کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مازۆخیزمی کۆماری ئیسلامی

23:00 - 22 خاکەلێوه 2723

شەماڵ تەرغیبی

"نەمانی ڕەوایی" یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکان یان باشترە بڵێین یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی داڕمان و ڕووخانی دەسەڵاتێکی سیاسییە. کۆماری ئیسلامی لە ئێستەدا گیرۆدەی ئەم دیاردە بووە و لەڕاستیدا ڕووداوەکانی شەش مانگی ڕابردوو ئەو ڕاستی و هەقێقەتەمان زیاتر پیشان دەدات؛ هەربۆیە بێ پێچوپەنا و شیکاری زیادی دەتوانین بڵێین ئەوەیکە ساڵانێکە ڕێژیمی تاران لێی دەترسێ و تووشی خەونەمارانەی دەکات لە ئێستەدا هاتووەتە دی.

لە بەرامبەریەکتر ڕاوەستانی دەسەڵات و خەڵک و سازبوونی ئیرادەی "نا"وتن بە دەسەڵات، مژارێکە کە بەپێچەوانەی ئیرادەی دەسەڵات بە کۆکردنەوەی ناڕازییان و لە زیندان‌خستنیان نەتەنیا چارەسەر نابێت بەڵکوو بۆخۆی دەبێتە هاندرێک بۆ زیاتربوون و بەهێزتربوونی تەوژمی ناڕەزایەتی؛ ڕەنگە دەسەڵات بتوانێ بە سەرکوت و زەبروزەنگ بۆ ماوەیەک کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێنێ بەڵام بەدڵنیاییەوە ناتوانێ بۆ هەمیشە و لە درێژماوەدا خەڵک لە داخوازی و ویستەکانیان بکشێنێتەوە. ئەمە کەتوارێکی ئەزموونکراوە و بەدرێژایی مێژوو دەرەنجامی بەپێچەوانەی هەبووە. ئەوەیکە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەزموون کراوە بریتی بووە لە بڕیاردان لە کاتی تەنگانە بۆ خۆدەربازکردن لە قەیران کە هەموو کات بۆخۆی بووەتە مایەی سەرهەڵدانی ئاریشە و قەیرانی نوێتر؛ ئەمەش بەو هۆیەوە کە بڕیارەکان لە تەنگەتاوی و بێ بیرکردنەوە و سادیستییانە دراون.

ئەوەیکە لەم بابەتەدا زیاتر دەکرێتە دەسمایەی نووسین، لەڕاستیدا دیاردەیەکە بەناوی مازۆخیزمی کۆماری ئیسلامی!

مازۆخیزم لە زانستی سایکۆلۆژی یان دەروونناسیدا بە جۆرێک گرفتی جەندەری – ڕەوانی دەوترێ کە تێیدا تاک بۆ چێژوەرگرتن، خۆی دەخاتە نێو بازنەیەکی ئازارهێنەر و بە ئازاردانی خۆی لە باری ڕەوانی و جەستەییەوە هەست بە خۆشی و چێژ دەکات.

هەنووکە کە دەسەڵات لە ئێراندا بەشێوەی یەکدەست و تاکڕەهەند بەڕێوە دەچێ و ڕوون بۆتەوە کە ئیتر بیانوو و پاساوەکانی وەک گەمارۆ نێونەتەوەییەکان تەنیا شوێندانەرییەکی کەمیان لەسەر ئابووریی سەقەت و لاوازی ئێران هەبووە، ڕوون دەبێتەوە کە کردار و ئاکاری دنەدەرانەی دەسەڵات بۆ سەرکوتی شەقام سەرچاوەگرتوو لە بیرکردنەوەیەکی نەخۆشە کە تێیدا دەسەڵات بۆ چێژوەرگرتن وەک تاکێکی تووشبوو بە مازۆخیزم ئازاری خۆی دەدات.

ڕووداوەکانی زیاتر لە 200 ڕۆژی ڕابردوو لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا و سەرکوتە خوێناوییەکانی ئەو ماوەیە، لەڕاستیدا جۆرێک نەهێشتنی ڕەوایی بوو کە دەسەڵات بۆ خۆی لە ئەنجامی کەشێکی پڕاوپڕ لە خۆبەزلزانی درۆیین لە دژی خۆی ئەنجامی دا.

دەسەڵات تووشی چەشنێک لە نەفامی و هەڵەبیرکردنەوە و هەڵەبڕیاردان بووە؛ ئەمەش هەم لە ئاستی سیاسەتی دەرەکیدا خۆی دەنوێنێ و هەمیش لە ئاستی سیاسەتی نێوخۆیی. بۆ وێنە لە ڕەوتی دانوستانەکان بۆ بەرجام ئەو کاتە کە دەیتوانی بە ئەنجامێکی پۆزەتیڤی بگەیەنێ هەنگاوی هەڵەی هەڵێنایەوە و دڵخۆش بوو بەوەیکە ئورووپا لە وەرزی زستاندا تووشی سەرمایەکی کەموێنە دەبیت و بەهۆی شەڕی ئۆکڕاین و ڕووسیەوە لەمەڕ دابینکردنی وزە گرفتار دەبێ و ناچار دەبێ کە خواستەکانی ئێران جێبەجێ بکات بەڵام وەرزی سەرماش تەواو بوو و ئێستە دەبینین کە ئەوە کۆماری ئیسلامییە دیسانەوە دەپاڕێتەوە تاکوو چارەسەرێک بۆ بەرجام ببیندرێتەوە و لایەنی ڕۆژاواییش فیلی سوارە!

ئەم دەسەڵاتە بێشک خۆڕووخێنەرترین دەسەڵاتی سیاسی مێژووە کە هۆکار و بنەچەی سەرەکیشی دەگەڕێتەوە بۆ وەڵامدەرنەبوونی "نوێنەری خودا لەسەر عەرز" کە زۆرترین دەسەڵاتی ئیجرایی هەیە بەبێ ئەوەیکە هیچ کەس یان نیهادێک توانای لێپرسینەوەی لێی هەبێ.

ئەوەیکە ڕوونە و جێگای مشتومڕی نەهێشتووەتەوە لە ڕاستیدا ئەو کەتوارەیە کە ئەم دەسەڵاتە لە ڕێڕەوی خۆڕووخاندندایە و چرکەبەچرکە بەهۆی ئەو بڕیارە سادیستی و مازۆخیزستییانەی کە دەیدات زیاتر خۆی لە گەنداوی ڕووخان نیزیک دەکاتەوە. ئەم سیستمە دەسەڵاتدارییە ئەگەر تەنانەت هیچ دوژمنێکیشی نەبێ ئەوا دوژمن بۆ خۆی ساز دەکات و ئەگەر هیچ کیشە و ئاریشەیەکیشی لەگەڵ خەڵکدا نەبێت ئەوا هەوڵ دەدات کە ئەو ئاریشەخوڵقێنییە بکات، وەک لە چەند مانگی ڕابردوودا بینیمان، کە ئەمە بەواتای مازۆخیزمێکی سیاسییە کە تاران پێڕەوی لێ دەکات.