کوردستان میدیا

یەکشەممە 28ی رەزبەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرداری حەرام و دەردی ژنبوون

18:51 - 21 جۆزەردان 2719

ئاسۆ مینبەری

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی کارگێڕانی شارەداری لە شارەکانی ئێراندا لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئەبێ دووچەرخە وەکوو کەرەستەیەکی هاتوچۆ کەڵکی لێوەربگیرێت تاکوو جیا لە کەمکردنەوەی ڕادەی ترافیک لە شارەکاندا پێش بە پیسبوونی هەوا بگیردرێت و جەوێکی خۆش بە سەر شار و بە سەر ڕەوانی خەڵکدا حاکم بێت، لە زۆربەی شارەکاندا لەگەڵ ئەم بیرۆکەیە دژایەتی دەکرێت و دووچەرخەسواری بۆ ژنان قەدەغە کراوە و ئیزن بە ژنان نادرێت کە بەتایبەت لە شوێنە گشتییەکاندا دووچەرخەسواری بکەن.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا دووچەرخەسواریی ژنان بە لەبەرچاوگرتنی خاڵە شەرعییەکان ڕەوایە، وتوویەتی: "دووچەرخەسواریی ژنان لە شوێنە گشتییەکان و لەو شوێنانەش کە بکەوێتە پێش چاوی کەسێکی نامەحرەمەوە ، حەرامە."

لە کۆتاییەکانی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵیشدا، عەلی ئێسفەهانی، دۆزگەری پارێزگای ئێسفەهان، دووچەرخەسواریی ژنانی لە شوێنە گشتییەکاندا بە "کرداری حەرام" ناو برد و ئەنجامدانی ئەم کارەی بە شایانی سزادان بەپێی "یاسای سزای ئیسلامی" ناسیوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم بە هێزی ئینتیزامیی ڕاگەیاندبوو کە لە ئەگەری بینینی حاڵەتێکی وەها لە نێو شاردا، سەرەتا هۆشدارییان پێ بدەن و دواتر بەڵگە و پێناسیان لێوەربگرن و ئەگەر ژنان خۆیان لە ڕادەستکردنی پێناسەکانیان بوارد، دووچەرخەکانیان ڕابگیردرێت، بەڵام ئەگەر ئەم کردارە حەرامە لە لایەن ژنانەوە درێژەی هەبوو، دەبێ بەپێی "یاسای سزای ئیسلامی" لەگەڵیان هەڵسوکەوت بکرێ.

ئەم پێشگرتن و قەدەغەکردنانە بەپێی بڕیاری فەرمیی بەرپرسانی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە گەشتەکانی ئێرشاد لە هەموو شارەکانی ئێراندا بە بەردەوامی هەوڵی سەرکوتی خەڵک دەدەن و پێش بە ئازادییەکانیان دەگرن و ئەمەش دەبێتە دەردێکی سەرباری هەموو دەردەکان؛  بەو پێیە کە ستادی "امر به معروف و نهی از منکر" بەپێی یاساکای ئێران ڕێک کەوتووە و پەسەندکراوەکانیشی دەبێ جێبەجێ بکرێت بە ئاسانی دەتوانێ پێش بە ژنانی دووچەرخەسوار لە شوێنە گشتییەکاندا بگرێت؛ لە حاڵێکدا کە  پێشتر تەنیا باس لە حیجاب و ڕێوشوێنە ئیسلامییەکان بوو!

زۆر کەس لە سەر ئەو بڕوایەن کە دووچەرخەسواری شێوازێک لە هاتوچۆی خاوێنە و کەڵکوەرگرتن لەم کەرەستەیە بەتایبەت لەو شارانەدا کە هەوایەکی خاوێنیان نییە وەکوو پێویستییەک دەبێ چاوی لێ بکرێت. پێشگرتن لە نیوەی حەشیمەتی کۆمەڵگا بۆ کەڵکوەرگرتن لەو کەرەستەیە کە وەرزشیش بەئەژمار دێت، هیچ بنەمایەکی یاسایی، شەرعی و تەنانەت عەقڵیشی نییە.

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی هاتنەسەرکارییەوە تاکوو ئێستا بەردەوام هەوڵی داوە کە خەڵکی ئێران لە خەم و پەژارەدا بهێڵێتەوە و هەمیشە پێشی بەو کار و چالاکییانە گرتووە کە بتوانن کاریگەری ئەرێنیان لە سەر ڕەوانی تاکەکان هەبێت، بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان زۆرینەی خەڵکی ئێران تووشی خەمۆکی بوونە کە کۆمەڵێک هۆکاری لە پشتەوەیە، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین، نەبوونی ئازادی پۆشینی جلوبەرگ، نەبوونی ئازادیی گەشت و سەیران و تەنانەت نەبوونی ئازادی لە شایی دەربڕینیشدا؛ ماوەیەک پێش ئێستا پێشنوێژی دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە نامەیەکدا کە بۆ بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیم لەو شارە نووسیبووی، ڕایگەیاندبوو: "نابێت زەماوەند و ڕێوڕەسمەکانی شایی و هاوسەرگیری لەو شارەدا زۆرتر لە ۳ کاتژمێر بێت و لەو حاڵەتەشدا نابێت خاوەن زەماوەندەکان شێو و خواردن بە میوانە بانگهێشتکراوەکانی خۆیان بدەن."

ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا پێش بە چالاکییەکانی ژنان دەگرێت و سەرکوتیان دەکات و تێچووی زۆریش بۆ ئەم مەبەستە خەرج دەکات کە بەپێی خودی ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیم ٦٣ لەسەدی ژنانی خوێندەوار لە ئێراندا بێکارن.

 "فاتمە زولقەدر"، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسی ڕێژیم، وتویەتی: "لە ئێستادا ٥٣ لەسەدی خوێندکارە کچەکان لە زانکۆکاندا، لە بوارگەلی پسپۆڕیدا دەخوێنن، بەڵام مەودای نێوان گەشەی خوێندن و هەبوونی دەرفەتی کار بۆ ژنان، ئێگجار زۆرە."

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە نرخی بێکاریی ژنانی خوێندەوار، ٦٣ لەسەدە کە نرخێکی باش نییە، چونکە دەبێتە هۆی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و شکانەوەیان.

دەیان نموونەی دیکە لە پەراویزخرانی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا بوونی هەیە بەڵام هیچ گرینگییەک بەو پرسانە نادرێت و ژنان وەک هەمیشە قوربانیانی ئەو کۆمەڵگا پڕ لە دەرد و ئازارەن.

لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا باس لە حورمەتی ژن دەکرێت و بەم بیانوویە دووچەرخەسواری و هەر چەشنە خۆش‌ڕابواردنێکی لێ حەرام دەکرێت بەڵام زۆرن ئەو ژنانەی کە بۆ دابینکردنی پێداویستی و بژێوی ژیانیان ڕۆژ و شەو بە کۆڵانەکاندا بە دووی پاروویەک ناندا دەگەڕێن و هەندێ جاریش ناچارن حورمەتی ژن بوونیان لەژێر پێ دانێن تاکوو منداڵەکانیان بەهۆی برسیەتییەوە نەمرن.

هەندێکیان باری قورسی خووگری هاوسەر، باوک و برا بە کۆڵ دەکێشن و مەحکووم بە ژیانێکی تاڵی بە دوور لە هەر چەشنە بەختەوەرییەکن، جا بەرپرسانی ئەم ڕێژیمەش لە سەر کورسیی دەسەڵات نانی سەر سفرەی خەڵک هەڵدەلووشن و ئاوی بێ خەیاڵی بەسەریدا دەکەن و لە جێگای گەرم و نەرمی خۆیاندا بڕیاری مان ونەمان بۆ خەڵکی لێقەوماو دەردەکەن و گرینگترین کاریان لە حوکمرانیدا دەبێتە بڕیاردان لە سەر دووچەرخەسواریی ژنان!

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.