کوردستان میدیا

دووشەممه 19ی سەرماوەز 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"گەورەترین تاوانی ماندێلای کوردستان کوردبوونە"

12:22 - 12 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران، دێرینەترین زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، لە مافی ئازادیی مەرجدار، کۆتاییی زیندانەکەی، گۆڕینی سزا و مەرەخەسیی جێژنانە بێبەش کردووە.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری و دۆسییەی عوسمان مستەفاپوور، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، لە بارەی ڕەوتی قەزاییی دۆسییەی مستەفاپوور باسی لەوە کردووە: "عوسمان مستەفاپوور، زیندانیی سیاسیی کورد ماوەی ٢٧ ساڵە کە تەنانەت یەک خولەکیش لە زیندانی ورمێ مەرەخەسیی پێ نەدراوە. کاتێک شانازیی ئەوەم پێ درا وکالەتی پەروەندەی عوسمان مستەفاپوور وەربگرم و لە زیندانی ناوەندیی ورمێ چاوم پێی کەوت، شکۆیەکم لە جەستەی ئەو تێکۆشەرەدا دیت. ڕدێنی سپی ببوو بەڵام هەروا لاو قیت و قۆز بوو، کاتێک قسەم لەگەڵی کرد شەرم دایگرتم کە بۆچی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە حەقی ئەو پیاوە گەوەردا زوڵمی کردووە. بەپێی ماددەکانی ١٣٣ و ١٣٤ی سزای ئیسلامی مافی نابراو لەبەرچاو نەگیراوە".

بە وتەی ئەحمەدی‌نیاز، دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران بەپێی ماددەی ٣ی یاسای دادڕەسیی کەیفەریی دەڵێت: "بنکە و ناوەندە دادوەرییەکان دەبێ بێلایەن و سەربەخۆ بە نیسبەت تۆمەتی وەپاڵدراو بە تاک دادوەری بکەن. دەبێ لە کەمترین ماوەدا بڕیار بدەن و لە هەر کارێک کە درێژه بە ڕەوتی دادگایی دەدات خۆ ببوێرن و پێشی پێ بگرن". دەزگای قەزایی ئەسڵی بێلایەنیی پێشێل کردووە و لەژێر ڕکێفی دەزگا و ناوەندە ئەمنییەتییەکان بەتایبەت ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێ بڕیاریان داوە. لە لایەکی دیکەوە هەر بەپێی خودی یاسای حکوومەتی ئێران دەبێ هەڵاواردن نەبێت، بەڵام لە لاپەڕە بە لاپەڕەی پەروەندەی ناوبراو هەڵاواردن دیارە و و کوردبوون گەورەترین تاوانی عوسمان مستەفاپووره".

ئەو پارێزەرە وتیشی: "بەپێی یاسای ٣٤ی بنەڕەتیی ئێران، دادویستی مافی بێ ئەملاوئەملای هەر کەسێکە و تاک دەتوانێت بۆ وەرگرتنی مافی خۆی لە دادگاکان بەدواداچوونی کارەکانی بکات. هەموو کەسێک ئەو مافەی هەیە دەستی بەو دادگانە بگات و ناکرێت هیچ کەس لەو مافە بێبەری بکرێت".

ناوبراو لەو وتووێژەدا باسی لەوە کردووە: ''سەرجەم کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر عوسمان مستەفاپووردا کارێکی زاڵمانەیە و هەموو یاساکانی خۆیان پێشێل کردووە. دەزگای قەزاییی ئێران لێوانلێوە لە بێعەداڵەتی و زوڵم و ستەم".

ئەحمەدی‌نیاز لە بەشێکی وتووێژەکەیدا وتوویەتی: "کاتێک سەدان بەرگ کتێبی یاسا و ماف لە کتێبخانەکاندا دەبیبنم، شەرمساری کاک عوسمان مستەفاپوورم؛ چونکە کتێبی یاسا و زانستی ماف نەیتوانیوە یارمەتی به ناوبراو بکات".

ماوەیەک پێش لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێ داواکاریی ناوبراو بۆ ئازادیی مەرجدار ڕەت کردەوە.

عوسمان مستەفاپوور  ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٧٠ لە گەلی بەردەرەشی ورمێ دەسبەسەر کرا و بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا. ئەو حوکمە ساڵی ٩٢ لە لایەن قازی "چابۆک" لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بۆ ٣٥ ساڵ گۆڕدرا.