کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێفراندۆمەکەی ئێمە و ئەوان!

10:34 - 12 خاکەلێوه 2723

ئاگری باڵەکی

کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران بە بەشداریی هەراوی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتە سەرکەوت، ئیسلامیستەکان دەستیان بەسەردا گرت و پاش بەناو ڕێفڕاندۆمەکەی "کۆماری ئیسلامیی ئێران" خومەینی لە نوتقی خۆی لە ١٢ی خاکەلێوەدا گوتی: "ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی‌ خودایه‌ كه‌ دادپه‌روه‌ری‌ داده‌مه‌زرێنێ‌، پاشایه‌تی‌ تێك ده‌شكێنێ ‌‌و ده‌یخاته‌ نێو زبڵدانی‌ مێژوو."
لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێراندا کوردەکان وەک یەکێک لە نەتەوە دابەشکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوه‌ڕاست هەمیشە لەژێر زەبروزەنگدا بوون، لەو کاتەوەی کوردەکان یەکەمین ڕاپەڕینە ناسیۆنالیستیەکانیان لە کوردستانی ئێران دەست ‌پێ‌ کرد حکوومەتە پاشایەتییەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، بی‌ئەوەی لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو شۆرشانە بپرسن، ڕاپەرینەکانیان بە هێزی سەربازی سەرکوت دەکرد. ئەو سەرکوت و زەبروزەنگەش لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا نەک کەمی نەکرد، بەڵکوو ڕۆژبەرۆژ پەرەی سەندووە.
ڕێفڕاندۆمەکەی ١٠ی خاکەلێوەی کۆماری ئیسلامی کە ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوە ئاکامەکەی ڕاگەیەندرا، حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان بایکۆتیان کردبوو. بەڵام ئەوان لە میتینگەکەی ١١ی ڕەشەممە مانگێک پێشتردا کە بەحەق وەک ڕێفڕاندۆم دەچوو، دەنگی «بەڵێ»ی خۆیان بە حیزبی دێموکرات دابوو و ئەم حیزبەیان وەک نوێنەری خۆیان هەڵبژاردبوو.
ڕێفڕاندۆمی دیاریکردنی جۆری نیزامی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران گەڵالەکردنی پرسیارێک بوو کە "ئایا لایه‌نگری‌ ئه‌وه‌ هه‌ن كۆمارێكی‌ ئیسلامی‌ جێگه‌ی‌ پاشایه‌تی‌ بگرێته‌وه،‌ كۆمارێك كه‌ دواتر یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی‌ په‌سند ده‌كرێ؟ ئا یان نا".
پاشخانی سیاسیی کورد و ئەزموونی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆسپێکی گەورەی بەردەم ئایەتوڵڵاکانی تاران بوون، بەتایبەت کە کوردەکان بە ژیریی سیاسیی خۆیان کە دەیانزانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێ بەدیهێنەری حکوومەتێکی دێموکراتیک بێت و دەستەبەری مافەکانیان بکات؛ ئەم ڕێفڕاندۆمەیان بایکۆت کردبوو. هەروەها خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی متمانەی خۆی بە حیزبی دێموکرات بەخشیبوو.
پاش ٤٤ ساڵ جیاوازییەکی نێوان ئەو دوو ڕێفراندۆمەی کوردەکان بە یەکیان گوت بەڵێ و ئەوەی تریان بایکۆت کرد، پتر دەردەکەوێ. "نا"ی کوردی ئێران بە ڕێفراندۆمی ١٠ی خاکەلێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاکامەکانی زوو دەرکەوتن کە فتوای خومەینی دژی نەتەوەی کورد لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ دەسپێکی نێوەرۆکی دەسەڵاتێک بوو کە باڵی بەسەر وڵاتدا کێشابوو.

کوردەکان لەو سەردەمەدا لە قودرەتدا بوون، وەفدی حکوومەتی ناوەندی سەردانی کوردستانی دەکرد و وادە و بەڵێنی زۆر دەدران، بەڵام ئەو به‌ڵێنانه‌ تەنها بۆ کات کوشتن بوو، ئەوان ماوەی چەند مانگ بە بیانووی دانیشتن لەگەڵ کوردەکان کاتیان بۆخۆیان کڕی و لەو ماوه‌یەدا تاران توانی خۆی کۆ بکاتەوە و بە زەبری هێز و لەشکەرکێشی کوردستان بخاتەوە ژێر ڕکێفی نیزامیی خۆیەوە.
حکوومەتی ناوەندی بە سەرنجدان بە کاریگەریی میتینگی ١١ی ڕەشەممە و قورسایی حیزبی دێموکرات لە هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستاندا ترسی ڕێ نیشتبوو، بۆیە کەوتە پیلانگێڕی هەتا لە ڕێگای تەفرەقەنانەوە لە نێوان کورد و تورکەکان پرسی کوردەکان لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلا بکاتەوە؛ بەڵام نەیتوانی ئەو ئامانجە بەو شێوەیە کە خۆی مەبەستی بوو بپێکێ. هەربۆیە بە هێزی سەربازیی بێ‌ژمار هێرشی بەرینی کردە سەر کوردستان و داگیری کرد.

