کوردستان میدیا

سێشەممه 29ی جۆزەردان 2718
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهید مامۆستا عەلی خۆجە لە ئاڵمان کرایەوە

20:38 - 17 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: بە بەشداری مەسعوود تەک سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان یادی شەهید رەمەزان ئادیگوزەل لە وڵاتی ئاڵمان کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕ لە شاری برێمن و بە بەشداری مەسعوود تەک سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان یادی شەهید رەمەزان ئادیگوزەل( مامۆستا عەلی خۆجە) کرایەوە کە تێیدا شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتی لاوانی دێموکرات بەشداریان کرد.

لە سەرەتای ڕێورەسمەکەدا بەرێز مەسعوود تەک باسێکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد. تەک لە قسەکانیدا وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی شەهید مامۆستا عەلی وەک کادرێکی شارەزا و لێهاتوو لە نێو ریزەکانی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، ئاماژەی بە خەباتی ئەو تێکۆشەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کرد کە لە ساڵانی ٨٠ و ٨١ی زایینی لە ناوچەی سۆما برادۆست لە دژی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و لە نێو ڕەفی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک کادرێکی بە ئەزموون و خوێندەوار درێژەی بە خەبات دا و دواتر چۆتە نەغەدە و سەردەشت و لە زۆر شەڕدا لە دژی داگیرکەرانی کوردستان بەشداری کردووە.

لە رێورەسمی یادی ٣٠ی ساڵەی شەهید مامۆستا عەلی خۆجە پەیامی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتی لاوانی دێموکرات لە لایەن شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتە خوێندرایەوە.

شەهید رەمەزان ئادیگوزەل ناسراو بە مامۆستا عەلی خوجە یەکێک لە کادرە دیارەکانی پارتی سۆسیالیستی کوردستان بوو کە لە ڕێکەوتی ٣ی مانگی مەی ١٩٨٧ی زایینی تێرۆر کرا.