کوردستان میدیا

سێشەممه 23ی رەزبەر 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٧ـەمین ساڵیادی شەهیدانی میكۆنۆس لە ستۆکهۆڵم بەرز ڕاگیرا

16:14 - 1 رەزبەر 2719

کوردستانی میدیا: بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور "سادق شەرەفكەندی" و هاوڕێیانی، لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتەوە لە ستۆکهۆڵم و بە بەشداریی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، سێمینارێک بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممه‌، رێكه‌وتی ٣٠ی خەرمانان، به‌ به‌شداریی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی حیزب و له‌ یادی 27ـه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی شه‌هیدانی میكۆنوسدا، سێمینارێكی سیاسی له‌ ستۆكهۆڵم به‌ڕێوه‌چوو كه‌ تێیدا هه‌ڵسه‌نگاندنێكی زانستی بۆ ئێسته‌ و داهاتووی كورد له‌ ئێراندا كرا.

پاش سروودی نه‌ته‌وه‌یی" ئه‌ی ڕه‌قیب" و خووله‌كێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شه‌هیدان، پەیامی كۆمیتەی گشتيی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە سوئید، لە لایەن "مه‌ولوود عه‌بدیلزاده‌"، به‌رپرسی كۆمیته‌کە‌ خوێنرایەوە كه‌ تێیدا ئاوڕێكی مێژوویی له‌ شه‌هیدانی بێرلین درایەوە‌.

دواتر، په‌یام و برووسكه‌ی هێز و حیزبه‌ كوردستانییه‌كان بۆ ساڵیادی شه‌هید دوکتور "سه‌عید" و هاوڕێیانی خوێنرانه‌وه‌ و نوێنه‌ری حیزبی سۆسیال دیمۆكراته‌كانی سوئید ڕاسته‌وخۆ په‌یامێكی بیرهێنانی شه‌هیدانی پێشكەش كرد.

ئەو حیزب و لایەنانەی پەیام و برووسكەیان ناردبوو بریتین بوو لە: "پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکێتيی نیشتیمانيی کوردستان، کۆمیتەی هاوکاريی هێزە سیاسییەکانى کوردستان لە سوئید، حیزبی سوسیالیستی کوردستان "باکوور" و هه‌روه‌ها فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوئید" كه لە لایەن كۆمیتەی گشتییەوە سپاسی هەموویان كرا.

سێمیناره‌كه‌ له‌ شێوه‌ی گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ بوو كه‌ به‌ڕێزان دوکتور "ئیدریس ئه‌حمه‌دی"، شاره‌زای سیاسی و ئه‌كادیمیسیه‌نی كورد و هه‌ر‌وه‌ها دوکتور "خالید خه‌یاتی"، شاره‌زای سیاسی، باسیان له‌ ڕه‌وتی ئێسته‌ی ڕووداوه‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین كرد و له‌سه‌ر ڕۆڵ و پێگه‌ی كورد بۆ ئێسته‌ و داهاتوو ورد بوونه‌وه‌.

"ئیدریس ئه‌حمه‌دی" به‌ جوانی سیاسه‌ته‌كانی ئا‌مریكای شیكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی ئێسته‌ى واشنتۆن به‌رامبه‌ر بە ئێران كرد و ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ كورد پێویستی به‌ لێك تێگه‌یشتن و هاوئاهه‌نگیی نێوخۆیی هه‌یه‌ تا بتوانێت له‌ گۆڕانكارییه‌كاندا سوودمه‌ند بێت.

هاوكات دوکتور "خالید خه‌یاتی" شیكردنه‌وه‌یه‌كی زانستیی بۆ گرینگیی شوناسی كورد كرد و به‌ پێویستییه‌كی گرینگی ناو برد هەتا كورد بتوانێت پێگه‌ی ڕه‌سه‌نی خۆی له‌نێو ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا بدۆزێته‌وه‌ و بیپارێزێت.

خوێندنه‌وه‌ى شێعر و هۆنراوه‌ بۆ شه‌هیدانی بێرلین له ‌لایه‌ن "عه‌زیز مورادپه‌رست" و "جه‌ماڵ ڕه‌حمانی"، به‌شێكی تری به‌رنامه‌كه‌ بوو.