کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات: ئەزموون و دەسکەوتەکانی ١٠٠ ڕۆژی ڕابردووی ڕاپەڕێنی ژینا، سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵک بە سەر ڕێژیمی دیکتاتۆریدا دەنوێنێ

13:56 - 5 بەفرانبار 2722

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا ئیرادەی بەردەوامبوونی گەلانی ئێران لە درێژەدان بە ڕاپەڕین و هەڵوێستی وشیارانەی کوردستانی لەم پێوەندییەدا بەرز نرخاند.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٤ی دیسامبری ٢٠٢٢ی زایینی، ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوکات لەگەڵ تێپەڕینی ١٠٠ ڕۆژ بەسەر ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەم ڕاپەڕینەی لە ڕەهەند و بەستێنی جۆراوجۆری کوردستانی، ئێرانی و نێونەتەوەییدا تاوتوێ کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەی بەڕێوەبەریی حیزبدا بەڕێز کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دانەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین سەفەری بۆ دەرەوەی وڵات و بەشدارییان لە کۆنگرەی ئینترناسیونال سۆسیالیست و دیدارەکانی لەگەڵ کۆڕ و پارلمانتارانی ئورووپایی بە بەڕێوەبەریی حیزب، لەسەر ڕەوتی جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران و کوردستان دژ بە دیکتاتۆری لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژەی ڕاپەڕینی ژینا‌دا باسێکی سیاسیی پیشکەش کرد.

بەڕێز بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە سەرەتای باسەکەیدا بە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕوانگە و هەڵوێستەکانی حیزب لەسەر ئەم ڕاپەڕینە و وڵامدانەوەی خەڵکی کوردستان بە داوا و بانگەوازەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئاماژەی بە سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان کرد. هەروەها بەڕێزیان لە درێژەی باسەکەیدا هاوکات لەگەڵ دەستنیشانکردنی دەسکەوتە گرینگ و پڕبایخەکانی ئەم ڕاپەڕینە لە ماوەی کورتی چەند مانگی ڕابردوودا، لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە باسی لە خاڵە لاوازەکانی پێوەندیدار بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە کرد.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە وردبوونەوە لە ئاستی بەشداریی خەڵک لە مانگرتن و خۆپێشاندانەکان، نێوەڕۆکی دروشم و داخوازییەکان، ئاستی سەرکوتی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، بەشداریی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە، ڕۆڵ و کاریگەریی کوردستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئاستی پشتیوانیی دیاسپۆرای کورد و ئێرانی، دەوری تەشکیلاتی حیزب و کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە خەڵکی ڕاپەڕیو دژ بە دیکتاتۆری لە ئێران، هاوپێوەندیی و هاوکاریی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و پرسی ئاڵترناتیڤ بۆ ئێرانی دواڕۆژ، لەو باوەڕەدا بوو کە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژینا دژ بە دیکتاتۆری لە ماوەی ١٠٠ڕۆژەی خۆی‌دا گەلێک هەنگاوی پڕ لە دەسکەوت و ئەزموونی بڕیون و ئەوەی تا ئێستا براوەی ئەم گۆڕەپانەیە، گەلانی مافخوازی ئێرانن.

لە پێوەندیی لەگەڵ کوردستاندا ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب وێڕای قورس و گران بەراوەردکردنی تێچووەکانی تا ئێستای ئەم ڕاپەڕینە کە بریتین لە شەهید و برینداربوونی سەدان و هەزاران کەس و دەستبەسەرکرانی هەزارانی دیکە لە لاوانی نیشتمان، ڕۆڵی وشیارانەی کۆمەڵگەی کوردستانی لەم ڕاپەڕینەدا بەرز و بەرچاو لە قەڵەم‌ دا کە بەپێی هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەریی حیزب، کۆمەڵێک دەرفەتی بۆ حیزبە سیاسییەکان و خودی کۆمەڵگەی کوردستان خوڵقاندووە.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوکات لەگەڵ بەدەسکەوت گرتنی ڕۆڵی بەرچاوی ژنان و لاوان لە خۆپێشاندانەکان و ڕۆڵی بەرچاوی کاسبکاران و بازاڕییان لە داخستنی دووکان و بازاڕ و مانگرتنەکان، هاتنە مەیدانی خوێندکاران، مامۆستایان و قوتابیان لە زانکۆ و قوتابخانەکان و هەڵوێستی نەتەوەیی و پشتیوانیی دەروەستانەی مامۆستایانی ئایینی لە خەڵکی ڕاپەڕیو، نەبوونی ڕێبەرییەکی گشتگیر بۆ قۆناغی ئێستای ڕاپەڕینەکە و ئاڵترناتیڤ بۆ بەڕێوەبەریی سیاسیی دواڕۆژ لە ئێرانی بە یەکێک لە کەمایەسییەکان زانی. لەم پێوەندییەدا بەسەرنجدان بە ڕۆڵ و قورسایی حیزب و لایەنەکانی کوردستان و چاوەڕوانییەک کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکرێ، بەڕێوەبەریی حیزب لە هەر دوو بەستێنی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا کارکردن بۆ لابردنی ئەم کەمایەسییەی بە زەرووری زانی.