کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: بەدەر لەوەی خەتای لێکدابڕانەکانمان بخەینە ئەستۆی ئەم و ئەو، با بە خۆماندا بێینەوە و بیر لە گرێبەستێکی نەتەوەیی بکەین

19:35 - 8 جۆزەردان 2723

(دەقی وتاری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە کۆنفڕانسی ١٠٠ ساڵەی پەیماننانەی لۆزان‌دا)

خوشک و برایانی خۆشەویست!

سڵاوێکی گەرمتان عەرز دەکەم و دەستخۆشی دەکەم لە هەموو ئەو هاوڕێیانە کە ماندووبوون بۆ پێکهێنانی ئەو کۆنفڕانسە کە لە یادێکی مێژووییدا پێک‌هاتووە و لەجێی خۆی‌دایە قسەی زۆری لەسەر بکرێ و کاری بۆ بکەین. بەتایبەت نەک لەبەر ئەوە کە هەر کۆبوونەوەیەک بکەین و بەجێی بێڵین، بەڵکوو دەرسی لێ‌  وەربگرین و لێی ‌فێربین. من ناگەڕێمەوە زۆر مێژوو و لە ڕابردوودا نامێنمەوە کە بەداخەوە پڕە لە پەیماننامە و ڕێککەوتن لەدژی ماف و وڵات و نیشتمانی کورد لە هەموو بەشەکانیدا. چونکە کاتەکەمان ئەوەندە نییە، بەڵام بە کورتی هەر لە پەیماننامەی سێڤەرەوە دەست پێ دەکەم.

ئێمە لەنێو کوردەواریی خۆماندا زۆرجار دەڵێین پەیماننامەی سێڤەر، مافی کوردی سەلماند، بەڵام لۆزان تێکی دا. بەڵام ڕاستییەکەی وا نییە. چونکی دابەشکردنی کوردستان بەهۆی پەیماننامەی سێڤەرەوە بوو، و هەموو کێشە و ماڵوێرانی کورد لەو ڕۆژەوە دەست پێ دەکا. بە بۆچوونی من ڕێککەوتنی سێڤەر، هەر لە ڕۆژی لەدایکبوونیەوە مردبوو. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یەکەم، بەشی زۆری کورد چارەنووسەکەی زۆر خراپ خرایە سەر دوو وڵاتی عەڕەبی عێراق و سووریە. بەشێکی کەمیش کە لە کوردستانی تورکیەدا مایەوە،  لە ڕێککەوتننامەی سێڤەردا باس لەوە کرابوو کە ئۆتۆنۆمیی نێوخۆییان پێ بدات. بەڵام ئەو ئۆتۆنۆمییە نێوخۆییە ئەوەندە شل و شەوێقە، ئەوەندە لەرزۆکە کە هەر بۆخۆی وردە وردە زەمینەی تێداچوونی خۆی ڕەخساند. ئەگەر سەرنجتان دابێ، لە پەیماننامەی سێڤەردا ئەو بەشە لە کوردستانی تورکیە باس لە مافی ئۆتۆنۆمی نێوخۆییەکەی دەکا، سێ نوێنەر لە وڵاتانی براوەی شەڕی بۆ دیاری دەکا.  فەڕانسە یەک کەس، بریتانیا یەک کەس و کەسێکیش لە ئیتالیا. کە ئەوانە ئەرکیان ئەوە بووە لە ماوەی شەش مانگدا گەڵاڵەیەک ئامادە بکەن بۆ ئەو مافەی کە دیاری کراوە بۆ ئەو بەشە کەمەی لە کوردستان ماوەتەوە؛ جارێ هەر لەو هەیئەتەدا یەک کوردی تێدا نییە.  بەمجۆرە وەکوو زۆربەی زۆری پەیماننامەکان، دووبارە چارەنووسی نەتەوەی کورد دەکەوێتەوە دەستی غەیرە کورد کە بەپێی قازانج و بەرژەوەندییەکانی داگیرکارانەی خۆیان دوای شەڕ، دەیانەوێ دیاریی بکەن. دوای ئەو شەش مانگە ئێمە لانیکەم شتێک، گەڵاڵەیەک، نابینین بزانین چییان کرد؟ بەڵام هەمووی بەسراوەتەوە بە ئەگەر و ئەمما. هەر لەو خاڵانەدا کە لە پەیماننامەی سێڤەر بۆ کورد هاتووە بۆ ئەو مافە، بە ئیستلاح باس لەوە دەکا کە ئەگەر ئەو سێ کەسە کێشەیان هەبوو لەسەر هێندێک خاڵ و پێک نەگەیشتن، ئەوە دەوڵەتانی پێوەندیدار مەسەلەکە چارەسەر دەکەن. یانی دووبارە لێرە دەیبەستێتەوە بە مەسەلەی ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بە سەردا دابەش کراوە. ئەگەر ئەوەش جێبەجێ بوو، سەرنج بدەن هەمووی ئەگەر و ئەممایە! ئەگەر ئەوەش جێبەجێ بوو، دوای ساڵێک کوردەکان داوایان لە هاوپەیمانیی دەوڵەتان کرد ڕاپرسی بکەن. ئەگەر ڕێککەوتنیان کرد،  و ئەگەر کۆمەڵەی دەوڵەتانیش پەسندیان کرد کورد دەتوانێ مافی سەربەخۆیی هەبێت، ئەودەم ئەو مافەی بۆ دیاری دەکەن. تەواوی ئەوانە ئەمما و ئەگەرێکن کە هیچ تەزمینێک بۆ جێبەجێبوونیان نەبووە. بۆیە دەبینین زۆر بە ئاسانی لە ماوەی سێ ساڵدا، لە پەیماننامەی سێڤەر هەتا لۆزان کە ئاڵوگۆڕێک لە ناوچەدا دێتە پێشێ و بڕیاری دەوڵەتان دێتە سەر ئەوەی تورکیەی تازە پێکهاتوو، دەبێ سەقامگیری، ئەمنییەت و سوباتی هەبێ. بەوە زۆر ڕاحەت زەمینەی پەیماننامەی لۆزان پێك دێ و بۆ ئەو کارەش دەوڵەتی ئیتالیای ئەودەم، ڕادەگەیەنێ کە ئامادە نین هیچ سەربازێک بنێرن بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە و فەڕانسە و بریتانیاش زۆر ڕاحەت پاشگەز دەبنەوە و ئاکامەکەی ئەوەیە کە لۆزان بە مێژوو دەسپێردرێ.

ئەوە چارەنووسی کورد بوو کە گۆیا قەرار بوو مافی بدرێتێ. بۆیە من ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە بە هەڵە نەچین لە قوربانیبوونی کورد لە دوایی شەڕی یەکەمی جیهانیدا. ئەوە تەنیا لۆزان نەبوو، بەڵکوو ڕەوتەکە لە سێڤەرەوە دەست پێ دەکا. نموونەتان عەرز دەکەم باقیی وڵاتەکان چی بوو؟ بۆ نموونە ئەرمەنستان کە وڵاتێکی چووکەیە، کاتێک بەپێی ڕێککەوتننامەی سێڤەر دەیانەوێ وڵاتی سەربەخۆی بۆ پێک بێنن، وڵاتانی براوەی شەڕ داوا لە سەرۆک‌کۆماری ئەودەمی ئەمریکا دەکەن ئەرکی پشتیوانیکردن لە ئەرمنستان بگرێتە ئەستۆی خۆی و، ئەمریکا ئەوە قبووڵ دەکا و هەر لەو ساڵەدا سەربەخۆیی بۆ ئەرمنستان ڕادەگەینێ، پشتی دەگرێ و دەوڵەتی تورکیە ناچار دەکەن ئەو سەربەخۆییە بسەلمێنێت و تەنانەت بەڵێنی ئەوەی پێ دەدەن دادگا بۆ لێپرسینەوە لەوانە پێک بێنێ کە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانیان کردووە. وڵاتانی براوەی شەڕ بۆ ئەرمەنستان ئەوە دەکەن، بەڵام بۆ کورد کە باسمان کرد بەو شێوەیە بوو. بۆیە ئێمە دەبینین ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان بە قازانجی ئێمە نین، یان بە قازانجی ئێمە تەواو نەبوون.

