کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمێدیی مێژوو

15:06 - 25 جۆزەردان 2723

کەریم پەرویزی

بە پێی گێڕانەوەکانی کتێبە ئایینیەکان، فێرعەونی میسر لە ترسی ئەوەی منداڵێک لەدایک دەبێ کە دەسەڵاتەکەی دەڕووخێنێ، بڕیاری دا کە هەموو کوڕەکانی عیبرانییەکان بکوژن تاکوو ئەو کەسەی کە دەبێتە هۆی فیتنەیەک و دەسەڵاتەکەی دەڕووخێنێ بکوژێ. بەڵام چارەنووس وەها دەبێ کە منداڵێک کە لە ئاو دەگیرێتەوە بەناوی مووسا ناو دەنرێ و لە ماڵی خودی فیرعەون گەورە بوو.

ئەم چیرۆکە کە باس لە ترسی دەسەڵاتداران لە لەدایکبوونی هۆکاری ڕووخانەکانیان دەکا، ئەوە دەڵێ کە فیرعەونەکان بەزەییان بە منداڵیشدا نایەتەوە و ئامادەن هەموو منداڵەکان بکوژن تاکوو کەسێک نەبێ کە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتیان وەلەرزە بخا.

هێگل دەیگووت مێژوو دووپات دەبێتەوە؛ جاری یەکەم بە شێوەی تراژیک و جاری دووهەم بە شيوەی کۆمێدی!

لە شۆڕشی ژینادا، نەوەی نوێی نێو ئەم جوغرافیایە بەگژ دەسەڵاتدا ڕۆیشتنەوە و سیمای دزێوی دیکتاتۆریان لە شەقام و سەر تابلۆکان ئاگر تێبەردا و ئەمە خەونە پەرێشانەکانی فیرعەونی وەبیر خامنەیی خستەوە و ترسی لێ نیشت کە منداڵێک لەدایک دەبێ کە ئاگر لە کۆشکەکەی بەر دەدا!

دەزگای پڕوپاگەندەی ڕێژیمی ئیسلامی، لەم چەند مانگەدا بە هەموو جۆرێک هەوڵی چەواشەکارییان دا کە سیمای خاوێنی شۆڕشی ژینا خەوشدار بکەن و بە شتێکی دەسکردی بیانیی نیشانی بدەن!

ئەوەی لە پڕوپاگەندەی ڕێژیم بەڕێوە چووە، لە لایەکەوە هەوڵیان داوە کە دەسەڵاتەکەیان بە جێگرتوو و بەهێز نیشان بدەن و لەولاشەوە خەڵکی ڕاپەڕیوی سەر شەقام بە لاواز و زۆر کەم و ئەویش بە دەسکرد و هاندراوی دوژمنان نیشان بدەن.

بەڵام ڕووی ڕاستەقینەیان لە کردەوەکانیان و لە هەندێ لە قوژبنەکانی پڕوپاگەندەکانیان دیار دەکەوێ.

کاتێک لەسەر شەقام هێزەکانی ڕێژیم هێرش دەکەنە سەر کچان و گەنجان و تەنانەت بە هێزی گاردی ویژە پەلاماری قوتابخانەی سەرەتایی دەدەن و دەرمانی ژەهراوی لە قوتابخانەکان دەدەن، دەری دەخەن کە تا چ ڕادەیەک ترس لە سەرتاپایان نیشتووە!

کاتێک کە ڕێژیم و سوپای تێرۆریستییەکەی مووشەکی بالستیک و دڕۆنی خۆکوژ بە بنەماڵەکانی دێموکراتەوە دەنێن و ژنی دووگیان و منداڵە لەدایکنەبووەکەی شەهید دەکەن، بەهێزیی ڕێژیم نیشان نادا بەڵکوو ئەوپەڕی لاوازی و زراوچوونی ڕێژیم دەسەلمێنێ.

یان کاتێک لە لوڕستان تەقە لە ماشینێک دەکەن کە منداڵی ١٠ ساڵانی بە ناوی کیانی پیرفەلەکی تێدایە، و منداڵی بێتاوان بەر دەستڕێژ دەدەن، نیشانەی بەهێزیی نییە بەڵکوو سەلمێنەری دۆشداماویی ڕێژیمە.

لە بواری پڕوپاگەندەییەوە زۆریان هەوڵ داوە کە خۆیان بە بەهێز دەربخەن و خەڵکی ڕاپەڕیو بە لاواز و ژمارەیەکی کەمی هاندراوی بیانییەکان نیشان بدەن؛

لەم ڕۆژانەی دواییشدا خامنەیی دوبارە ڕق و کینی خۆی هەڵڕشتەوە و بە سووک و سووکایەتی پێکردن باسی خەڵکی ڕاپەڕیوی کرد.

یەکێک لە دەزگای تەبلیغیی تێرۆریستانی سوپای پاسداران کە سەرچاوەی دەنگۆ و شتی ناڕاست بڵاوکردنەوەیە، لە دەستی دەرچوو و ترسی ڕێژیمی لە منداڵانی ئەم وڵاتە نیشان دا.

ئەو کاناڵە تەبلیغیە، لە هەواڵێکدا باسی دایکی کیانی پیرفەلەکی کرد کە تازەیی ئامۆزاکەشیان دایە بەر دەسڕێژ. لەوێدا دەڵێ کە ماهمونیر مەولایی دووگیانە و دووبارە منداڵێکی فیتنە لەدایک دەبێ! کاناڵەکە دەڵی کە منداڵانی فیتنە دەبێ لەنێو بچن و فیتنە لە نوتفەدا بخنکێنن!!

ئەمە هەمان دووپاتبوونەوەی مێژووی ترسنۆکیی دیکتاتۆرەکانە!

دەیان ساڵە کە لەم وڵاتەدا فیرعەونی سەردەم هەوڵی پەروەردی ئیدئۆلۆژیک دەدا و لە قوتابخانە و هەموو بنکەیەکی فێرکارییەوە بەقەول دەیەوێ بە پەروەردەی ویلایەتی فەقیهی باریان بێنێ! بەڵام ئەم منداڵانە کە گوایە قەرار بوو بەسیجییەکانی پێڕەوی خامنەیی و ڕێرەوی قاسمە تێرۆریست بن و سروودی سڵاو فەرماندەیان فێر کەن بەڵام بوونەتە هۆی ترساندنی خامنەیی و لە منداڵی نێو سکی دایکێک دەترسێ و فەرمانی خنکاندنی دەدا!

فیرعەونێکی دیکە زەندەقی لە منداڵانی وڵات چووە و فەرمانی کوشتاری منداڵانی داوە! ڕەنگە چارەنووسی خامنەیی پێشێلکران لەژێر پێی منداڵانێک بێ کە شەو و ڕۆژ لێیان دەترسێ!

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین