیچ وڵاتێک ناتوانێت ئەو گرنگییە لەبەرچاو نەگرێت."٢ 

تیۆریەکەی سپایکمەن بە ریملەند "rimland" دەناسرێت، لە هیلال دەرونی هارتلەندی مەکیندەر کەڵکی وەرگرت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە ناوچەکانی نزیک کەنارئاوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دوور و نزیک و ناوەڕاست گرنگییەکی زۆریان هەیە کۆنتڕۆڵیان دەبێتە هۆی کۆنترۆڵی دونیا.

ژێئۆپۆلیتیک لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانیشدا هەر جێگای سەرنجی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان بە تایبەتی زلهێزەکان بوو. لە ساڵی ١٩٤٦ جۆرج کەنن" George Kennan" باڵوێزی ئامریکا لە مۆسکۆ لە تێلگرافێک کە بە تێلگرافی درێژ "long telgram" ناسراو بووە سەرچاوەی داڕشتنی سیاسەتێکی نوێ لە نێوان ئامریکا و رووسیە تەنانەت ئەو سیاسەتە دونیای لە سەر دوو جەمسەر دابەش کرد. هەر یەک لەو جەمسەرانە بۆ ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵی زیاتر بە سەر دونیادا بکەن لە تیۆرییەکانی ژێئۆپۆلیستەکان زۆر کەڵکیان وەرگرت بە جۆرێک کە " بۆچوونەکانی کەنن بووە کاکڵی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا بەرانبەر بە یەکیەتی سۆڤیەتی؛ کاتێک کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەی (NSC) سیاسەت جیهانی دژایەتی لە گەڵ کۆمۆنیستی راگەیاند".٢ بەردەوامی هەبوونی چالاکی ئەو هێزانە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەتوانرێت بەو تیۆرییانە شی بکرێتەوە.
تا ئەمڕۆش کە ململانێ نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە بۆ هەبوونی هێژمۆنی زیاتر بە سەر دونیا زانستی ژێئۆپۆلیتیک هەر وا رۆڵی گرنگی خۆی دەگێڕێت. تەنانەت لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆی ناوچەش ئەو بابەتە زۆر بە زەقی دیارە. بۆ نمونە مێزی شەترەنجی برژنسکی، بیرۆکەکانی کیسينجر وەزیری دەرەوەی پێشووی ئامریکا بە تایبەتی لە ناوچەدا، شەڕی شارستانییەتەکانی هانتینگتۆن یان کۆتایی مێژووی فۆکۆیاما یان پلانەکان هێژمۆنی ئامریکا بە سەر کەنداوی فارس، گرنگی سووریە بۆ رووسیە بۆ هەبوونی هێژمۆنی بە سەر دەریای ناوەڕاست هەموی بە جۆرێک بەرهەمی زانستی ژێئۆپۆلیتیکین. تەنانەت ڕوانگەی نوێ وەکو ژێئۆپۆلیتیکی رەخنەیی یا ژێئۆپۆلیتیکی پۆست مۆدێرن هەروەها ئەنستیتۆی جیاوازی لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە ژێئۆپۆلیتیک بەردەوام لە گەشەی ئەو زانستەدا کاریگەرییان هەیە. 

بەڵام ئەوەی ئێمە کەمتر بەرچاوی دەگرین خوێندەوەی هەڵە یا هەر نەبونی ئەو خوێندنەوەیە بۆ سیاسەت کردن لە ناوچەیەکی وەهادا چونکە ئەگەر ئێمە نەتوانین ئەو بابەتە بە درووستی شرۆڤە بکەین ناتوانین سیاسەتی وڵاتانی ناوچە و دونیا لە ڕاگەیاندنەکان یان لە زاری چەند بەرپرس کە بەردەوام بابەتگەلێکی دڵپەسەند دێنە زمان تێبگەین. 

