کوردستان میدیا

پێنجشەممه 25ی رەزبەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی ٢١ی خەرمانان سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە

18:59 - 25 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کەمپەینی ٢١ی خەرمانان، ڕۆژی پێکەوە بوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی، سپاسنامەیەکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان کە بە دەم کەمپەینەکەوە هاتن بڵاو کردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی خەرمانان، کۆمیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران کە بە هاوکاریی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، کەمپەینێکیان بۆ پێناسەکردنی ڕۆژی ٢١ی خەرمانان وەک ڕۆژی "پێکەوەبوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی" وەڕێ خستبوو و لە ١٠ هەتا ٢٢ی خەرمانان بەردەوام بوو، سپاسنامەیەکیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:

سپاسنامەی کەمپەینی پێکەوە بوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی

هاونیشتمانییان و کوردستانییانی وڵات پارێز، هەروەک بینیمان لە دوای ڕووداوی مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٧دا و لە سێدارەدانی پۆلێک لە لاوانی خەباتکاری کوردستان، خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان بەدەم بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتن و حەماسەیەکی مێژووییان بە ڕەنگی پێکەوەبوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی خولقاند.

 ئەمساڵیش بە یەکبوونی خەڵکی کوردستان و بە پێشوازی لەم کەمپەینە توانیمان بسەلمێنین کە ڕۆژی ٢١خەرمانان دەتوانێت وەکوو ڕۆژێکی مێژووی بە هێمای پێکەوەبوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی دیاری بکرێ.

بەڕێوەبەرانی کەمپەینی پێکەوەبوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی، ئەوپەڕی سپاس و دەسخۆشیی خۆی لە خەڵکی بەئەمەگ و وەفادار و نیشتمانپەروەری کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات.

بە سپاسەوە

کۆمیتەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران.