کوردستان میدیا

سێشەممه 23ی رەزبەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران، خۆپیشاندەرانی عێراقی بۆ داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا هان دەدات

11:59 - 14 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، خەڵکی ناڕازیی عێراق بۆ هێرش و داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا لەو وڵاتەدا هان دەدەن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ئامریکا، ئیسرائیل و عەرەبستان، بە هۆکاری ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق دەزانن و خۆپیشاندەران بۆ داگیرکردن و هێرش کردنە سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لەو وڵاتەدا هان دەدەن.

"حوسێن شەریعەتمەداری"، نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژنامەی کەیهاندا، خەڵکی عێراقی بۆ داگیرکردنی باڵوێزخانەیی ئامریکا لە عێراقدا هان داوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "بەڕوونی بەرچاوە کە دەست و پێوەندییەکانی ئامریکا، ئیسرائیل، عەرەبستان و ڕێژیمی بەعس، لەم خۆپیشاندانانەدا کاریگەرن و خەریکی ناسەقامگیرکردنی عێراقن".

ڕێژیمی ئێران، خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراقی، پیلانێک بۆ کەمبایەخکردنی "ئەربەعەین" لە لایەن وڵاتانی دەرەکییەوە ناو لێ بردووە.

ئەو وتانەی بەرپرسانی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە خۆپیشاندەران، بە وتنەوەی دروشمگەلێک دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، خوازیاری کۆتایی پێهێنانی دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە و گرووپە گرێدراوەکانی ئەو ڕێژیمەن لە عێراقدا.

"ئەحمەد ئەلجەبووری"، نوێنەری پارلمانیعیراقیش لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسایەتیی کوژرانی خۆپیشاندەرانی عێراقی، لە ئەستۆی پاسدار "قاسم سلێمانیـ"ـدایە و تەقە لە خۆپیشاندەران بە فەرمانی ئەو ئەنجام دراوە.