پێگەی ژێئۆستراتێژی ڕۆژهەڵاتی ناڤین

وشەی رۆژهەڵاتی ناڤین یەکەم جار لە لایەن ئالفێرد ماهان ئەفسەری هێزی دەریایی ئامریکا لە ساڵی ١٩٠٢ بە کار هێنرا. مەبەستی ماهان لەو وشەیە ئەوە بوو کە ئەو ناوچەیە بە نیسبەت رۆژئاوا دەکەوێتە نێوان ڕۆژهەڵاتی دوور واتە هێندوستان و رۆژهەڵاتی نزیک واتە ناوچەکانی ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی. هەروەها دواتر ئەو وشەیە بە فراوانی باسی لێکرا و وەک ناوچەیەکی گرنگ سەیر کرا. هیچکات سنوورێکی دیاریکراو بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین دیاری نەکراوە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بە وڵاتانی باشووری رۆژئاوای ئاسیا و هەروەها باکووری ئافریقا دەگوترێت. رۆژهەڵاتی ناڤین بە گوێرەی گرنگی و هەڵکەوتەی جوغرافی بە نێوەڕاستی دونیاش دادەنرێت. کوردستان وەک نیشتمانی کوردان دەکەوێتە نێوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە نێوان چوار وڵاتی گرنگی رۆژهەڵاتی ناڤین واتە تورکیە و ئێران و سوریە و عێراق.

هەڵکەوتەی جوغرافی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کە دەکەوێتە نێوان سێ قاڕەی ئاسیا و ئافریقا و ئەورووپا بە گوێرەی تیۆرییەکانی زۆربەی بیرمەندانی ژێئۆپۆلیتیک جێگای سەرنج بووە تەنانەت هەندێک جار بەشی سەرکی تیۆرییەکان بووە هەر بۆیەش بەردەوام جيگای بایەخ و مشتومڕی وڵاتانی کۆلۆنیالی و زلهێزان بووە. 

بە گوێرەی بۆچونی مەکیندەر رۆژهەڵاتی ناڤین دەکەوێتە هیلالی ناوەوە بۆ هارتلاند زۆر گرنگە. بە گوێرەی بۆچونی ماهان بە هۆی هەبوونی کەنداوی فارس و زۆر گەرووی گرینگی وەک بوسفۆر و هۆرمۆز گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە تیۆری ریملاندی سپایکمەنیش رۆژهەڵاتی ناڤین بە هۆی هەبوونی ناوچەی زۆری نێوان وشکی و ئاوی گرنگییەگی زۆری هەیە. بە گوێرەی سیاسەتی نێونەتەوەیی ئێستاش ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە هەبوونی هێژمۆنی بە سەر دونیادا.

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەکوو بێشکەی شارستانیەتەکانی مرۆڤایەتی هەبوونی چەندین ئایین و زمان و کەلتوری جیاواز لە لایەک بە دەوڵەمەندترین سەرمایەی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە لایەکیش هەڵگری زۆر ململانێی ناوچەییە.

هەڵکەوتەی جوغرافیاییەکەی لە چاخی کۆلۆنیالیستی، لە کاتی شەڕە جیهانییەکاندا، لە شەڕی سارد و دواتریش بە هۆی هەموو هاوکێشەکانی ژئۆپولتیکی و وزە، سەنتەری بایەخی سیاسەتی زلهێزان بووە، هەروەها ئەکتەرەکانی ناوچەش بە هەبوونی بەرنامەی خۆیان کە زۆرجار دژایەتی یەکتر دەکەن و هەندێک ئەکتەری ماف لێ زەوتکراو بە سەنتەری ڕووداوەکانی دنیاش دەزانرێت.

بە گوێرەی ئامارێک کە لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوبۆتەوە، "ڕۆژهەڵاتی ناڤین خاوەنی ٥٧،٤ لەسەدی سەرچاوەی نەوتی دیتراوەی هەموو دنیایە، هەروەها ٤٢،٣ لەسەدی گازی دنیاش لەو ناوچەدایە"٣
تەنیا ئەو تابلۆیە گرنگی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ هەموو هێزێک نیشان دەدات بەتایبەتی لە دنیای نوێ کە کێبڕکێ ئابوورییەکان بۆ بوون بە دەوڵەتی خاوەن ئابووریی بەهێز زۆر بە جیددی لە ئارادایە.

لە ڕوی ستراکچێری دەوڵەتەکانی ناوچە خاوەنی دەوڵەتی لە حاڵی پێشکەوتن و زۆربەیان خاوەنی سیستمی دیکتاتۆری یا دێموکراسییەکی زۆر لاوازن. ململانێی ناوچەی ئەو وڵاتە دیکتاتۆرانە و هەوڵی زلهێزان بۆ هەبوونی هەژمۆنی، هەروەها بوون بە بازاڕی چەکی دنیا ڕۆژهەڵاتی ناڤینی نائارام و پڕ لە ئاڵۆزی کردووە. واتە بەشێکی بەرچاوی داهاتی سامانی ئەو وڵاتانە کە وەک دیارییەکی سروشت بۆ خەڵکی ئەو ناوچە هەژمار دەکرێت، لە قالبی چەکدا بۆ ململانێیە ناوچەیییەکان و شەڕەکان دووبارە دەدرێت بە رۆژئاوا و ڕووسیە و چین. ئەوەش وەک سەرچاوەی بەشێک لە بەرەژەوەندی و کێبڕکێی زلهێزەکان لە ناوچەدایە. 

کورد وەکوو یەکێک لە گەورەترین نەتەوە بێدەوڵەتەکان لەو ناوچەدایە، کە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی دەبێت بە جۆرێک بەرەو ڕووی هەمووی ئەو هاوکێشانە ببێتەوە یا دۆست بۆ دابینکردنی لۆجیستیکی شۆڕش پەیدا بکات، کە دووربوون یان نەگەیشتن بە دەریای ئازاد ئەو دەرفەتەی لێ ئەستاندووە.

هەر بۆیە خوێندنەوەی زانستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ژئۆپۆلتیک و ڕۆڵی وڵاتانی وەکوو ئێران کە یەکێک لە کاراکتەرانی سەرەکی ئەو ناوچەیە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، چونکە نەبوونی ئەو خوێندنەوەیە فاکتەرێکی شکستەکان هەژمار دەکرێت.

ڕۆڵ و پێگەی ئامریکا

ئامریکا بە هەبوونی دەیان پایگای لەشکری گەورە و بچووک کە فرۆکەخانە و ناوەندی ڕاهێنان و هەروەها هەبوونی بەشێکی بەرچاوی هێزی ٥ ی دەریای ئامریکا لە بەحرین و کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکانی لە ناوچەدا وێڕای کۆنترۆڵی گواستنەوەی سەرچاوەی وزە و کاریگەرییەکی زۆری لە بارودۆخی ناوچەدا هەیە. هۆکاری زۆربەی شەڕەکانی ئەو ناوچەش بۆ پاراستن یا سەپاندنی زۆرتری هەژمۆنی بووە. بەتایبەتی لە دنیای دوو جەمسەری یان تاک جەمسەری و یا یەک جەمسەری بەهێز و چەند جەمسەری بچووکتر ئامریکا لایەکی هاوکێشەکەیە، یەکێک لەو فاکتەرانەی کە بووە هۆی ئەوەی ئامریکا لە سەدەی ڕابردوودا وەک لایەکی بەهێزی هاوکێشەکە بمێنێتەوە کاریگەری بە سەر ئەو ناوچەیەیە.

ڕۆڵ و پێگەی ئەورووپا

ئەورووپا ڕابردوویەکی کۆنی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە، تەنانەت بەشێکی بەرچاوی گرفتەکانی ئێستاش بەرهەمی سیاسەتە کۆلنیالیستەکانی ئەورووپایە، کە زیاتر لە هەر نەتەوەیەک کورد قوربانی ئەو سیاسەتە بووە، زۆربەی ڕێککەوتنەکان دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت دروستکردنی وڵاتی جۆراوجۆر لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەوان بووە. ئێستاش ئووروپا نزیکەی ٥٠ لەسەدی پێداویستییەکانی وزەییی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابین دەکات، کە ئەو رێژەیە بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە. ئەورووپا زۆر جار لەگەڵ ئامریکا هاوڕا و هاوکارە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵام بە هۆی پێداویستی خۆی و ململانێیەکی نهێنی لەگەڵ ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیەتی. لایەنێکی تری کێبڕکێ نهێنی ئەورووپا و ئامریکا سەیر کردنی ئێران وەکوو بازاڕێکی بێوێنە و کەڵکوەرگرتن لەو بازاڕە تەنانەت بە نرخی چاوپۆشی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانە.

"سەرکەوتن لە شەڕدا، شکست خواردن لە شەڕدا و بۆشایی دەسەڵات و هەبوونی دەوڵەتی لاواز سێ ویستی ئەمپریالیستەکان لە ناوچەکەیە. 

لەو ڕووەوە ئەورووپا کە خۆی بە دۆڕاوی کۆن لە کێبڕکێ لەگەڵ ئامریکا هەژمار دەکات، هەمیشە هەوڵی کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان دەدات". 

بە گوێرەی خوێندنەوەی سەرەوە باشتر دەردەکەوێت کە بۆچی وڵاتی لاواز دروست کراون، تەنانەت دابەش کردنی کوردەکان بە سەر چەند وڵاتیش بۆ لاواز بوونیان هەر بەشێک لەو ستراتیژیەیە.

ڕۆڵ و پێگەی ڕووسیە

ڕووسیەی ئێستە و شەوڕەوی کۆن بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ نزیک بوونەوە و دەستپێڕاگەیشتن بە ئاوەکانی گەرم و کەنداو. داگیرکردنی ئەفغانستان و پشتگیری لە عێراقی سەردەمی سەدام و هەوڵدان بۆ باشتر ڕاگرتنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران خۆی لەو سیاسەتە دەبینێتەوە.

هەموو لایەک باش دەزانن هەبوونی هەژمۆنی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتە هەژمۆنی بە سەر ناوچەیەکی گرنگ و کاریگەر لە هەموو دنیا چونکە زیاتر لە نیوەی سەرچاوەی وزە لەو ناوچەدایە یا بەو ناوچەیەدا تێپەڕ دەبێت.

ئەگەر دەبینین کە کێشەی کورد سەرەڕای ئەوەی لە نرخ و بەهاکان زۆر نزیکە لە نرخ و بەهای رۆژئاوایی وەکوو دێموکراسی و مافی مرۆڤ، بەڵام لە لایەن زلهێزەکان بەتایبەتی ئامریکا کەمتر جێگەی بایەخ بووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا ئێستاش کورد نەیتوانیوە بە شێوەیەکی پێویست فاکتەری هێز یا فاکتەری کاریگەر بە سەر ناوچەیەک بێت یا ڕۆڵی لە بەرهەمهێنانی وزە هەبێت.

ڕۆڵ و پێگەی ئێران

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ دنیا چۆن گرنگە ئێرانیش ئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە هەر ڕوانگەیەک کە سەیری ئێران دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خاوەنی هەڵکەوتەیەکی بێوێنەیە لە باکوورەوە ٦٦٠ کیلۆمێتر لەگەڵ دەریای خەزەر لە باشوورەوە ١٣٥٩ کیلۆمێتر لەگەڵ کەنداوی فارس، ٦٩٧ کیلۆمێتر لەگەڵ دەریای عومان سنووری هەیە، کۆنترۆڵی هەیە بە سەر شوێنی گواستنەوەی نزیکەی ٧٠ لەسەدی وزەی جیهان. لە لایەکی دیکەوە ٣/١٠ هەموو نەوتی دنیا لەگەڵ ٨/١٥ گازی دنیا لە ئێرانە کە دەکاتە ڕیزبەندی دووهەمی دونیا؛ ئەوە تەنیا دوو لە هەزاران سامانیی و دەوڵەمەندیی بێ وێنەی سەرچاوەی سروشتی و هەروەها مرۆڤییە لە ناوچەیەکی وا هەستیاردا.( بە هەموو دەوڵەمەندییەوە بە هۆی حوکمڕانییە بێ داد و تروریستانە جیا لە هەژاری و ستەم شتێکی تری بۆ خەڵکەکەی بەدی نەهێناوە)

