کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندراوی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی گرژییەکانی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە

11:14 - 1 پووشپەڕ 2723

بەپێی ئەو هەواڵانەی لەپێوەندی لەگەڵ ناکۆکییەکانی ئەم دواییانەی نێو ڕێزەکانی کۆمەڵە پشتڕاست کراونەتەوە، بەداخ و نیگەرانییەکی زۆرەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی (٢٢ی جولای ٢٠٢٣ی زایینی) ڕەوتی گرژییەکان کێشاویەتە هێرشبردن و تەقەکردن کە لە ئاکامدا دوو هاوڕیی کۆمەڵە گیانیان لەدەست داوە و برینداریشی لێ کەوتۆتەوە.

لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی ئەوپەڕی ناڕەحەتی و نیگەرانیی خۆی لەو ڕووداوە کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا هاتۆتە گۆڕێ، داوا لە لایەنە ناکۆکەکان دەکا دان بە خۆیاندا بگرن و ڕێگا نەدەن دۆخەکە لەوە تاڵتر و ئاڵۆزتر بێ. چونکی ئەوەی ڕووی دا نە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵە و نە لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی کورددایە و نە ڕێگاچارەیەکی شیاو بۆ چارەسەری مەسەلەکانە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێناو هێورکردنەوەی وەزعەکە و پێشگرتن لە هەر جۆرە ئاڵۆزێیەکی دیکە ئامادەیی خۆی دەردەبڕێ.
بە هیوای هەستکردن بە بەرپرسایەتیی زیاتر و دڵسۆزانەی هەموو لایەک.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەری
١ی پووشپەڕی ١٤٠٢