کوردستان میدیا

یەکشەممە 28ی رەزبەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و "شورای مدیریت گذار"

12:48 - 10 رەزبەر 2719

ئازاد عەزیزی

پاش باس و کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرەنجام  لە ٢٨ی سێپتامبر ی ٢٠١٩ ، "شورای مدیریت گذار" بە ڕەسمی هەبوونی خۆی ڕاگەیاند. بەشداریکردن یان نەکردنی کورد و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم جۆرە پێکهاتانە جێگای تێڕوانین و هەڵسەنگاندنە.

وەبیرهێنانەوە:

لەگەڵ سەرهەڵدانی جووڵانەوەی سەوز لە ئێران، بەشێک لە کەسایەتییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی چالاک کەوتنە بەرەی پشتیوانی لە جووڵانەوەی سەوز. دوابەدوای شکستی جووڵانەوەی سەوز و هاتنە دەرەوەی بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانی بۆ دەرەوەی وڵات دەورێکی تازە لە قەبارەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی چ لە باری فکری و چ لە باری وزەوە لە دەرەوەی وڵات پێک هات لە نێوان لایەنگرانی نێوخۆ و دەرەوەی جووڵانەوەی سەوز. ئەگەرچی لە سەرەتادا لایەنگرانی جووڵانەوەی سەوز خۆیان بەهێز دەدی کەمتر بڕوایان بە پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ ئەم لایەنانەوە هەبوو کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە وەک دژبەری دەرکەوتن بەڵام تێپەڕینی کات و لاوازبوونی هێز و وزەیان لە گۆرەپانی سیاسیدا، کەوتنە دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەکان و پێکهێنانی بەرە و پێکهاتەی سیاسی بە مەرجێک کە بۆ خۆیان خەتی  فکری و سیاسی بۆ دابڕێژن.

بەشی بەرچاوی ئەو کەسانەی کە ئێستا لە "شورای مدیریت  گذار"دان لە ڕاستیدا پێشتر لەژێر چەتری "اتحاد برای دمکراسی در ایران"دا بەشدار بوون و لە چەندین شوێنی ئورووپاش کۆنفڕانس و کۆبوونەوەیان پێک هێناوە کە بەرچاوترینیان لە ستۆکهۆڵم  و پراگ  بوو و ئەوەش کارئاسانییەکە بۆ هەڵسەنگاندن لەسەر تێڕوانین و ئامانجە سیاسییەکانی ئەو کەسایەتییانە. وەبیرهێنانەوەی ئەم چەند کۆنفڕانسە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لەبیرمان نەچێتەوە کە چی لەم کۆنفڕانسانە ڕوویان داوە و دەرەنجامەکانیان چی بوو.

تێبینی:

لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە دەیان بەرە، پێکهاتە و شۆرا پێکهاتووە. ئەگەرچی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەم بەرە و پێکهاتانەدا هەبووە بەڵام یەک خاڵی هاوبەش چارەنووسی هەموویان بووە ئەویش هەڵوەشانەوە و لە باشترین حاڵەتدا لاوازبوونیان و بە هێند نەگرتنیان لە لایەن دۆست و دوژمنەوە بووە. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە "شورای مدیریت گذار"یش هەمان چارەنووسی دەبێت، بەڵام  چەند خاڵی لاوازی شۆرا نیشانێکی باش نین بۆ ئەوەی کە ئەم شۆرایە دەتوانێ سەرکەوتوو بێت.

گەورەترین دوژمنی شۆرا کاتە. شۆرایەک کە لە بیر و بۆچوونی جیاوازی سیاسی و فکری پێک هاتووە، کیسەی خۆی لەسەر بنەمای ئەوە هەلدرووە کە کۆماری ئیسلامی بەم زووانە لە لێواری ڕووخانە و بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران پەکی کەوتووە لەسەر ئاڵتێرناتیڤ. دیارە ڕاستە کە سەرەنجامی کۆماری ئیسلامی هەر ڕووخانە بەڵام داڕشتنی بناغەی شۆرا لەسەر ئەم ئەسڵە دەرەنجامی باشی نابێت.

شۆرا بۆ هیچ یەک لە گرفتە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێران کە ئێرانی گەیاندووەتە ئەم ڕۆژە پەیامێکی ڕوونی نییە و تەنانەت بەرنامەشی بۆی نییە. ئەوەی کە بڵێی کە کۆماری ئیسلامی دەبێ نەمێنێت و ڕێژیمێکی دێموکرات بێتە سەرکار وڵامدەری ویست و داخوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران نییە، بەتایبەتی بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتییەکانی ئەم شۆرایە لە کەسانێک پێک هاتووە کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران یارمەتیدەری بەهێزبوونی ئەم ڕێژیمە بوون و بە قسە و هۆکارهێنانەوەی خۆیان هێزی داهاتووش هەر ئەو کەسانە دەبن کە ئێستاش تا کۆتایی ڕێژیمیش لەگەڵ ڕێژیم دەمێنەوە.

ئێستا ئەم شۆرایە تەمەنی لە چەند ڕۆژ تێنەپەڕیوە کە باس لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری ئێران دەکات. کێ ئەم کارەی کردووە و لەسەر چ بنەمایەک و چ پەیامێکیان بۆ ئەو وڵاتانە پێبووە کە بەشێکیان کێشەی مێژووییان لەگەڵ ئێران هەیە و بەشێکیان ساڵانێکی درێژە کێشەیان لەگەڵ ئێران هەیە، ئەوە دەبێ شۆرا وڵامدەر بێت.

لە شۆرادا فکری بەرەی جووڵانەوەی سەوز زاڵە کە نابێت هیچ کەس وەک حیزب بەشدار بێت و تەنانەت لەنێو حیزبەکاندا ئەوانن دیاریی دەکەن کە کێ بەشدار بێت، دەیانهەوێت بە هەموو شێوەیەک کولتووری حیزبایەتی لە فەرهەنگی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی  لە دەرەوە لاواز بکەن. هەر بۆیەشە کە دەبینین ئەمڕۆ لەنێو نەتەوەی فارسدا زیاتر وەک کەسایەتی دەردەکەون. ئەوەش داوێکی گەورەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ دژبەرانی خۆی بەکاری دەهێنێت. خەبات دژی یەکێک لە دڕەندەترین ڕێژێمەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە بۆ لەنێوبردنی دژبەرانی لە هیچ شتێک سڵ ناکاتەوە، لەنێوبردن و بێدەنگکردنی چەند کەسایەتی (سیمای دیار) یان "سیلبریتی"  کارێکی زۆر ئاسانترە.

ئەستەمە تۆ خەبات بۆ دێموکراسی لە کۆمەلگەیەکدا بکەیت کە کولتووری دێموکراسی لە بنەمای دەسەڵاتداریدا نامۆ بێت کەچی هەوڵ بدەیت کە ئەحزاب لە بەڕێوەبەری ئەوێدا لاواز بکەیت و قورسایی بخەیتە سەر کەسایەتی و بیری تاکەکەسی.

پرسیارێک: ئێمە وەک کورد بەشداری بکەین لەم جۆرە پێکهاتانە؟

ئێمە وەک نەتەوەی کورد کە ویست و داخوازەکانیشمان لەگەڵ باقیی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی جیاوازە، لەبەردەم ئەم ڕووداوانەدا هەمیشە ئەو باسە دێتە پێشێ کە باشترین سیاسەت و تاکتیکمان  چییە. ڕاستی ئەوەیە کە ئێمە مادام لە چوارچێوەی وڵاتی ئێران دەژین چ پێمان خۆش بێت چ پێمان ناخۆش بێت ناتوانین دیوار بە دەوری خۆماندا دروست بکەین و تەنیا بۆ ڕازیکردنی دڵی خۆمان هەموو بەرەو پێکهاتەیەک ڕەت بکەینەوە کەواتە چارەسەر چییە؟

چارەسەر:

ئێمە وەک کورد و وەک ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێش ئەوەی بکەوینە هەر بەرەیەک دەبێ سێ کاری سەرەکیمان کردبێت:

١- گەورەترین لاوازیی نەتەوەی کورد لە مێژوودا نەبوونی یەکگرتوویی و کۆدەنگییە لە سەر ویست و داخوازە سەرەکییەکانی خۆمان، هەر بۆیەش دەبێ بەهێزکردنی ناوەندی هاوکاری  بناغەی ئەسڵیی ستراتیژیمان بێت. ناوەندی هاوکاری بە هەموو کەموکۆڕییەکەوە لە ماوەیەکی کورتدا توانیویەتی ببێتە نیشانێک بۆ خەباتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چ ڕوو بە نێوخۆ و چ ڕوو بە دەرەوە.

٢- ناوەندی هاوکاری ببێتە پردێک بۆ بەهێزکردنی نەتەوەکانی دیکەی غەیری فارس کە لە  ئێراندا دەژین. هەر بۆیە بەهێزکردنی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ یارمەتیدەر دەبێ بۆ ئەم تێڕوانینە.

٣- دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر ویست و داخوازە نەتەوەییەکانی  خۆمان لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە هەر بەرەوە پێکهاتەیەکی سەراسەریدا و پابەندیی هەموو لایەنەکان بەو ئەسڵە.

بەشداریکردن چ وەک کەسایەتی و چ وەک ئەحزاب بە جیا لەم جۆرە بەرە و شۆرایانە نەک هیچ یارمەتییەک بە بردنە پێشی خەباتی نەتەوایەتیمان ناگەیەنێت بگرە جووڵانەوەی کورد تووشی سەرلێشێوای و دوو بەرکی دەکات و هەرەسهێنانی ئەم بەرە و شۆرایانە زیاتریش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت  و ئاکامێکی باشی نابێت.

ئێمە بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی باشووری کوردستان دەبێ هەموو هەوڵمان ئەوە بێت کە لە گەورەترین فاکتۆری بەهێزمان کە ڕێکخستن و زەمینەی ئامادەی ئەحزابە لە ڕۆژهەڵات کەڵک وەربگرین و لەمجۆرە پێکهاتانە کە ئاکامەکەی لاوازکردنی ئەحزاب و ویستە نەتەوەییەکانە خۆ بەدوور بگرین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.