ئەوانە بە جێگای خۆی من پێـم وابێ  ئەوە کە ئێمە لە سیاسەتی خۆماندا هەمیشە باس لەوە بکەین وڵاتانی بڕیاربەدەستی جیهان لە هەموو مێژوودا لەسەر هەموو ڕێککەوتنەکان بخەینە ژێر پرسیار. باس لەوە بکەین لە پەیمانی سێڤەردا، یان لە کۆنڤانسیۆنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، مافی چارەنووس بۆ نەتەوەکان بە ڕەسمی ناسراوە. باس لەوە بکەین مافمان فەوتاوە و ئێوە مافی ئێمەتان فەوتاندووە، ئەو باسە نەمرێ و نەبڕێ و هەر بە جیهان بڵێین ئێمە سەبارەت بەو زوڵم و زۆردارییەی بە نیسبەت نەتەوەی کورد کردووتانە، نە دەتانبەخشین و نە لەبیری دەکەین. بەڵام خۆشەویستان لە پەنای ئەو داواکارییەمان لە جیهان، لە وڵاتانی بڕیاربەدەست، با بۆخۆشمان جارێک بە مێژووی خۆماندا بچینەوە. ئێمە چەند بۆخۆمان یارمەتیدەر بووین و بوارمان ڕەخساندووە بۆ ئەوەی دەوڵەتانی بڕیاربەدەست چارەنووسی ئێمە بە دەستەوە بگرن و ئەو چارەنووسە لە دەستی ئێمە دەربێنن؟

بەپێی تێگەیشتنی من ئەوەندەی دەوڵەتانی بڕیاربەدەست، بەنیسبەت مەسەلەی کوردە کردوویانە، ئەوەی کورد بۆخۆی کردوویەتی شتێکی کەمتر لەو نییە. ئێمە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا، زۆر بەئاشکرا دەبینین کاتێک دەوڵەتانی ناوچە، دەوڵەتانی بڕیاربەدەستی جیهان، تەماح لە خاکمان دەکەن، ئەو کاتەیە کە بۆخۆمان لاوازین و بۆخۆمان ئەو بوارمان ڕەخساندووە. بە واتایەکی دیکە دەتوانم بڵێم ئەگەر وڵاتی کوردان چەند جار بەهۆی ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکانەوە دابەش کراوە، کورد بۆخۆی بە دەستی خۆی چەند بەرابەر لەوە زیاتر کوردی دابەش کردووە. هەر ئێستاش کە ئێمە دانیشتووین و یادی ئەو ڕێککەوتنەی لۆزان دەکەینەوە، بۆچوونی من ئەوەیە ئێمە هیچ دەرسێک لەو مێژووییە فێر نەبووین. ئێستاش لەنێو ئێمەی کوردی ماڵوێراندا گرێبەست و هێڵێکی سوورێکی نەتەوەیی نییە. ئەوەی کە لە پرسیارەکەدا هاتبوو چ بکەین ئاسەواری ئەو دابڕانە کەم بێتەوە؟ چ بکەین ئێش و ئازاری ڕێککەوتنەکانی لۆزان و سێڤەر و ئەلجزایەر و ئەوانی دیکە کەم بێتەوە؟ ئێمە دەبێ وەک نەتەوەیەکی وشیار بیر لەو مێژووییە بکەینەوە و ئەو مێژووییەمان لەبەرچاو بێ کە ئێمە ئەدی بە دەستی خۆمان چمان بەسەر خۆمان هێناوە؟

ئێمە دەسەڵاتی وڵاتانی بڕیاردەرمان نییە. ئەوان قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان هەیە و جیهان و دەسەڵاتەکان بەپێی قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان دابەش دەکەن. کەوابوو لەگەڵ ئەوەی وەکوو عەرزم‌ کردن داوای مافی خۆمانیان لێ دەکەین و پێیان دەڵێین کە زوڵمیان لێ کردووین، بەڵام دەبێ دان بەوەشدا بنێین ئەوەی یەکلاکەرەویە بۆخۆمانین. با بۆخۆمان ببینە هێز و هێزیش لە یەکگرتووییدا پێک دێ، کەچی ئێمە ئێستاش خەریکی دابەشکارین. دابەشکاری هەر ئەو نییە بێی سنوورێکی نێونەتەوەیی دیاری بکەی و خاک و وڵاتەکت دابەش بکەی. بەڵکوو شکڵ و شێوی جۆراوجۆری هەیە کە ئێمە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا لەگەڵی ڕووبەڕووین. ئێمە ئەگەر هێز بین و یەکگرتوو بین، دەوڵەتانی ناوچە جورئەتی ئەوە ناکەن بێن دەستێوەردان لە کارەکانماندا بکەن. وڵاتانی بڕیاربەدەست نە لەبەر خاتری مافی کورد، بەڵکوو لەبەر قازانج و بەرژەوەندییەکانیان بۆخۆیان دێن و دوامان دەکەون، ڕاوێژمان لێ وەردەگرن و یارمەتیمان دەدەن. ئەمن نموونەیەکی تازەتان دەدەمێ. ئێمە باسی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات لە ڕابردووی دووردا ناکەم. باسی خەباتی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەکەم. لە ماوەی ئەو ٤٥ ساڵەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاتوەتە سەر کار، ئێمە بە پیلان ڕێبەرانمان شەهیدکران، خاکمان بۆمباران کرا، خەڵکمان شەهید کرا، هەزاران پێشمەرگەمان شەهید بوو لەو ڕێگایەدا، بەڵام لەو ماوەیەدا هەمووی لەسەر یەک دابنێی، دەنگدانەوەی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات، بە قەدەر ئەو شەش حەوت مانگە نەبوو کە خەباتی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستانەوە چەخماخەی لێ درا. بۆ؟

هاوڕێیان!

حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە و باقی حیزبەکانی دیکەی ئۆپۆزیسۆنی کوردی ئێرانی هەر ئەوانەن کە لە ڕابردوودا خەباتمان کردووە. بەڵام لە ڕابردووا ئێمە دەستمان چووە خوێنی یەکتر، کوردمان لە ڕۆژهەڵاتدا ناهومێد کرد، بەڵام ئەمجارەیان لەو خەباتەدا یەکمان گرت. دوو دێموکرات یەکی گرتەوە، دوو کۆمەڵە یەکی گرتەوە. کۆمەڵە و دێموکرات ناوەندی هاوکارییان پێک هێنابوو. بە خەڵکمان گوت مان بگرن، خەڵک مانی گرت. گوتمان وەرنە سەر شەقام، هاتنە سەر شەقام و ئەو خەباتە نەک کوردستان، سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. هەر بە ئێرانیش نەوەستا و سنوورەکانی بەزاند و چووە سەرانسەری دنیا. ئەمڕۆ دوای حەوت مانگ ئێوە دەبینن لە ئورووپا و لە ئەمریکا ڕۆژ نییە لە گوشە و کەناری ئەو وڵاتانەدا، ئێرانییەکان هەموو پێکەوە لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەیەنە سەر شەقامەکان و داوای ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەکەن و داوا نەکەن سپای پاسداران بخرێتە لیستی تێرۆرەوە. ئەوەندی کە ئەو وڵاتانە لەو ماوەیەدا فشاریان خستوووەتە سەر کۆماری ئیسلامی، گەمارۆیان خستوەتە سەر ڕێژیم و پشتیوانیان لە ڕاپەڕینی خەڵکی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی کردووە، لە تەواوی ئەم چل و چەند ساڵەی ڕابردوودا نموونەی نەبووە. بۆیە من جارێکی دیکە داوام ئەوەیە کە زۆرتر لەوەی هەر خۆمان پاک و بێ خەتا نیشان بدەین و هەموو خەتاکان بخەینە ئەستۆی ئەم و ئەو، با بە خۆماندا بێینە و ئاوڕ لە خۆمان بدەینەوە. با خۆمان ئیسلاح بکەین.

ئەگەر بەڕاستمانە و خەباتمان و قوربانیدانمان بۆ ڕزگاریی خاک و خەڵکەکەمانە، با جارێک بیر لە قازانج و بەرژەوەندیی نیشتمانەکەمان بکەینەوە. با لە قازانج و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی و عەشیرەتی خۆمان ڕزگار بکەین. دەنا ئیمکانی نییە هیچ شوێنێک لە جیهاندا ڕوحممان پێ بکەن و بەفریامان بکەون.

زۆر سپاستان دەکەم