کوردستان میدیا

سێشەممه 30ی رەزبەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشە کۆمەڵایەتییەکانی شاری سەقز، پرسی ژنان و خۆکوژی

19:14 - 25 پووشپەڕ 2719

کۆکردنەوە و نووسین: نیشتمان

دەستپێک

لە زۆربەی وڵاتاندا چەندان کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاواز بوونیان ھەیە کە دەتوانێت لە سەر پێکھاتە و چۆنییەتی و ھەروەھا ھێزی مرۆیی لەو کۆمەڵگادا کاریگەر بێت. ئەم کێشانە ئەگەر بە شێوازێکی دروست و باش چارەسەر بکرێت، بەستێنێکی چاک و ھێمنایی بۆ ژیانێکی ویستراوی تەواوی چین و توێژەکانی ئەو کۆمەڵگا پێکدێنێت و بەپێچەوانەشەوە ئەگەر چارەسەر نەکرێن و خەڵک ناچار بە قبووڵکردنی ئەو بارودۆخە بکرێت، بێگومان کۆمەڵێک دەرەنجامی نەخوازراوی لێ ئەکەوێتەوە کە ڕێگە لە گەشەکردن و پەرەگرتنی دروستی کۆمەڵگا لە زۆر لایەنی جۆراوجۆر دەگرێت.

وڵاتی ئێران یەکێکە لە وڵاتانی پەرەئەستێن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە لەم ڕێسادا دەرھاوێژراو نییە و خەڵکی ئەو وڵاتە بە ھۆی سیاسەتە توندڕەو و ناکارامییەکانی ڕێژیمی ئێستای کە بە کاری دێنێت لە دۆخێکی نالەباری وا داندراون کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەوتی ناھومێدی و سەرگەردانی ئەوان ڕووی لە زیادبوونە. یەکێک لەو نەتەوانەی وا لە وڵاتی ئێراندا زیاتر لە ھەموو خەڵکی ئەو وڵاتە ھەڵاواردە و سەرکوت دەکرێت ئەو کوردانەن وا لە شارە جۆراوجۆرەکانی پارێزگاکانی ورمێ و کرماشان و عیلام و سنە نیشتەجێن. ئەم نەتەوە لەو کۆمەڵگادا سەرەڕای ئەوەی لە بواری ئابوورییەوە سەرچاوەی سروشتی دەوڵەمەند و ھەروەھا ھێزی مرۆیی ھەڵکەوتوو و کارامەی ھەیە، بەڵام ھەمیشە لە خراپترین بارودۆخی ئابووری، ھێمنایەتی، ئاسودەیی، فێربوون، تەندروستی، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دەژین. ھەر بۆیە لەم چەند ساڵەی دواییدا بارودۆخی گوزەرانی خەڵک لەو ناوچانەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە خراپی ناوە و بەشێکی بەرچاوی خەڵک ئیشی خۆیانیان لە دەست داوە یان سەرەڕای ئەوەی ئیشێکیان ھەبێ، داھاتی پێویست و شیاویان بۆ بژێوی ژیان نییە، ھەر بۆیە بە ناچار ڕوو لە شارە پیشەسازی و ئابوورییە گەورەکانی ئەو وڵاتە دێنن یان سەرقاڵی ئەو ئیشە پڕمەترسیدارانەی وەکوو کۆڵبەری، باربردن و قاچاخ کردنی مادە ھۆشبەرەکان دەبن. ھەر بۆیە بە ھۆی ئەم کێشانەوە پارێزراوبوونی گیانی و پیشەیی خەڵک لە حاڵی لەناوچوندایە و لە ئاکامی ئەو زەختە ئابوورییانەوە زۆرجار خێزانەکان ھەڵدەوەشێتەوە. بەپێی ئامار و ژمارەکانی بەڕێوبەرایەتی تۆمارگەی ھەواڵ، ھەرساڵ ڕێژەی زاوزێ و پێکھێنانی ژیانی ھاوبەش ڕووی لە کەمبوونە و لە ھەمبەری ئەوەدا ئاماری بنکەی تەندروستی پیشاندەری زیادبوونی ڕووداوە ھاتوچۆکانی ڕێگەوبانی گەنجان، نرخی جەڵتەی دڵ، نەخۆشینی بێعیلاج، تووشبوون بە مادە ھۆشبەرەکان، توندوتیژی و ھەروەھا خۆکوژییە. بێگومان لە ھەر کۆمەڵگایەکدا ژنان بەھۆی بارودۆخی جەستەیی و دەروونییەوە خەسارھەڵگرترن و ژنانی کوردیش بەردەوام بەرەنگاری ئەم کێشانە بوونەتەوە.

کۆمەڵێک کێشەی گرینگ بە ھۆی بارودۆخی نالەباری سیاسی و ئابووری و ناچارکردن بە بێدەنگبوون داوێنی ژمارەیەکی بەرچاوی ژنانی کوردی بە تایبەت لە شاری سەقز گرتۆتەوە و لەم ساڵانەی دواییدا ڕووی لە زیادبووندایە. ئەم کێشانە بریتین لە تووڕەبوون و نەبوونی کۆنتڕۆلی تووڕەیی، بەرزبوونەوەی تەمەنی پێکھێنانی ژیانی ھاوبەش، ڕاکردن لە ماڵ و خێزان، جودایی و دابڕان، ناپاکی‌کردن لە مێرد یان خۆشەویست، تووشبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان، سازدانی پێوەندی سێکسی مەترسیدار، تووشبوون بە نەخۆشینی ئایدز و ھێپاتیت، ڕێکخستن و سازدانی خانوو یان گرووپە مەترسیدارەکان وەکوو بنکەی  فەساد، بڵاوکردنەوە و قاچاخی ماددە ھۆشبەرەکان، ئەنجامی کۆمەڵێک ئیشی بێ ئەخلاقانە و مەترسیدار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، فریودانی پیاوان بە تایبەت پیاوانی خاوەن خێزان بەمەبەستی دەستخستنی پارە، لەباربردنی منداڵ لە کچاندا لە تەمەنی ژێر ٢٠ ساڵ، خۆکوژی و… . لەم ڕاپۆرتەدا ھەوڵ دراوە پێناسەکردن، نرخی بڵاوبوونەوە، ھۆکارەکان، ڕێگەچارەکان، دەرمان و چەند پێشنیارێک سەبارەت بە کێشەی خۆکوژی  ژنان و کچانی شاری سەقز تاوتوێ بکرێت.

خۆکوژی چییە؟

بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO)[1]، خۆکوژی بە واتای کۆتایی پێھێنان بە ژیانی مرۆڤ بە دەست خودی ئەو کەسەیە. ئەگەر مرۆڤێک دەست بداتە خۆکوژی و زیندوو بمێنێت بەم ڕەفتارە ھەوڵدان بۆ خۆکوژی دەگوترێت. ئێمیڵ دوورکیم[2] کۆمەڵناسی فەڕانسەوی خۆکوژی وا پێناسە دەکات کە بریتییە لە ھەر جۆر گیان لە دەستدان لە کەسێکدا وا بە شێوازی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە کارێکی ئەرێنی یان نەرێنی کوژراوەکە سەرچاوە دەگرێت و ھەروەھا کوژراوەکە پێشتر ئاگاداری سەبارەت بە ئاکامی ئەو کارەی خۆی ھەیە.

خۆکوژی یەکێک لەو پرسانەیە کە تا پێش لێکۆڵینەوەکانی دوورکیم بە پرسێکی تاکەکەسی دەناسرا و ھۆکارەکانیان بە کەس و حاڵەتە دەروونی و سرووشتی و بایۆلۆژییەکانەوە ڕەپاڵ دەنێردرا؛ بەڵام دوورکیم لە کتێبی «خۆکوژی» خۆیدا لە ساڵی ١٨٩٧ دەریخست کە خۆکوژی ٤ جۆرە کە بریتییە لە ١- خۆکوژی قەدەرگەرێنانە: ئەم خۆکوژییە لە کاتێکدا ڕوو ئەدات وا ئیرادە و ھەست و ورووژێنەرەکانی ئەندامانی کۆمەڵگا لەژێر کۆنتڕۆڵی چڕی کۆمەڵگادا بێت. ٢- خۆکوژی بێ سەرەوبەرەگەرێنانە: ئەم خۆکوژییە لە ئاکامی بارودۆخی نەشیاو و ئاڵۆز و بێ یاسای کۆمەڵگادایە. ٣- خۆکوژی خۆویستانە: لەم حاڵەتەدا کەسی خۆکوژ خۆی بە تەواوەتی لە کۆمەڵگا دابڕیوە و وا ھەست دەکات کۆمەڵگا ھیچ جێگەی بڕوا و متمانەیەکی بۆ ژیانی ئەو تێدا نییە. ٤- خۆکوژی دیترخوازانە: لەم خۆکوژییەدا کەسی خۆکوژ بە چڕی بە کۆمەڵگاوە بەستراوەتەوە و دەسەڵاتی سەپێندراو لە ساماندانی کۆمەڵگادا بە شێوازێکی زێدەڕۆ ئیش دەکات کە داواکارییەکانی ئەو کۆمەڵگا وەھا بەھێزن کە نرخی خۆکوژی تا ڕادەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە.

نرخی بڵاوبوونەوە

لە ئاستی جیھانیدا تەنیا لە لایەن ٦٠ وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)[3] زانیاری دروستی گرینگ بە وردەکارییەکی باش و خوازراو تۆمار کراوە کە دەتوانرێت بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ بەپێی ئەو زانیارییانە نرخی خۆکوژی بەراورد بکرێت. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، ھەر ساڵ زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار کەس بە ھۆی خۆکوژی لە جیھاندا گیانیان لە دەست ئەدەن و لە ھەر ٤٠ چرکەیەکدا ١ کەس بە ھۆی خۆکوژییەوە دەمرێت. ھەروەھا بەپێی زانیاری گشتی، خۆکوژی لە دوو دەستەی گەنجانی تەمەن ١٥بۆ ٣٥ و بەساڵاچووانی زیاتر لە ٧٥ ساڵدا زیاترین ژمارەی ھەیە و بەپێی زانیارییەکان سەبارەت بە خۆکوژی لە ئێراندا زیاترین نرخی خۆکوژی پەیوەست بە گەنجانی ژێر تەمەن ٣٠ ساڵە. ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕایگەیاند کە نرخی خۆکوژی لە ئێراندا ٣/٥ لە نێو ١٠٠ ھەزار کەس بووە. ئەم نرخە لە نێو ژناندا ٦/٣ و لە پیاواندا ٠/٧ بووە. ھەروەھا نرخی دەستبردن بۆ خۆکوژی و خۆکوژی سەرکەوتووانە لە نێو ئەو ژن و پیاوانەی وا ژیانی ھاوبەشیان پێکھێناوە زیاتر لە کەسانی دیکەیە. زانیاری ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری ئێران ڕوونکردنەوەیەکی داوە کە بەپێی ئەوە ٥٤٪‏ لە خۆکوژییەکان وا بوونەتە ھۆی گیان لە دەستدان، لە نێو گەنجانی ژێر تەمەن ٣٠ ساڵ ڕوویداوە و لە شارەکاندا زیاتر لە گوندەکان بووە بەڵام بە ھۆی سیاسەتە توندڕەوەکانی حکومەتی ئێستای ئەو وڵاتە و شاردنەوەی ئاشکرای ئامار و ھۆکارەکانی خۆکوژی، پێدەچێت ئەو ژمارانە زیاتر لەو ڕاگەیەندراوانە بێت. لە زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا نرخی خۆکوژی ژنان زیاتر لە پیاوان لە پارێزگاکانی کورد و لوڕنشیندا ڕاپۆرت کراوە و زیاترین نرخی خۆکوژی لە پارێزگاکانی کرماشان، عیلام و سنە بووە. ھەر لە سەر ئەم بابەتە ھەوڵدان بۆ بەدەستخستنی ئامار و ھۆکارە دروستەکان لە شاری سەقز بێ ئاکام مایەوە و تا ئێستاش ئامار و ھەژمارێکی دروست لە بەردەستدا نییە؛ بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەی چەند بنکەیەکی تەندروستی و دەروونناسییەوە وا دەردەکەوێت کە ژمارەی خۆکوژی ژنان لەو شارەدا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و لەم ماوانەی دواییدا بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر ھەر لەم کاتەدا، زیاتریش بوووتەوە و لە ژنان و کچانی تەمەن ١٢ بۆ ٣٥ ساڵدا زیاتر دەبیندرێت. خۆکوژی لە نێو ئەو ژنانەی وا دۆخی نالەباری ئابوورییان ھەیە و بەردەوام بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان لە دڵەڕاوکێ و زەختی زۆردان زیاتر ئەنجام دەدرێت و ئەم کێشەیە کاتێک کە کاسبکاری خێزانەکە - کە لە زۆرینەی کاتدا ھاوسەری ژنەکەیە – ئیشی خۆی لە دەست ئەدات، زیاتر دەردەکەوێت. خۆکوژی ئەو ژنانەی وا ھاوسەرەکەیان بە ھۆی تووشبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان یان مایەپووچبوونەوە سامانی خۆی و بنەماڵەکەی لە دەست ئەدات بە ڕادەیەکی بەرچاو دەبیندرێت. ھەروەھا نرخی خۆکوژی لە نێو ژنانی زیندانییان لەو شارەدا زۆرە. خۆکوژی ژنان و کچان دایم لە نێو ئەو خێزانانەی وا توندوتیژی و پیاوتەوەرییەکی چڕی تێدا سەپێندراوە، ھەبووە و ھەتا ئێستاش لە سەقزدا بەردەوامە. ڕێژەی زۆرینەی نرخی خۆکوژی سەرکەوتووانە لە نێو ژنان و کچانی بێکار و بنەوای ئەو شارە زیاترە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لەم ساڵانەی دواییدا دەستبردن بۆ خۆکوژی لە نێو کچانی قوتابی ئەو شارەدا بە ڕێژەیەکی زۆرەوە دەبیندرێت و ھەندێکجار خۆکوژی سەرکەوتووانەی لێ ئەکەوێتەوە. ھەروەھا نرخی خۆکوژی ئەو ژن و کچانەی وا تووشی نەخۆشی درێژخایەن و بێعیلاج وەکوو شێرپەنجە، MS [4]، تووشبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان، ئایدز، ھێپاتیت، شەکرە، پووکانەوەی ئێسک، خەمۆکی درێژخایەن و… دەبن زیاترە. نرخی خۆکوژی ئەو ژن و کچانەی وا بوونەتە قوربانی دەستدرێژی سێکسی یان بە خراپە کەڵکوەرگرتن بۆ قازانجە ئابوورییەکان لە لایەن کەسانی نزیکەوە وەکوو باوک، برا، مێرد و ھەندێکجاریش دایک، بەردەوام بوونی ھەیە و لەو حاڵەتەدا بە چڕی ھۆکارەکەی لە لایەن خێزانی کەسەکە دەشاردرێتەوە. نرخی خۆکوژی ھەروەھا لە نێو ژنانی تەڵاقدراو بە تایبەت کاتێک کە ھیچ سەرپەنا و داھاتێکیان نەبێت زیاترە. لەم ساڵانەی دواییدا نرخی تووشبوونی ژنان و کچانی شاری سەقز بە دەروون ئاڵۆزییەکانەوە ڕووی لە زیادبووندایە و ھەروەھا ئاماری خۆکۆژی سەرکەوتووانە و دەستبردن بۆ خۆکوژی لە نێو ئەم چینەدا زۆر دەبیندرێت.

ھۆکارەکانی خۆکۆژی

ئەوەی سەبارەت بە ھۆکاری خۆکوژییەوە بە تایبەت لە ژنان و کچاندا گرینگە ئەوەیە کە ھۆکارە سەرەکییەکانی ئەنجامدانی ئەو کارە لە لایەن خێزان و نەخۆشخانە و دەزگا قازانجبەرەکانی حکومەت دەشاردرێتەوە و ھەموو کات وەکوو پرسێکی نھێنی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوە وتاوتوێ کردنی چەندین ساڵەی ئەو پرسە لە بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسییەوە وا دەردەکەوێت کە ھۆکارەکانی ئەو کێشەیە ڕاستە پێوەندی بە سیستەمی بایۆلۆژیکی و ھەندێک لە دەروون ئاڵۆزییەکانەوە ھەیە، بەڵام کاتێک کە دەرفەتێکی شیاو و باش بۆ دەربڕین و چارەسەرکردنی کێشەکان لە کۆمەڵگادا پێکبێت، بێگومان ئەو کێشانە ڕوو لە کەمبوون دەکەن و نابنە ھۆی زیادبوونی نرخی خۆکۆژی.

گومان و دوودڵی

زۆرینەی ئەو ئافرەتانەی وا خۆکوژی دەکەن، کۆمەڵێک ھەستی ئاوێتەیان ھەیە. ویست بە ژیان و مردن تێکھەڵچوونێکی دەروونی دروست دەکات بە جۆرێک وا ئەو کەسە ئەیھەوێت لە لایەک لە ئازار و زیندووبوون ڕزگاری بێت و لە لایەکی دیکەشەوە ویستێکی دەروونی بۆ درێژەپێدان بە ژیانی ھەیە. زۆرێک لەو ئافرەتانەی وا ئامادەی خۆکوژین، لە ڕاستیدا نایانھەوێت بمرن. ئەوان بەس لە ژیانی خۆیان ناڕازین و ئەگەر بێتوو پشتگرییەکی باش و کارگێڕیان ھەبێت و ویستیان بۆ ژیان بەرز بکرێتەوە، مەترسی خۆکوژی لەواندا کەمتر دەبێت.

ھەژاندەری

خۆکوژی ھەروەھا دەتوانێت ڕەفتارێکی ھەژاندەرێنانە بێت. زۆربەی ھەژاندەرەکان ماوەیین و تەنیا بۆ چەند خولەک یان چەند کاتژمێر بەردەوامە. خۆکوژی زیاتر بە ھۆی ڕووداوەکانی ڕۆژانەی ژیان دەورووژێندرێت.

نەگۆڕیی[5]

کەسانی ئامادەی خۆکوژی لە بیروڕاکان، ھەستەکان و کردەوەکانیان دژوارییان ھەیە. ئەوان بەردەوام سەبارەت بە خۆکوژی بیردەکەنەوە و ئەو تواناییەیان نییە ڕێگەچارەیەکی دیکە بۆ چارەسەرکرنی کێشەکان بدۆزنەوە. ئەو کەسانە بەردەوام بە چڕی لە بیرکردنەوە بەو پرسەدان.

خەمۆکی

سەرەکیترین ھۆکاری خۆکۆژی بە تایبەت لە ژنان و کچاندا بە خەمۆکی ناسراوە کە دەتوانێت لە ھەر تەمەنێکدا دەربکەوێت و بەشێکی بەرچاوی ھورووژەکان لە بەربگرێت. ھەر کەسێک مومکینە ھەست بە خەمۆکی، خەمباری، بێکەسبوون و ناسەقامگیری ئاکار لە کاتێکی جۆراوجۆر بکات، بەڵام زۆربەی ئەم ھەستانە کاتییە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە کاتێک ئەم ھەستانە ھەمیشەیی بێت و ژیانی ئاسایی مرۆڤ تێکبدات، ئیتر ھەستی خەمۆکی نییە؛ بەڵکوو پیشاندەری دەروونئاڵۆزی خەمۆکییە و کاتێک درێژخایەن دەبێت دەتوانێت مەترسیدار بێت. زۆرینەی تووشبووانی ئەو نەخۆشییە لە قبووڵکردنی ئەوە شەرم دەکەن و نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە وەکوو لاوازی و نەبوونی ئیرادە لە خۆیاندا ڕەچاو دەکەن و ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی وا بۆ ناساندنی پلە و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ھەنگاو نەنێن. کەسی خەمۆک بە بەردەوامی ھەست بە بێ تاقەتی و لاوازبوون دەکات و کۆمەڵێک فکری نەرێنی بە مێشکیدا دێت کە بەردەوام ئازاری ئەدات و ھەر بەو ڕوانگەوە بۆ کێشەکان و تەواوی ژیانی دەوروبەری دەڕوانێ و تەواوی شکستەکانی ژیانی دەخاتە ئەستۆی خۆیەوە و تەنیا ڕێگەچارەی ڕزگاربوون لەو کێشانە خۆکوژی دەزانێت و ھەر بۆیە کاتێک کە تەنانەت پرسێکی ئاساییش دێتە پێش، کەسەکە دەست بۆ خۆکوژی دەبات و زۆرجاریش سەرکەوتوو دەبێت. ئەوەیکە لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە بە تەنیا یەک پرس لە کاتێکی دیاریکراودا نابێتە ھۆی خۆکوژی و ئەو کەسەی وا ئەو کارە دەکات ماوەیەکی زۆری لەگەڵ ئەو کێشە و ھەستانەدا بردۆتە سەر و بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە تەنیا یەک پرۆسکی پێویست بووە. زۆربەی ژنان و کچانی شاری سەقز بە ھۆی کێشە و گیروگرفتەکی زۆرەوە تووشی خەمۆکی دەبن و بەردەوام ئەو نرخە لە زیادبووندایە. کاتێک ئەگەر ھەستی خەمۆکی و دەروونئاڵۆزی ھاوکات لەگەڵ کێشەیەکی تازە دەبێت، ئافرەتەکە بە ناچار خۆکوژی دەکات. ھاوکات بوونی ئەو کێشانە لە نێو ژنانی تەڵاقدراو، بێوەژن و سەڵتەکاندا زیاترە لە ژنانی خێزاندار.

کێشەی ئابووری

ھەروەھا کە پێشتریش ئاماژەی پێدرا زۆرینەی خۆکوژییەکانی ژنانی شاری سەقز لە نێو ئەو بنەماڵانەدا ڕووئەدات وا لە ھەژاری ودۆخی نەشیاوی ئابووریدا دەژین. لە بواری ئابووریدا شاری سەقز ھەموو کات شارێکی کەمداھات بووە و سەرەڕای ئەوەی شارێکی پڕحەشیمەتە، بەڵام خەڵکی ھەژار و کەمداھات و تەنانەت بێداھاتیشی زۆرە و زۆرینەی گەنجانی ئەو شارە دوای ھاوسەرگیری ڕوو لە شارە پیشەییەکان یان باربردن و قاچاخ کردن دێنن. ئەمە یەکێک لە ھۆکارە گرینگەکانی پرسی خۆکوژی ژنان و کچانی ئەو شارەیە. نەبوونی دۆخی ئابووریی باش بە ھۆی ئەوەی وا دەرفەتی پێکەوەبوون و کات بەسەربردن لەگەڵ خێزان و دۆستان لە مرۆڤ دەستێنێت، دەبێتە مایەی لاوازبوونی پێوەندییەکان و دووری کردنی مرۆڤ لە کۆمەڵگا و بێبەھرەیی لە کەرەسەکان و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی. ھەژاری ھەروەھا کاریگەرییەکی چڕی لەسەر ژنان و کچاندا ھەیە و دەبێتە ھۆی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو بەدخۆراکی، شوێنی نیشتەجێبوونی ناتەندروست، ئاپۆڕە و نائارام بوونی شوێنی ژیان، ناھومێدی و لاوازبوون بۆ سازان لەگەڵ ئەو دۆخەدا، ھەست بە نابەرابەری لە چاو خەڵکی دیکەدا، باری دەروونی لاواز، گۆشەگیربوون و دابڕانی پێوەندییە گرینکەکان و لە کۆتاییدا خۆکوژی. ئەوان لە کۆمەڵگا و لە ھەمبەری خزم و دۆستانیاندا ھەست بە شەرم و ناھومێدی دەکەن و خۆیان لەو دەرفەتانە دوور دەخەنەوە و بەردەوام لە گۆشەگیری و تەنیاییدا بەسەردەبەن تا ئەو ڕادەی توشی خەمۆکی و خۆکوژی دەبن.

توندوتیژی

ژنانی کورد و بەتایبەتیش ژنان و کچانی شاری سەقز ھەمووکات بە شێوازی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی توندوتیژی لە لایەن ھاوسەر، باوک یان برای خۆیان بوونەتەوە و ئەوە بووەتە ھۆی ئاڵۆزی و دەمەقاڵەی نێو خێزانەکان و ھەروەھا ئازاری جەستەیی و دەروونی ئەوان کە ھەندێکجار ئاسەواری بەرچاو و زۆر چڕی ھەیە و کەسەکە ڕەوانەی نەخۆشخانە یان پزیشکی یاسایی دەکرێت. یەکێکی دیکە لەو توندوتیژییانەی دژ بە ئافرەتانی ئەو شارە دەبینرێ، بێبەشبوون لە ئازادی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و ناچارکردن بە حیجابی زۆرەکی و کۆمەڵێک سنوردانانی چڕ و ئازاردەرە؛ دڵپیسیکردن، جنێودان، ناپاکیکردن، فرەژنی، لێدان و سووککردنی ئافرەتان لە لایەن پیاوانەوە کە ھێشتا لە ناو ئەو کۆمەڵگادا درێژەی ھەیە بووەتە ھۆی ناتەندروستی و ناھێمنایەتی دەروونی کە لە کۆتاییدا پرسی خۆکوژی پێکدێنێت.

تووشبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان

لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەیەکی زۆری ئافرەتانی کورد و ھەروەھا شاری سەقزیش ڕوویان لە بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان وەکوو شیشە و گوڵ کردووە. ئەو بابەتە خۆی بەتەنیا کێشەیەکی زۆر گەورەیە کە کۆمەڵێک کێشەی دیکەشی لێدەکەوێتەوە وەکوو لاوازی جەستەیی و دەروونی، سست بوونی ئیرادە، دابڕان لە خێزان و منداڵ و ھاوسەر، ھەست بە تەنیاییکردن و ناھومێدی، گومان بردن، ڕق و تووڕەیی، درۆکردن و دزیکردن وھەروەھا لەشفرۆشی بۆ بەدەستھێنانی مەواد، پێوەندی سێکسی مەترسیدار، تووشبوون بە ئایدز و ھێپاتیت و … . ھاوکات لەگەڵ ئەم پرسە، کێشەی تووشبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان لە پیاوانیشدا کۆمەڵێک ئاکامی نەخوازراوی دیکەی ھەیە وەکوو لەدەستدانی ئیش و کەمبوونی داھات، کێشەی دەروونی و گومان بردن لە ھاوسەر یان کچ، ناچارکردنی ئافرەت بۆ ئەنجامی کۆمەڵێک ئیشی نەشیاو و دژەیاسا بۆ بەدەستھێنانی داھات و مەواد. لەم حاڵەتانەدا ئافرەت خۆکوژی بە تەنیا ڕێگەی دەربازبوون لەو ئازارە مرۆڤییانە دەبینێت و لە کۆتاییدا دەست بەو کارە ئەدات و زۆر جاریش سەرکەوتوو دەبێت.

