کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ؛ سیمینارێکی تەشکیلاتی بۆ کاک مستەفا هیجری پێک هێنرا

10:18 - 30 جۆزەردان 2723

سیمینارێکی تەشکیلاتی بۆ کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەڤەری ئۆسلۆ، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، پێک هێنرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، لە دەڤەری ئۆسلۆ، سیمینارێکی تەشکیلاتیی بۆ کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، بەڕێوە برد.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ دیدار نوێکردنەوە لەگەڵ بەشێک لە ئەندامان لە وڵاتی نۆروێژ، دوای باسکردن لە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، باسێکی گشتیی لەسەر ڕەوشی عێراق و پێکهاتەکانی و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد کە شوێنی نیشتەجێبوونی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

بەڕێز هیجری، باسی لە زەخت و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستێوەردانی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

پاشان ناوبراو باسێکی لەسەر زەروورەتی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، شۆڕشی "ژینا" و چاوەڕوانییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت هێز و لایەنەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حیزبی دێموکرات کرد و ئەوەی بە ڕۆڵێکی گرینگ بۆ حیزبی دێموکرات زانی و ئاماژەی بەوە دا کە دەبێ ڕۆڵ و هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی حیزب بە گشتی لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا بێت.

کاک مستەفا هیجری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە بەردەوامیی ناوەندی هاوکاری، دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانی سەرانسەری ئێران کرد و جێگە و پێگەی حیزبی دێموکراتی بەرز نرخاند و ئاماژەی بە دیالۆگ لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان بە تایبەتی و لایەنەکانی ئێرانی بە گشتی کە باوەڕیان بە دێموکراسیی ڕاستەقینە و مافی نەتەوەکان لە ئێران هەیە، کرد و لەسەر ئەوە جەختی کردەوە کە دەبێ ئاڵوگۆڕ لە عەقڵییەتەکانماندا پێک بێنین و یەکتر بە هەموو بیروڕا جیاوازەکانەوە قەبووڵ بکەین.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات لە کۆتایی باسەکەیدا لەسەر پاراستنی نەزم و دیسیپلینی حیزبی جەختی کردەوە و بەرچاوڕوونیی بە ئەندامانی حیزب دا کە بە هیچ شێوەیەک نابێ لە دنیای مەجازیدا بکەونە شەڕی ڕەوانی و مەجازی لەگەڵ لایەن و کەسانی دیکە و لە هەر چەشنە قسەی ناشیرین و بێڕێزیکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبێ خۆ ببوێرن، چونکە ئەوە لە فەرهەنگی حیزبی دێموکرات و ئوسوولی دێموکراسی دوورە.