ئێران و پێگەی شیعە لە ناوچەدا

بۆ خوێندنەوەی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەدا زیاتر لە هەڵکەوتەی جوغرافی و دەبێ ئێران وەکوو هێزێکی شیعە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ شیعە سەیر بکرێت. چونکە ئەو پەیوەندییە وەکوو بنەمای دەستتێوەردان بۆ ئاڵۆز کردنی ناوچە و نائارام کردنی کەڵک وەردەگرێت. بەجۆرێک کە لە هەر وڵاتێک کە شیعەی هەبێت و لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیدا بن بە شێوەیەکی زۆر تراژیک و دژە مرۆڤی توشی شەڕ و نائارامی بوون. ئێران بە هاوکاری ماددی و لەشکری زۆری گرووپە شیعەکان زۆر هەوڵی سەپاندنی هێژمۆنی خۆی بە سەر ناوچە دەدات. وڵاتانی وەک عێراق و لوبنان و یەمەن نمونەیەکی زۆر بەرچاوی ئەو ستراتیژییەی ئێرانن. لەو وڵاتانەی کە حەشیمەتی شیعە کەمە و ناتوانرێت ببێتە هۆی فاکتەری هێژمۆنی ئێران بە هاوکاری حەشیمەتە کەمە بە دروست کردنی نائارامی هەوڵی نائارام کردنی وڵاتەکان دەدات. بەو شێوەیە سیاسەتی بەرگری لە خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی پەیڕەوی دەکات. تا ڕادەیەک لەو بوارەشدا سەرکەوتوو بووە بەڵام بە چەند هۆکار پێدەچێت کە ئەو سەرکەوتنانە زۆر نەخایەنێت.

یەکەم بە هۆی ئەوەیکە ئێران لە ناوخۆیدا زۆر بە جددی لاواز بووە گەلانی ئێران بە گشتی لە هەر دەرفەتێک دژی سیاسەتەکانی ڕێژیم دەوەستنەوە کە ئەو چەندە وای کردووە وێڕای هەبوونی کاریگەری لە دەرەوە بە هۆی شیعە و بەلارهینانی هێزیکی زۆری مادی بەڵام لە ناوخۆ بە هۆی هەزاران گرفتی دروست بوو هەر لاواز بێت.

دووهەم ئەگەر خاڵی بەهێزی ئێران هەبوونی ژمارەیەک شیعەی ناڕازی لە وڵاتانی ناوچە بێت، ئەوا بزوتنەوەکانی ناسیونالیستی گەلانی بندەست بە تایبەت کورد کە هێزێکی بەرفراوانی جەماوەری و لەشکری هەیە هەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاوی سووننی ژێردەست خاڵی لاوازی ئێران هەژمار دەکرێت.

سێیەم هەڵوەشانەوەی شوڕەوی وەک هێژمۆنی ئیدیۆلۆژی لە ناوچەدا کە فۆکۆیاما بە کۆتایی مێژوو وەسفی دەکات سەلماندی کە ژێئۆپۆلیتیکیک کە لە سەر بنەمای ئیدیۆلۆژی و هێزی لەشکری دامەزرابێت لە ناوخۆش بە دەیان گرفتی هەبێت و لە ڕووی ئابووریش لاواز بێت ناتوانێ سەرکەوتوو بێت، بەردەوام لە رووخانی نزیک دەبێتەوە.

دوو وڵاتی کاریگەری تری وەکوو تورکیە و سعودیە لە هەوڵدان بە تاکتیکی جیاواز بەڵام بە هەمان ئامراز واتە هەبوونی هەستی هاوبەش لە ئایین یان نەتەوە کەڵک وەرگرن، بۆ ئەوەی وێڕای پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی ئێران، هێژمۆنی خۆیان بسەپێنن.

جیاوازی نێوان سعودیە و تورکیە ئەوەیە کە سعودیە بە پشتیوانی ئامریکا ئەو کارە دەکات و تورکیە بە جۆریک هەوڵ دەدات بە گوێرەی بەرژەوەندی لەگەڵ هەموو لایەک ڕێک بکەوێت.

پێگەی کورستان لە ناوچەدا

یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکانی بێ دەوڵەت کە ئێستاش دوای هەزاران ساڵ ژیان لە نیشتمانی خۆیان کوردستان بە دوای دەرفەتێک دەگەڕێن کە تێیدا بتوانن ئەگەر هەمووی مافەکانیشیان نەبێت لانیکەم بەشێک لە مافەکانیان بە دەست بێنن. هەڵکەوتەی جوغرافی کوردستان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانرێت بە هارتلاندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بزانین هەر وەکوو بە گوێرەی بۆچوونی مەکیندەر هارتلاندی دونیا گرنگییەکی تایبەتی هەیە کونترۆل بە سەر ئەو هارتلاندەدا کۆنترۆل بە سەر دونیا دێنێت. لە ناوەڕاست بونی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناڤین دەبێت بە هارتلاندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بشوبهێنرێت کە ئاوا بەو شێوەیە بە درێژایی مێژوو هەر وڵاتێک هەوڵی داگیرکردنی دەدەن. بە خوێندنەوەی مێژووی ناوچە دەردەکەوێ کە ئەو ناوچەیە چەند گرنگی هەیە لە کتێبی کوردوعەجەمی نەوشیروان مستەفادا کە بە وردی هەوڵی شرۆڤەی مێژووی ئەو ناوچەیەی داوە بەم شێوەیە باسی بابەتەکە دەکات:
"بەدبەختی کورد لە گرنگی هەڵکەوتی جوگرافی شوێنی ژیانیدا دەرئەکەوێ هەموو تێکهەڵچوونە مێژوویە گرنگەکان لە سەر ئەرزی ئەو ڕووی داوە.

تێکهەڵچونی داریوشی هەخامەنشی و ئەسکەندەری یۆنانی لە گوگامیلی نزیک هەولێر ۳۳۱ پ ز کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێرانی هێنا و سەرەتای دەسەڵاتی چەند سەدەی یۆنانی بوو لە ناوچەکەدا.

تێکهەڵچونی لەشکری عەرەبی ـ ئیسلامی و لەشکری ساسانییەکان لە جەلەولاو حەلوانی نزیک خانەقین (٦٤۱) کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێرانی هێنا و سەرەتای دەسەڵاتی چەند سەدەیی عەرەبی بوو لە ناوچەکەدا.
تێکهەڵچونی لەشکری عەبباسی و لەشکری ئەمەوی لەسەر ئاوی زێی گەورە (۷٥۰) کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەمەوی هێنا و سەرەتای دەسەڵاتی چەند سەدەی عەبباسی بوو.

تێکهەڵچونەکانی مەغول لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان کە کۆتایی بە دەسەڵاتی عەبباسی هێنا و سەرەتای کوێربونەوەی شارستانێتی ناوچەکە بوو. 

تێکهەڵچونی شا ئیسماعیل سەفەوی و سوڵتان سەلیمی عوسمانی لە چاڵدێران نزیک بایەزید (۱٥۱٤) کە ناوچەکەی تا جەنگی جیهانی یەکەم کردە دوو بەش. هەروەها چەندین پێکدادانی گەورەی خوێناوی لە نێوان هێزەکانی بێگانەدا لە ناو کوردستاندا، وە لە نێوان هێزەکانی بێگانە و خەڵکی کوردستاندا.

هەر یەکێ لەم تێکهەڵچونە گەورانە ئەبێ چ زەرەرێکی گیانی و ماددی بە کورد گەیاندبێ ، بێ ئەوەی دەستی لە هەڵگیرساندن یان کوژاندنەوەیدا هەبوبێ؟

جەنگی جیهانی یەکەمیش هەر بەو جۆرە بەشێکی گرنگی ململانێی هێزەکانی لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناڤین، تێکهەڵچونەکانی لە سەر ئەرزی کوردستان قەوماون. جەبهەی قافقازی شەڕی روسی ـ تورکی هەر بەناو قافقاز بوو ئەگینا ئەگەر مەیدانی تێکهەڵچونەکان و قوربانییەکانی شەڕەکە ڕەچاو بکرایە ئەبوو ناو جەبهەی کوردستان بێت."

نەوشیروان مستەفا بە بەڵگەهێنانەوەی ڕووداوەکانی مێژووی ناوچە کە هەموویان زۆر چارەنووسساز بوون بە جۆرێک چارەنوسی ناوچەیان گۆڕیوە، جوغرافیای کوردستان بە بێ تاوان نازانێت. ئەوە هەمان کاریگەری جوغرافیا لە سەر سیاسەت و دەسەڵات دەگەیەنێت کە بە واتایەکی دیکە ئەوە یەکێک لە پێناسەکانی ژێئۆپۆلیتیکە.

ئەوە تەنیا بەشێکی زۆر کورتی ئەو ڕوداوانەن کە بێگانە لەگەڵ بێگانە بۆ داگیرکردنی کوردستان و ململانێی نێوان خۆی لە سەر خاکی کورد کردوویەتی کە هەندێک لەو ڕووداوانە بە سەدان ساڵ کاریگەرییان هەر ماوە. ئەگەر مێژووی دوور و درێژی خەباتی کورد بۆ گەیشتن بە داخوازەکانی و بەربەرەکانێ لەگەڵ درواسێکانی بۆ لابردنی داگیرکاری پێوە ئیزافە بکەین بێگومان تابلۆیەکی تراژیک لە مێژووی مرۆڤ دەبینن کە بۆ کۆتایهێنانی پێویستی بە وشیارییەکی بێوێنە هەیە بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەو مێژووە دراماتیکە بۆ مرۆڤ لەو ناوچەیە بهێنین. وێڕای دەیان فاکتەری تر وەک یەکڕیزی کە گرنگن خوێندنەوەی ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەش بە زۆر گرنگ دەزانم. ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین بە فاکتەری هێزی خۆمان ئەو ناوچەیە جیا لە کورد بۆ هیچ کەسی تر ئارام بە جێ نەهێڵین.

هەر چۆن لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دۆزینەوەی نەوت بووە هۆکاریکی تر بۆ ئەوەی کوردستان لە لاپەڕەی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی تر بایەخی کەمتر هەبێت و هەر وەکوو لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا وەکوو فاکتەرێک بۆ لاواز کردنی وڵاتان کەڵکیان لێ وەرگیراوە واتە نابێ بەهێز بن کە سەربەخۆ بن. نەوشیروان مستەفا لە کتێبەکەی بەو شێوەیە باس دەکات: "ئەگەر لە سەردەمەکانی پێشوودا گرنگی ستراتیجی جەنگی و ئابووری بازرگانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین هۆی بزواندنی هێزەکانی بێگانە بووبێ بۆ پەلاماردانی، ئەوا لە کۆتایی سەدەی ۱۹ هەم و سەرەتای سەدەی ۲۰هەمدا هۆیەکی تر پەیدا بوو کە زاڵ بوو بەسەر هەموو ئەوانی تر، ئەویش پەتڕۆڵ بوو."

لە سەدەی نوێ و لە ساڵانی داهاتوشدا بە هۆی ئەوەی کوردستان سەرچاوەی ئاوی ناوچەیە یا ڕێرەوی ئاوی وڵاتانە دەبێت سەنتەری بایەخ پێدانی وڵاتانی ناوچە. 

ئاگری ئسماعیل‌نژاد لە وتارێکدا لە ژمارە ٧١٤،٧١٥ ی رۆژنامەی کوردستان لەژێر ناوی " ئاو، کۆڵەکای ستراتیژی داهاتووی کوردستان" بە شیکردنەوەی دۆخی قەیرانی ئاو لە ئێران بەو ئاکامە دەگات "کوردستانی رۆژهەڵات، شاڕێی ئاوی و هارتڵەندی ئێرانە و تەنیا ڕێگەی هیوای دەرچوونی ئێران لە قەیرانی ئاوییە؛ ئەوەیکە دەڵێین کوردستان شاڕێیەکی ئاوییە، تەنیا دەرفەتێک بۆ کوردستان نییە، بەڵکوو مەترسییەکیشە لەسەر کوردستان".

ئەو بابەتە زۆر زووتر لە لایەن تورکیە گرنگی پێدراوە، پڕۆژەی گەورەی گاپ(GAP) کە دەکەوێتە باکوری کوردستان دروست کردنی 22 بەنداو لە سەر ئاوی دیجلە و فرات هەروەها دەیان پرۆژەی تر لە ڕووبەری چەند پارێزگاو سەرەتایەکەی بۆ سالی١٩٧٠ دەگەڕێتەوە. کەواتە کوردستان بەشێوەیەک لە شێوەکان هەمیشە سەنتەری بایەخپێدانی وڵاتانی ناوچە و بێگانەیە پێویست دەکات کورد جوغرافیاکەی زیاتر لە مەترسی بگۆڕێت بۆ دەرفەتێک سەرەتای ئەو هەنگاوەش درک کردن بەو دەرفەتەیە. 

پەراوێزەکان

١. ﻓﺼﻠﻨﺎﻣﻪ علمی ـ ﭘﮋوهشی و ﺑﻴﻦ اﻟﻤﻠﻠی اﻧﺠﻤﻦ ﺟﻐﺮاﻓﻴﺎي اﻳﺮان ١٣٩٣ ﺑﻬﺎر ﺷﻤﺎره٤٠ دوره ﺟﺪﻳﺪ، ﺳﺎل دوازدﻫﻢ ﻣﻌﻤﺎي ﺑﻨﻴﺎن ﻣﻌﻤﺎي ﺑﻨﻴﺎن ﮔﺬاري ﺟﻐﺮاﻓﻴﺎی ﺳﻴﺎﺳی راﺗﺰل ﻳﺎ ﺗﻮرﮔﻮ؟ دره ﻣﻴﺮﺣﻴﺪر، ﻣﺮﺟﺎن بدیعی، ﻧﺪاﻫی، ﻳﺎﺷﺎر ذﻛی و ﻓﺎﻃﻤﻪ ﺳﺎدات ﻣﻴﺮاﺣﻤﺪی
. GEOPOLITICS AND THE STUDY OF INTERNATIONAL RELATIONS BY SEMRA RANÂ GÖKMEN2
٣. مسابقە تسلیحاتی ثبات راهبردی و نظم منطقەای خاورمیانە فرهاد قاسمی.
٤. ﻓﺼﻠﻨﺎﻣﻪ ﺗﺤﻘﻴﻘﺎت ﺟﻐﺮاﻓﻴﺎﻳﻲ، ﺳﺎل ﭘﻴﺎﭘﻲ، ١٣٩٠ زﻣﺴﺘﺎن، ﭼﻬﺎرم، ١٠٣ ﺷﻤﺎره ﻋﻨﺎﻳﺖ ﻳﺰداﻧﻲ اﷲ ﺑﻴﻦ، ﻣﺠﺘﺒﻲ ﺗﻮﻳﺴﺮﻛﺎﻧی

ژێدەرەکان

فصلنامه سیاست، مجلە دانشکده حقوق و علوم سیاسی، دوره ٤٦ ،شمارە ٢ ،تابستان ١٣٩٥ ،صفحات ٥٥١-٥٣١ جایگاه نظریە ژئوپلیتیک مکیندر در سیاستهای جهانی بریتانیا حسام‌الدین واعظزاده 
تحولات ژئوپلیتیک خاورمیانە و تقابل استراتژیها امیر قدسی
ﺗﺤﻠﻴﻠﻲ ﺑﺮ رﻗﺎﺑﺖ ژﺋﻮﭘﻠﻴﺘﻴﻜﻲ ﻗﺪرت ها در بیضی ئستراتیژیک اﻧﺮژی
کورد و عەجەم نەوشیروان مستەفا

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.