کوردستان میدیا

یەکشەممە 28ی رەزبەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢٥ی گەلاوێژ بەرز ڕادەگیرێت

13:31 - 16 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە پێشوازی ٢٥ی گەلاوێژەوە چوون و پشتیوانییان لە ڕاسان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، چاونەترسانی دێموکرات لە گوندی "هێیە"ی شاری شنۆ، بۆ پێشوازی لە ٢٥ی گەلاوێژ و پشتیوانی لە خەباتی پێشمەرگە و ڕاسان، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

دروشمەکانی ئەم چالاکییە بریتی بوون لە: "قاسملوو نامرێ، ڕاسان بەردەوامە، بژی ڕاسان و مەرگ بۆ جاش".

هەروەها شۆڕشگێڕانی ڕێبازی قاسملووی شەهید لە گوندی "خورشتـ"ـی شاری شنۆ، بە نووسینی دروشمگەلێکی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یادی ئەو ڕۆژەیان پیرۆز کرد و ئەمەگداریی خۆیان بۆ خەباتی پێشمەرگە دەربڕی.

دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆز بێت، درێژەدەری ڕێگەی شەهیدانین، بەردەوامی بۆ ڕێبازی قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی، ٢٥ی گەلاوێژ پیرۆز بێت، وەفاداری بە دێموکرات وەفادارییە بە ڕێبازی شەهیدان و بژی ڕاسان".

هەروەها، چیاباوەڕانی دێموکرات لە شاری دێولان، شەوی یەکشەممە، ١٣ی گەلاوێژ، لە چالاکییەکی بەریندا و بە نووسینی دروشم، بە پیریی ٢٥ی گەلاوێژەوە چوون.

ئەو شوێنانەی چالاکیی لێ ئەنجامدرابوو بریتی بوون لە: "گەڕەکی جەهادگەران، گەڕەکی شافعی، مەسکەنی مێهر، شەهرەکی بەهاران".

دروشمەکانی ئەو چالاکییەش بریتین لە: "حیزبی دێموکرات قوتابخانەی شۆڕشە، بژی قاسملوو، ٢٥ی گەلاوێژ، بژی ڕاسان، بژی حدکا، وەفاداری بە حیزبی دێموکرات وەفادارییە بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان، بەردەوامی بۆ ڕێبازی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی، ڕاسان بەردەوامە و بژی دێموکرات ".