کێشەی کۆمەڵایەتی

جیا لەو کێشانەی وا ئاماژەی پێدرا، ھەندێک کێشە و پرسی کۆمەڵایەتی نوێ ھەیە کاتێک کە پێکەوە ڕووئەدەن دەبنە ھۆی خۆکوژی ئافرەتان. تەڵاق یەکێکە لەو کێشانە ئەگەر بێت و ھاوکات لەگەڵ دۆخی ئابووری و تەندروستی خراپدا ڕووبدات ئاکامی خۆکوژی لێدەکەوێتەوە. نەبوونی کار و سەرقاڵی لە دوای تەواوکردنی زانکۆ ئەگەر بێت و ھاوکات لەگەڵ دۆخی ئابووری خراپ و تەمەنی زۆری کچان و سەڵت بووندا بێت، دەبێتە ھۆکارێک بۆ دەستبردن بۆ خۆکوژی. ھەندێک جار خۆکوژی بە ئاکامی ترساندنی خێزان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان ڕووئەدات، وەکوو ڕازی کردنی خێزان بۆ کڕینی پێداویستییەکی تایبەت، مۆڵەتدانی دایک و باوک بۆ ڕێکخستنی ئاھەنگێکی سەڵتی لەگەڵ کۆمەڵێک دۆست و ڕفێقدا یان گەیشتن بە ھاوسەری دڵخواز. زۆرجار خۆکوژی تەنیا بە مەبەستی داواکردنی یارمەتی و تکاکردن بۆ پشتگیری و لێتێگەیشتنی کەسەکەیە کە لە ھەمبەری کەسانی نزیکی خۆیدا بەکاری دێنێت. ئەوەی وا لەم دوو سێ ساڵەی ڕابردوودا وەکوو شێوازێکی باو لە ناو ئافرەتان و بەتایبەت کچاندا دەبیندرێت، بڕینی دەماری دەستە کە وەکوو «یاری خوێن» ناوی لێدەبرێت. ئەو بابەتە سەرەڕای کۆمەڵێک کێشەی دەروونی لەو کەسەدا پێدەچێت تا ڕادەیەکی زۆر بە ئاکامی ڕووکەمکردنەوە و دەسەڵاتنوێنی ڕووبدات. لەو حاڵەتەدا کچەکە لە ئەنجامی ڕەفتارەکەی خۆی وێنە و فیلم ھەڵدەگرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکاتەوە و لەوەی کە بەرچاو دەکەوێت و تا ماوەیەک بەردەوام باسی ئەو دەکرێت ڕازی و خۆشحاڵ دەبێت. ھۆکارێکی دیکە بۆ خۆکوژی ئافرەتان ناپاکی کردنە. کاتێک کە ئافرەت لە ھاوسەر یان خۆشەویستی خۆی ناپاکی دەکات، بە ھۆی ئازاری دەروونییەوە یان ئاشکرابوونی بابەتەکە، بە ناچار ڕوو لە خۆکوژی دێنێت. بابەتێکی تایبەت کە لە ماوەی ڕابردوودا لە نێو ژنان و کچاندا بۆتە مایەی نیگەرانی و ناھومێدی و سەرگەردانییەکی زۆر، کێشە و بارودۆخی زۆر نالەباری  ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە کە خەڵکی بە تەواوی لە بێ ئاسۆییدا ھێشتۆتەوە و بە چڕی ڕێژەی خەمۆکی و تووڕەیی بەرز دەکاتەوە و واچاوەڕێ دەکرێت ئامار و ھەژماری خۆکوژییەکان زیاد بکات.

کێشەی تەندروستی

جیا لە خەمۆکی کە ئاماژەی پێدرا، ھەندێک ئاڵۆزی دەروونی لە ناو ئافرەتاندا ھەیە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن دەبنە ھۆی خۆکوژی. ئەوانە بریتین لە وازوازی فکری-کرداری[6]، ئێسکیزۆفێرنی[7]، خۆشەیدایی[8]، کەسێتی شانۆیی[9]، وڕینە[10] و گومان لێبردنی[11] درێژخایەن، کێشەی سێکسی[12] و … . سەرەڕای ئەم کێشە دەروونییانە چەند کێشەی جەستەیی ھەن کە لە حاڵێکدا چارەسەر نەکرێن، یان پاڵپشتییەکی باش بۆ تووشبووانی ئەو نەخۆشییانە نەکرێت، دەتوانێت ببێتە ھۆی خۆکوژی. نەخۆشییەکانی ئایدز، ھێپاتیت، MS، شێرپەنجە، شەکرە، پووکانەوەی ئێسک و ھەندێک نەخۆشی درێژخایەنی دیکەن. ھاوکات لەگەڵ ئەمانەدا ھەندێک جار کەمئەندامی، قەڵەوی یان لاوازی زۆری نائاسایی دەبنە مایەی شەرم و لەدەستدانی بڕوابەخۆبوون، ناھومێدی و لە کۆتاییدا دەبنە ھۆکاری دەستبردن بۆ خۆکوژی.

شێوازەکانی خۆکوژی

ئەڵقاوێزکردن و خۆسوتاندن ھەمووکات باوترین شێوازی خۆکوژی بووە و ھەر لە ڕابردوودا لە ناو ژنانی کورد بۆ شێوازێکی سەرکەوتووانەی خۆکوژی بەکارھێنراوە. ئەڵقاوێزکردن بەردەوام سەرەکیترین ھۆکاری گیان لە دەستدان لە خۆکوژیدایە؛ بەڵام خۆسوتاندن لەم ساڵانەی دواییدا بە کەمی لە شاری سەقز بیندراوە و بە پێی زانیاری بەردەست، خۆکوژی بەو شێوازە ڕانەگەیەندراوە. شێوازێکی نوێ و زۆر سەرکەوتووانە بۆ خۆکوژی بە تایبەت لە ناو کچاندا خواردنی حەبی برینجە[13] کە بە چڕی جەستە ژەھراوی دەکات و لە ماوەی ٣ بۆ ٤ کاتژمێردا تەواوی سیستمی جەستە و مێشک لە کار دەخات. خواردنی ژەھری سیانۆڕ یەکێکی دەیکە لەو شێوازە سەرکەوتووانەیە بۆ خۆکوژی و کاتێک مرۆڤ بەکاری دێنێت بە زووترین کات سیستمی ئۆکسیژەن گەیاندنی جەستەی ڕادەوەستێنێت و دەیکوژێت. شێوازێکی دیکەی باو لە نێو ئافرەتاندا کە بە زۆری بەکاردێت حەب خواردنی زۆرە کە خۆی بە تەنیا نابێتە ھۆی گیان لەدەستدان؛ بەڵام کاتێک کە ئەندازەی حەبەکان زۆر بێت و چارەسەرێکی خێرای بۆ نەکرێت - وەکوو شۆردنەوەی گەدە – دەبێتە ھۆی گیان لەدەستدان. ئەم شێوازە زیاتر لە کاتێکدا ڕووئەدات کە مرۆڤ یان دەستیبە شێوازەکانی دیکە ڕاناگات یان بۆ ترساندن و سەرنجڕاکێشاندنی کەسانی دەوروبەری خۆیەتی کە بە دیتنی ئەو کارە دەرک بە کێشەکانی بکەن و یارمەتی بدەن. شێوازەکانی دیکەی خۆکوژی لە ناو ئافرەتاندا بڕینی دەمار و لەخۆدان بە چەقۆ یان بە تێخ بە تایبەت لە سەر دەست و ھەندێکجار لە سەر دڵ و دەموچاوە.

بەرگری کردن و دەرمان

 زۆرینەی ئەو کەسانەی وا ئامادەی خۆکوژین، بیر و ویستەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا باس دەکەن. ئەوان زۆرجار ھەندێک ئاماژە و نیشانە سەبارەت بە ویست بە مردن و ھەست بە بێسوودبوون و … دەردەبڕن کە تەواوی ئەم وتەگەلە نابێت پشت چاو بخرێن. کەسانی ئامادە بۆ خۆکوژی کۆمەڵێک نیشانە و تایبەتمەندییان ھەیە کە ئەگەر بێت و ئەوانە بناسێندرێت، تا ڕادەیەکی بەرچاو دەتوانرێت یارمەتی بدرێن. ئەو تایبەتمەندییانە بریتین لە: کۆمەڵێک ڕەفتاری دووری کردن لە کۆمەڵگا، لاوازبوون لە پێوەندی گرتن لەگەڵ خێزان و دۆستان، نەخۆشینی دەروون پزیشکی[14]، دڵەخورپە، ھەست بە گوناح و بێبایەخبوون یان شەرمەزاری، پێشینەی بنەماڵەیی خۆکوژی، ئاڵوگۆڕ لە کەسایەتی، بەدگومانی، خەمۆکی، زووھەڵچوویی، ئاڵوگۆڕ لە عادەتی خواردن و خەوتن، ھەوڵدانی پێشەکی بۆ خۆکوژی، لەدەستدانێکی گرینگ و نوێ وەکوو مردن، تەڵاق و جیابوونەوە، ویستی کتوپڕ بۆ ڕێکوپێککردنی کاروبارە کەسییەکان یان نووسینی وەسێت نامە، ھەست بە تەنیایی، سەرگەردانی یان ناھومێدی، یادداشت سەبارەت بە خۆکوژی، کێشە لە بواری تەندروستی جەستەیی یان تووشی نەخۆشی بوون، کۆمەڵێک ئاماژەی دووپاتەکراو سەبارەت بە مردن یان خۆکوژی. ئەو کەسانەی وا ئەم  نیشانانەیان تێدا ئاشکرا دەبێت دەبێ بە زووترین کات چارەسەرییان بۆ بکرێت. یەکێک لەو ھەوڵانە بۆ مەبەستی چارەسەرکردن، گوێگرتن، یەکدڵی و ھاوڕاییکردنی ئەو کەسە لە لایەن کەسانی نزیک و شارەزا و باوەڕپێکراوە. قسەکردن سەبارەت بە کێشە و ھەستەکان زۆرجار لە ئازاری دەروون و فکرە نەرێنییەکان کەم دەکاتەوە و بۆ ماوەیەک – ئەگەر کێشەکە زۆر چڕ نەبێت – دەتوانێت ئەو پرسە دوا بخات یان ئەو کەسە لە بڕیارەکە پاشگەز بخاتەوە. ئەو کارە ئەگەر لە لایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەو بابەتەدا (دەروونناس و پزیشکی دەروونی) بکرێت، ئاکامێکی باشی دەبێت و سەرەڕای ئەوەش، زیانێکی زیاتری نەخوازراو بەو کەسە ناگەیەندرێت. ھەروەھا لە دەرمان و بەرگری لە پرسی خۆکوژیدا کۆمەڵێک کار و ھەنگاو لە لایەن کەسانی پسپۆڕ دەبێت ئەنجام بدرێت کە بریتین لە:

پاڵپشتی کردن لە بواری ورووژەیی
کارکردن لە سەر فکرە خۆکوژییەکان
جەخت کردن لە سەر تواناییە ئەرێنییەکان
دەرمانی خەمۆکی (دارو یان دەروون دەرمانی)
دەخەو کردن لە نەخۆشخانە
ھاندانی نەخۆشەکان بۆ درێژەپێدان بە وەرگرتنی دەرمانەکان

حکومەت ھەروەھا پێویستە کۆمەڵێک ھەنگاو بۆ بەرگری و چارەسەرکردنی ئەو پرسە بنێت کە ئەگەر بێت و ئەوانە بە باشی ئەنجام بدرێن تا ڕادەیەکی زۆر نرخی ئەو کێشەیە کەمدەکات:  

دوورخستنەوەی دەرمان و پێداویستییەکانی تایبەت بە خۆکوژی لە کۆمەڵگادا
پێکھێنانی دەرفەتی پیشەیی و سەرقاڵی گونجاو بۆ ئافرەتان
چارەسەرکردنی  کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان
پێکھێنانی دەرفەتی شیاو بۆ سازدانی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
سنوردار و چارەسەرکردنی دەستخستنی ماددە ھۆشبەرەکان
سازکردنی ناوەندە بەرگری و یارمەتیدەرەکان

دژوارییەکان

١- بە ھۆی نەبوونی ئاگاداری ڕاست و کامڵ لە سەر ئەم بابەتە، ئامار و ھۆکارەکانی سەبارەت بەو کێشە لە ناو ژنان و کچانی شاری سەقزدا بەردەست نەکەوت و زانیاری ورد و خوازراو بەردەست نەھێندرا و بێگومان وردەکارییەکانی ئەو پرسە بە نھێنی دەمێنێتەوە و لە کۆتاییدا ئەوەی وا پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەنجام بدرێت، بە باشی و بەپێی پێویست ناکرێت.

٢- لە بەردەستدانەبوونی ئەو کەسانەی وا تووشی کێشەی خۆکوژی بوون یان ئامادەی ئەو کارەن، بە مەبەستی لێدوان و وەرگرتنی زانیاری ورد و کامڵ لە لایەن خۆیانەوە.

٣- دەسڕانەگەییشتن بە بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ئافرەتانەی وا بەھۆی خۆکوژییەوە گیانیان لە دەست داوە، بە مەبەستی دەرکەوتنی ھۆکار و وردەکارییەکان.

پێشنیارەکان

١-سازکردنی بنکە و ناوەندە پسپۆڕییەکان بۆ پاڵپشتی و یارمەتیدانی خێزان و ئافرەتان

 ٢-یارمەتی و دەرمانی خۆڕایی بۆ کەسانی دەستکورت و کەمداھات

٣-پێکھێنانی پۆل و قۆناغی تایبەت سەبارەت بە «فێرکاری کارامەییەکانی کۆمەڵایەتی[15]» لە لایەن کەسانی پسپۆڕ

 ٤-سازکردنی کۆمەڵێک بەرنامە و فێرکاری تایبەت لە لایەن پیاوانی شارەزا و باوەڕپێکراو بۆ توندوتیژی نەکردن  بەرامبەر بە ئافرەتان و ھەروەھا شێوازی پشتگریی کردنی گونجاو لە لایەن خودی پیاوانەوە

سەرچاوەکان:

١- دورکیم، ئێمیل، خۆکوژی؛ وەرگێڕانی سالارزادە، ١٣٧٧، دەزگای بڵاوکردنەوەی زانکۆی تەباتەبایی

٢- بەراوردکردنی ھۆکارە کاریگەرییەکانی کولتووری، کۆمەڵایەتی و دەروونناسی لە سەر خۆکوژی ژنان، ریاضی، سید ابوالحسن و نجفیان پور، بانودخت؛ ١٣٩٤.

3- A comparative study of the attitudes towards suicide among swedish and persian high school students.

4- Www.who. Com

 

[1].World Health Organization

[2]. Emile Durkheim

[3]. United Nations

[4].Multiple Sclerosis

[5]. Inflexibility

[6]. Obsessive-Compulsive Disorder

[7]. Schizopherenic

[8]. Narcissism

[9]. Dramatic Personality

[10]. Delusion

[11]. Hallucination

[12]. Sexual Disorder

[13]. Aluminium Phosphide

[14]. Psychiatry

[15]. Social Skills Training

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.