لە کتێبی "خولیا و مەرگی قاسملووی کورد"ودا کارۆڵ پرونهۆبێر ئاوا باس لە ڕووداوەکانی دوو ڕۆژ پێش ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی دەکات: "دوو ڕۆژ پێش ڕێفراندۆم، قاسملوو چوو بۆ شاری‌ قوم. داوای‌ دانیشتنی‌ ده‌گه‌ڵ‌ خومه‌ینی‌ كرد، ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی‌ ڕێبەریی حیزبیشی‌ ده‌گه‌ڵ‌ بوون. قاسملوو ده‌یگێڕایه‌وه‌: كاتێك وه‌ژوور كه‌وتین، به ‌سه‌دان ژن ‌و منداڵمان له‌ هۆده‌كه‌ی‌ خومه‌ینیدا چاو پێ‌كه‌وت. ئایه‌توڵڵا له‌كاتێكدا له‌سه‌ر زه‌وی‌ دانیشتبوو‌، و قاچه‌كانی‌ تێك به‌زاندبوون، كڵۆ قه‌ندێكی‌ هه‌ڵ ده‌گرت‌ و ده‌زاری‌ ده‌نا ‌و دوایه‌ش ده‌ری‌ دێنایه‌وه‌‌ و ده‌یدا به‌ یه‌كێك له‌و كوڕه‌ چكۆلانه‌ی‌ له‌ته‌نیشتی‌ دانیشتبوون... چوومه‌ لای‌ ئه‌حمه‌دی‌ كوڕی ‌‌و پێم گوت هه‌زار كیلۆمیترمان ڕێگه‌ بڕیوه ‌‌و هاتووین بەته‌نیا بیبینین. ئه‌حمه‌د گوتی‌: "پێنج خوله‌ك ڕاوه‌ستن". ماوه‌ی‌ كاتژمێرێك به‌ته‌نیایی‌ ده‌گه‌ڵ خومەینی بووم. هه‌لومه‌رجه‌كه‌م بۆ شی‌ كرده‌وه ‌‌و پێخۆشبوونی‌ خۆمان بۆ به‌شداری‌ له‌ ڕێفراندۆم ‌و ده‌نگدان به‌ كۆماری‌ ئیسلامی پێ‌ ڕاگه‌یاند به‌و مه‌رجەی‌ داخوازه‌كانمان دابین بكرێن. خومەینی له‌ حاڵێكدا سه‌ری‌ شۆڕ كردبۆوه‌ گوتی‌: "ئه‌وه‌ كاری‌ من نیه‌". بێ‌ئه‌وه‌ی‌ چاوم لێ‌ بكا‌ گوتی‌: بڕۆ بازرگانی‌ ببینه و به ‌پرته‌پرت ئاماژه‌ی‌ به‌و پێشنیاره‌ كرد كه‌ پاش ڕووداوه‌كانی‌ سنه‌ درابوون ‌و گوتی‌: "ئایه‌توڵڵا تاڵه‌قانی‌ پێشتر ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاو كردۆته‌وه‌. له‌وه‌ زیاتر چتان ده‌وێ؟ دوکتور قاسملوو دەڵێ "سه‌رله‌نوێ‌ پێم له‌سه‌ر قسه‌كانی‌ خۆم داگرت ‌و گوتم كه‌وابوو كاتێك لێره‌ چوومه ‌ده‌ر ئێوه‌ ڕێگام پێ ده‌ده‌ن به‌ ڕاشكاوی‌ ڕابگه‌یه‌نم كه‌ ئێوه‌ ده‌گه‌ڵ‌ ئه‌و پرسانه‌ هه‌ن كه‌ تاڵه‌قانی‌ به‌ڵێنی‌ پێ‌داوین؟". خومەینی بێ‌ سێ‌‌ودوولێكردن گوتی‌: "به‌ڵام، نازانم ئه‌و چیی‌ گوتووه‌. ئێمه‌ هه‌موومان موسوڵمان ‌و برای‌ یه‌كترین". كاتێك پێمان له‌سه‌ر داخوازه‌كانمان داگرت، گوتی‌ حاڵی‌ باش نییه ‌‌و بێ‌‌ئه‌وه‌ی‌ چاوێكمان لێ بكا، له‌ هۆده‌كه‌ وه‌ده‌ر كه‌وت. ئێمه‌ش هه‌ستاین ‌و له ‌ماڵه‌كه‌ چووینه ‌ده‌ر. دیتمان له‌سه‌ر بانه‌كه‌وه‌ ده‌ست بۆ خه‌ڵكی‌ ڕاده‌تڵه‌كێنێ‌. سواری‌ ماشێنه‌كانمان بووین‌ و پێش ئه‌وه‌ی‌ له‌ شاری‌ قوم وه‌ده‌ر كه‌وین، بڕیارمان دا له‌ ڕێفراندۆمدا به‌شدار نه‌بین."

هەڵسوکەوتی خومەینی بەئاشکرا دەیسەلمێنێ کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە باوەڕی بە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کورد نەبووە و، بۆ خۆ چەسپاندن هەموو کارێکی کردوە.
ئەگەرچی ڕەوتی ڕووداوەکان نەیهێشت ئەو حیزبەی لە ڕێفڕاندۆمەکەی ١١ی ڕەشەمەدا دەنگی متمانەی خەڵکی کوردستانی وەرگرت و دوایەش ئەو متمانەیە لە چەند بۆنەی دیکەدا دووپات بوویەوە بەئاشكرا لە نێوخۆی کوردستان دەوری کاریگەریی خۆی ببینێ و شەڕێکی خوێناوی و درێژخایەنی بەسەردا سەپا؛ بەڵام دوای ٤٤ ساڵ خەڵکی کوردستان هەر لە پشتیەتی. بەڵام ڕێفراندۆمەکەی خومەینی کە لە ڕواڵەتدا سەرکەوتبوو، ئەمڕۆ چارەنووسەکەی بەتەواوی ڕوونە.

لە ٤٤ ساڵەی ١٢ی خاکەلێوەدا کە سەرکەوتنی ڕێفڕاندۆمی کۆماری ئیسلامیی تێدا ڕاگەیەندرا، ئێستا شۆڕشێکی بەرین و بەهێز بەڕێوەیە کە ئامانجەکەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە.