کوردستان میدیا

هەینی 1ی پووشپەڕ 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لە دەست دانی هاووڵاتییەکی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم

16:44 - 22 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا، هاووڵاتییەکی کورد تەمەن ٢٠ ساڵ بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگای سەقز – دیواندەرە کوژرا.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، ماشێنی هاووڵاتییەکی کوردیان لە رێگای سەقز – دیواندەرە کردووەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆ.

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە ئاکامی ئەم کردەوەیەدا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئەبوبەکر کوڕی ئیبراهیم بە هۆی بەرکەوتنی گولـلە گیانی لە دەست داوە.

لەم پەیوەندییەدا شایەتحاڵان رایانگەیاندووە کە هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ جۆرە هوشدارێکی راوەستانییان بەم هاووڵاتییە کوردە نەداوە و بە شێوەی راستەوخۆ کردوویانەتە ئامانجی تەقە.

تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران و هەروەها راوەدوونانی هاووڵاتییان لە رێگەوبانەکانی کوردستان ساڵانە کوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتیی کوردی لێ دەکەوێتەوە.

هێزەکانی رێژیم بەردەوام بە گومانی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ هاووڵاتییانی کورد دەکەنە ئامانجی تەقەی راستە وخۆ و ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆربەیان کاڵای قاچاغیان پێ‌ نییە.

ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەم پەیوەندییەدا دەرخەری ئەوەیە کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ٦٤ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم و وەرگەڕانی ماشێن بە هۆی راوەدوونانی هاووڵاتییان لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە، کوژراو و بریندار بوون.

ئاویەر.ت