کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کامیان؟

01:28 - 19 بانەمەڕ 2723

کەریم پەرویزی

سەدان ساڵە لە نێوان خاوەن ڕایان و هزرمەنداندا پرسێکی گرنگ لە ئارادایە و هەر کەس بەپێی تێگەیشتنی خۆی وەڵامی داوەتەوە:  لە نێوان هونەر و دەروەستیدا میلی تەرازوو بە لای کامیاندا دەشکێتەوە؟ یان بە واتایەکی تر هونەرمەند و ئافرێنەری هونەری یان ئەدەبی، دەبێ تەنیا پێبەند بە جەوهەری هونەری و ئەدەبی بێ یان دەبێ دەروەست بەرامبەر بە چارەنووسی مرۆڤەکان و کۆمەڵگاش بێ؟

ژان پۆل سارتر، بیرمەندی ناسراوی فەرانسەیی و خاوەنی قوتابخانەی "بوونگەرایی"، لە کتێبی بەناوبانگی "ئەدەبیات چیە؟"دا هەوڵ دەدا کە لە ڕوانگەی خۆیەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.

سارتر لەو کتێبەدا دەڵێ کە یەکێک لە تایبەتمەندیەیکانی ئافراندنی هونەری ئەوەیە کە خاوەنی بەرهەمەکە یان بە واتایەکی دیکە، ئافرێنەر دەیەوێ لە ڕێگەی ئافراندنی هونەرییەوە بە خۆی بڵی کە من ناسێنەری شتەکان و جیهانم و لە ڕاستیدا بوونی من گرنگە چونکە خەریکم شتەکان پێناسە دەکەم کە خۆیان هیچ ئاگاییەکیان بەرامبەر بە خۆیان نییە.

لە ڕاستیدا سارتر دەیەوی بڵێ کە هونەر بریتییە لە هەستی ئافرێنەری کە مرۆڤی خاوەن هونەر لە ڕێگەی جەوهەری هونەرییەوە خەریکە پێناسەی جیهانی بێزمان دەکا.

سارتر دەڵی هیچکەس حەزی لەوە نییە کە ڕۆحی دەروونیی خۆی لە بەرچاوی گشتیدا ئاشکرا بکا و لە ڕاستیدا هەموو کەس و بەتایبەت هونەر حەزی لە ڕەمز و ڕاز و پێچانەوە لە دووتوێی ناڕوونییەکاندایە و بینەر ببا بۆ سەفەرێکی پڕ لە پرسیار.

ئەمە جەوهەری هونەرە بەڵام ئایا لە هەموو کاتدا هەمان جەوهەری هەیە و جەوهەرەکەی گرێ نەدراوە بە دۆخی ژیانی کۆمەڵگا و بە "کاتی ئافراندنی" هونەرکەوە؟

لە ئێستای کۆمەڵگای کورستان و ئێراندا، کە دۆخی شۆڕشگێڕی زاڵە  و ڕێژیمی دەسەڵاتدار خەریکە ڕۆژانە بە قامچی لەسەر پشتی مرۆڤەکانی کۆمەڵگا چیرۆکەکانی ستەمکاری دەنووسێتەوە ئایا جەوهەری هونەری خۆی لە دۆخی هەنووکەیی دوور دەگرێ و حەزی لە ڕەمز و ڕازە  یان دەبێتە زمانی ئازارەکانی کۆمەڵگا؟

لە ئاستی کۆمەڵگادا پرسیاری لەو چەشنە زۆر دێتە پێش و کەسانی چالاکی جۆربەجۆر لە بواری هونەر جا شانۆ بێ یان مووسیقی یان فیلم یان شێعر و ئەدەب، یان تەنانەت کەسانی بواری ئابووری یان بازرگانی یان هەر بوارێکی دیکەی کۆمەڵگا باس لەوە دەکەن کە هەموو شت سیاسی نەبێتەوە و هەندێک بواری دیکەی غەیرە سیاسی هەبێ کە دەرەتانی کارکردنی تێدا بدرێ و خەڵک لەوێدا دوور بن لە سیاسەت.

لە نموونەی هەرە بەرچاودا لەم ڕۆژانە داریووش مێهرجوویی سینەماکاری فارس لە کاتی پیشاندانی فیلمەکەیدا پرسیاری دۆخی ئێستای کۆمەڵگای لێ کرا و گوترا کە لەکاتێکدا کە ئەکتەر و هونەرمەندانی وەها هەن کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بەشدارن، ڕای تۆ چییە و ئەویش بە تووڕەییەوە وتی کە ئەو تەنیا کاری فیلم دەکا و کاری بە سیاسەت نییە.

ئەمە تەنیا نموونەیەکە و لە زۆر بواردا ئەو پرسیارە یان ئەو هەڵوێستە دێتە ئاراوە کە کاری بە سیاسەت نەبێ و تەنیا کاری هونەری یان کاری بازرگانی و یان کاری سەرمایەدانان بکەن و هەرکامەشیان پاساوی خۆیان هەیە.

هونەرمەند دەڵی کە ئەو تەنیا جەوهەری هونەرییەکەی بەلاوە گرنگە و دەیەوێ بەرهەمێکی پاکی هونەریی هەبێ. وەک ئەوەی کە گەر ئاوڕ لە دۆخی کۆمەڵگا بداتەوە، ئیدی هونەرەکەی پیس دەبێ و خەوشی لێ دەنیشێ!

یان کەسانی سەرمایەدار باس لەوە دەکەن کە ئەوان بە کاری مادییان، دەرەتانی کار و ژیان بۆ ژومارەیەک کەس دابین دەکەن و هەر ئەوەندەیان لە دەست دێ! ئیدی شۆڕش و خەبات چ هەزینەیەکی ماددیی هەیە و ئەوانەی لە ڕەوتی خەباتی شاردا بریندار دەبن یان زیانی ماددی دەکەن، ئەو سەرمایەدارانە گوێ بەوە نادەن کە کرێکارەکانیان یان موشتەرییەکانیان و یان سەرچاوی مرۆیی سەرمایەکانیان چ ئازارێک دەکێشن و خۆیان پێبەند بەوە نازانن کە لانیکەم یارمەتیدەری مادیی شۆڕشەکە بن.

پرسی دوورەپەرێزی لە سیاسەت ڕەنگە لە کاتی ئاسایی ژیانی کۆمەڵگادا پرسێکی ئاسایی بێ و مافی هەر تاکێکە کە بواری تایبەتی ژیانی خۆی بگرێتە پێش و ئیدی کاری بە دۆخی گشتی یان بیاڤی گشتیی کۆمەڵایەتی نەبێ.

بەڵام لە دۆخی ئاورتەدا ئیدی هاوسەنگییەکانی ئاسایی وەڵامدەر نین. لە کاتی لافاودا ناتوانی بە هەڵکردنی پانتۆڵەکەت، جلەکانت لە تەڕبوون بپارێزی.

کاتێک کە سیستمی دەسەڵاتدار بە هەموو تواناوە پەلەقاژەی داسەپاندنی دۆخی مەرگ و ترس لەسەر کۆمەڵگایە ئیدی بێدەنگ بوون، یارمەتیدانە بە زاڵبوونی هاژەی قامچییەکانی ستەمکاران.

ڕەنگە لە دۆخی ئاساییدا، هەر تاکێکی هونەرمەند حەزی لەوە بێ کە هونەرەکەی بەتەواوی جەوهەری هونەری نابێ هەبێ و بەقەولی سارتر حەزی لێ نەبێ ڕۆحی لە بەرچاوی هەمووان نومایش بکا، بەڵام لە دۆخێکی وەهادا کە شۆڕشێک لە ئارادایە ئیدی نەک هونەرمەند و نەک سەرمایەدار و نەک جووتیار و نە مامۆستای ئایین و نە هیچ مرۆڤێکی دیکەی نێو کۆمەڵگا ناتوانن بێلایەن بن.

بێلایەنی لە دۆخی ئاساییدا مانای هەیە کە تاک خۆی دوور دەگرێ لە بیاڤی گشتی و بە حەز و ویستەکانی خۆیەوە سەرقاڵە و کێشە سیاسییەکانی نێو پارلمانە دێموکراتیکەکان زۆر کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ئەو نییە. بەڵام لە سیستمێکی تۆتالیتەردا کە هەموو قوژبنێکی ژیان داگیر دەکا و هەر هێمایەک گەر هێمای حاکمی ملهوڕی تێدا نەبێ، هەوڵی سڕینەوەی دەدا، ئیدی ژیانی ئاورتە دوو ڕێیانێکە بۆ هەڵبژاردن.

لەو دوو ڕێیانەدا، هەموو کەس بە هەڵوێستە و کردەوەکانی دەناسرێتەوە نەک بە بیرەوەری و پاساوەکانی. لەو دووڕێیانەدا کامیان هەڵ دەبژێری؟ دەنگ هەڵدەبڕی و بە هەر شێوەیەک بۆت بکرێ یارمەتیی بەرەوپێشچوونی شۆڕش دەدەی یان بە پاساوی جۆربەجۆر دەبیتە ڕێخۆشکەر بۆ زاڵبوونی هەرای ستەمکاران؟ هەڵوێستەکانت بناخەی بوونت دەناسێننەوە.

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین