کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگێکی پێویست

11:00 - 17 بانەمەڕ 2723

کەریم پەرویزی

لە سەدەکانی پێشوودا، لە ژێر دەسەڵاتی خەلافەت و ئیمپراتۆرییە جیاوزەکاندا لە فەلاتی ئێران هەر شارێک دادوەر یان قازیەکی هەبوو کە پێیان دەگوت قازیی شار یان دادوەری گشتی. لە یەکێک لەو سەردەمانەدا لە شاری ئیسفەهان، دوو مرۆڤکوژ دەبەنە لای حاکمی شار تاکوو دادگایی بکرێن. ئەو دوو مرۆڤکوژە، کەسایەتییەکی شاری ئیسفەهان کە هەم خۆشناو بووە و هەم خاوەن سامانی زۆر بووە لە ڕێگەدا بۆسەی بۆ دادەنێن و دەیکوژن و پارە و زێڕەکانی کە پێی بووە دەبەن. دادوەر کە لێیان دەپرسێ بۆچی ئەو کەسە بێتاوانەتان کوشتووە، ئەو دوو کەسەش دەڵێن ئێمە ئەومان نەکوشت، بەڵکوو ئەو خۆی بووە هۆکاری مردنی! دادوەر دەپرسێ چۆن خۆی هۆکاری مردنی بوو!؟ دوو کەسەکەش دەڵێن خەنجەرەکەی ئێمە لەسەر ملی بوو، ئەویش ڕانەدەوەستا و دەجووڵا. ئیدی ئەوەندە ملی بە خەنجەرەکەماندا هێنا تاکوو سەری لێ بووەوە. خۆی ملی بە خەنجەردا دەهێنا و خۆی هۆکاری مردنەکەی بوو!

چیرۆکی کۆماری ئیسلامی لەنێو ئێران و هەروەها فاشیزمی هێلانەکردوو لە نێو هەندێ لە کەسانی بەناو ئۆپۆزیسیۆن، حەکایەتی ئەو دووکەسەیە کە پێکەوە مرۆڤەکانی نێو ئەم جوغرافیایە دەکوژن و دەڵێن تاوانباری مردنەکەی خۆی بوو!!

ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لە پیلانێکی هاوبەشی دەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیم و هەندێ باندی مافیایی لە تورکیەدا، حەبیب ئەسیوەد، سەرۆکی حیزبی عەرەبیی ئەحواز، ناسراو بە حەرەکەی نیزال، دەڕفێنن و دەیبەنە کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئیران لە ئیستانبوول و هەر لەوێ لەژێر ئەشکەنجەدا ئێعترافێکی زۆرەملێی سەرەتایی لێ دەستێنن و دوایەش بە قاچاخی دەیڕفێنن بەرەو نێو سنوورەکانی ئێران.

چەند ساڵە کە لە زیندان و چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا حەبیب ئەسیوەد بە تاکەکەسی ڕاگیراوە و دەرەتانی هیچ چاوپێکەوتن و دیدارێکی پێ نەدراوە و بە زۆرەملێ دانپێدانانیان لێ تۆمار کردووە و لە ڕۆژی شەممە، ١٦ی بانەمەڕیشدا ئێعدامیان کرد.

حەبیب ئەسیوەد کە سەرۆکی حەرەکە نیزالی ئەحواز بوو، بە تاوانی ئەوەی کە سەرۆکی گرووپێکی تێرۆریستی بووە و هەروەها ئەو گرووپە هێرشی بۆ سەر ڕێوڕەسمی ڕێژەی نیزامی لە خەرمانانی ١٣٩٧ لە ئەهواز بەڕێوە بردووە، لەلایەن کۆماری ئیسلامی و بێدادگا نومایشیەکانیەوە بە ئێعدام حوکم درا، بەڵام نە ئەو کردەوەیەی هێرش بۆ سەر ڕێژەکە بە دەستی گرووپی حەرەکە نیزال ئەنجام درابوو و خودی سوپای پاسدارانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە کاری داعش بووە! نە لە کاتی ئەو هێرشەدا حەبیب ئەسیوەد سەرۆکی ئەو حیزبە بوو!

