کوردستان میدیا

یەکشەممە 3ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێی منداڵانی کار لە ئێراندا، ٥٠ هەتا ٧٠ هەزار تمەنە

21:08 - 11 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دایک و باوکان لە ئێراندا منداڵەکانیان بە کرێ دەدنە باندەکانی قاچاخی مرۆڤ و نرخی هەر منداڵێک مانگانە ٥٠ هەتا ٧٠ هەزار تمەنە.

زۆرێک لەو منداڵانەی کە بە کرێ دەدرێن ، منداڵانێکن کە دایک و باوکێکی موعتادیان هەیە و بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی خۆیان منداڵەکانیان بە کرێ دەدەنە ئەو کەسانەی کە منداڵان بۆ سواڵ کردن یان کارکردن لەسەر شەقامەکاندا بە کرێ دەگرن.

هەروەها زۆربە ئەو منداڵانە، منداڵانی ئەفغانین کە بە قاچاخ دێنە ناو وڵاتی ئێران و هیچ جۆرە ناسنامەیەکیان نییە، بارودۆخی ئەم منداڵانە لە منداڵانی ئێران دژوارترە، چونکە هیچ کەس و کارێکیان نییە و هیچ یاسایەک نایانگرێتەوە.

بە کرێدانی منداڵ، کارێکە کە پێشینەیەکی لەمێژینەی لە ئێراندا هەیە، بەڵام خراپی باری ئابووریی و فراوان بوونی ئەم کارە بە شێوەیەکی بەرچاو وای لە بەرپرسانی ڕێژیم کردووە کە لەسەری وە دەنگ بێن و باسی لێوە بکەن .

حەبیبوڵلا مەسعوودی فەرید، جێگری بەرپرسی ڕێکخراوی بێهزیستی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەم دیاردەیە کردووە و وتوویەتی: کرێی مانگانەی هەر منداڵێک کە بە کرێ دەدرێن لە نێوان ٥٠ هەتا ٧٠ هەزار تمەنە.

لە هەندی حاڵەتی‌تردا دایک و باوکان منداڵ و کۆرپەکانیان بە ٥٠٠ هەزار هەتا ٧ میلیۆن تمەن دەفرۆشن.

هۆکاری دیاری بڵاو بوونەوە و فراوان بوونی ئەم دیاردانە خراپی باری ئابووریی و بێکارییە، کە بەپێی تازەترین ئامارە بڵاوکراوەکان، ڕێژەی بێکاری لە وڵاتی ئێراندا خۆی لە ٦٠ لەسەد دەدات.