 

هێرشی سەر ئەو ڕێژە  نیزامییە لە ئەهواز، داعش وەئەستۆی گرت، هەرچەند هەر ئەو کات و ئێستاش هەندێ گومان لەوە هەیە کە یان هێرشەکە کاری  سوپای پاسداران بووە یان سوپای پاسداران هەندێ ئامادەکاری و کارئاسانیی کردووە کە ئەو گرووپە بگەنە ئەو شوێنە هێرشەکەیان ئەنجام بدەن و چەند ڕۆژ دوای هێرشەکەش سوپای پاسداران چەند مووشەکێکی بە سووریەوە ناو و ڕایگەیاند کە بنکەی داعش کە هێرش بۆ سەر مانۆڕەکەیان ئەنجام دابوو، وێران کردووە!

دیار و ڕوونە کە  ئەو هێرشەی ئەو کاتە کاری حەرەکە نیزال نەبووە و حەبیب ئەسیوەد بەو تاوانە ئێعدام نەکراوە، بۆیە پێویستە بۆ هۆکاری دیکە بگەڕێین کە سەرچاوەی ڕق و کینی کۆماری ئیسلامی و هاودەستەکانی لە گرووپە فاشیستیەکانی دەرەوەی وڵات بدۆزینەوە.

بۆیە دەبێ بە هەندێ کەسانی دەرەوەی وڵات وەکوو حوجەت کەڵاشی و هاوپیاڵەکانی بڵێین کە هاودەستی ڕێژیمن، چونکە لە یەکەم ساتەکانی ڕاگەیاندنی ئێعدامی حەبیب ئەسیوەددا، ئەو جۆرە کەسانە شەپۆلێکی پڕ لە ڕق و کینیان لە سۆشیاڵ میدیا وەڕێ خست و بە دەربڕینی خۆشیی خۆیان لە کوژرانی کەسێکی بەقەولی ئەوان تەجزیەتەڵەب، ئێران دەربازی بووە و ڕزگار بووە!

کاتێک لە سۆشیاڵمیدیادا خەڵکی ئاسایی کۆمێنتیان بۆ ئەو وردە فاشیستانە دادەنا، کە بۆچی خۆشی لە ئێعدامێک دەردەبڕن کە لە دادگاکانی بێدادیدا ئێعترافی زۆرەملێی پێ کراوە، وەڵامی ئەوان بەگشتی ئەوە بووە کە ئەو جۆرە  کەسانە کە تەجزیەتەڵەبن! خۆیان هۆکاری مردنەکانیانن  و دەبێ هەر بە سێدارە یان سوربی داخ وەڵامیان بدرێتەوە!!

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش بە سوپا و دەزگای تەبلیغاتییەکەیەوە هەر باس لەوە دەکەن کە تێرۆریستێکی تەجزیەتەڵەب بووە و خۆی هۆکاری مردنەکەیەتی!

لە ڕاستیدا دوو دەمی مەقەستی فاشیزم، لە نێوخۆ و دەرەوە پێکەوە خەریکی بڕینی هەستی مرۆڤایەتی و ئازادین و لەگەڵ یەکدا هاوڕا وهاوئاراستەن بۆ ئەنجامدان و پاساودانی تاوان و مرۆڤکوژی.

ڕق و کینی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە حەبیب ئەسیوەد و حەرەکەی نیزال، نەک لەبەر هێرش بۆ سەر ڕێژەکەی ئەهواز نەبووە، چونکە یان کاری سوپای پاسداران یان داعش بوو و هیچیان لێک جیاواز نین. بەڵکوو ڕقی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حەبیب ئەسیوەد خەریکی ڕێنوێنیکردنی حیزبەکەی بەرەو لای هاوپێوەندیی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران بوو.

لە ڕاستیدا ئەوەی کۆماری ئیسلامی لێی دەترسێ، نەک کردەوەی  تێرۆریستی، بەڵکوو هاوپێوەندیی خەڵکە. هەر جۆرە نزیکبوونەوەی خەڵک لە یەکدی و بەتایبەت هەرجۆرە هاوپێوەندیی نێوان نەتەوە ستەملێکراوەکان، وەکوو مۆتەکەی مەرگ  و لەنێوچوونە بۆ ڕێژیم وهەر بۆیە حەبیب ئەسیوەدیان کردە ئامانج. لە ئێستەشدا کە جۆرێک لە نزیکبوونەوەی زیاتری گرووپ و حیزبەکانی نەوتەکانی ئێران لەئارادایە و لە شۆڕشی ژینادا ویستی  نەتەوەکان بەرزتر و پڕدەنگتر بووە و هاوپێوەندیی نێوانیان خەریکە زۆرتر دەبێ، بۆیە بەم شێوەیە ڕق و کینی خۆی دەڕێژێ و بەناوی تێرۆریست و تەجزیەتەڵەبەوە تێکۆشەرانی نەتەوەکان ئێعدام دەکا تاکوو کەسانی سەر بە نەتەوەی فارس ناچار بکا کە بێدەنگ بن و یان هاوڕای ڕێژیم بن بۆ لەسێدارەدانی ئەو کەسانە.

هەر بۆیەش لە نێو چالاکانی فارسدا دوو جۆر هەڵوێست دیار بوو، کەسانيک وەکوو عەلی ئەفشاری هەبوون کە ئەو ئێعدامەیان مەحکووم کرد و کەسانی فاشیستیش هەبوون کە چەپڵەیان بۆ مرۆڤکوژی لێدا.

لە ڕاستیدا ئەو جۆرە بیرە فاشیستیانەش هەر بۆیە ڕقیان لە کەسانی وەکوو حەبیب ئەسیوەدە چونکە بە هاوپێوەنیی نێوان نەتەوەکان لە ئێراندا، وەهمی چەند دەیەی یەک نەتەوەبوونی ئێرانیان لێ بەتاڵ دەبێتەوە و کۆشکی پووشاڵیی وەهمەکانیان با دەیبا.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و فاشیستەکانی هاوڕای لە دەرەوەی وڵات لە ڕاستیدا بە نەتەوە ستەملێکراوەکان دەڵێن کە ئێوە لەگەڵ نەتەوەی ئێرانین و برای یەکین بەو مەرجەی بێدەنگ بن و سەر دابخەن و وەکوو مەڕوماڵات بن، هەر کە دەنگتان هەڵبڕی و ڕاتانگەیاند ئیدی ئاژەڵ نین، ئێمەش وەکوو تێرۆریست و یاخی دەتانبینین  و دەتانکوژین چونکە برای خاوەن زمان و وەدەنگهاتوومان ناوێ!

فاشیزم چ لە سیامی دەسەڵاتداری لە ئیران کە ئێستە کۆماری ئیسلامی و سوپای تێرۆریستییەکەیە و چ لە حاڵەتی بەناو ئۆپۆزیسیۆنیەکەیدا، مرۆڤە خاوەن ناسنامەی جیاوازەکانی ناوێ، بەڵکوو تەنیا و تەنیا تاکی داماڵراو لە بوونی ئینسانیی دەوێ کە بە بێدەنگی وەدوای شوانەکەی جا وەلیی فەقیه بێ یان پاشا بکەوێ و درگای بیرکردنەوەی بەتەواوی داخستبێ.

بەڵام ئێستە ئەو خەوە خۆشەیان لێ بووە بە مۆتەکە. بە شۆڕشی ژینا، ئیدی دەورانی بێدەنگی و پەرتەوازەیی نەتەوەکان کۆتایی پێ هاتووە و نەتەوە ستەملێکراوەکان بوون بە هاودەنگ و لە درێژەشدا هاوپێوەندیی زیاتری نەتەوە مافخوراوەکان، ژیانێکی دیکە و سیستمی دیکە دێنێتە ئاراوە کە لە گۆڕنانی هەمیشەیی فاشیزمی لێ دەکەوێتەوە.

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین