کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ کەریمی: یەکیەتیی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و پشتیوانیی خەڵک زراوی ڕێژیمی بەتەواوی تۆقاندووە

12:40 - 1 پووشپەڕ 2723

دیمانە: سابیر فەتاحی

ئاماژەیە: بۆ کەس شاراوە نییە کە بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ئێستادا ڕەمز و تەنانەت داینەمۆی زیندوویەتی و بەردەوامیی شۆڕش و ڕاپەڕینی نوێی نەتەوەکەمانن. ئەو بنەماڵانە هەر لە سەرەتاوە شینگێڕی لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان کرد بە سروود بۆ خۆڕاگری و بەردەوامی. لاواندنەوەی جگەرگۆشە بەناحەق‌کوژراوەکانیان بوون بە ڕوحێکی دی لە جەستەی ڕاپەڕینی خەڵکدا و هاوپێوەندیی ئێستایان ڕەمز و هۆکاری ڕابوونێکی دیکەیە. ئەگەر ڕێژیم کێلی شەهیدەکان تێک دەشكێنێ و مەزارەکانیان دەشێوێنێ و سەردانکەرانیان دەسبەسەر دەکات، بەڵام دیسانەکە ئەوان بنەماڵەی شەهیدانن کە بە یەکگرتوویی خۆیان بەگژ جەللادەکاندا دەچنەوە. "کوردکاناڵ" ئەم بابەتەی لەگەڵ کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات تاوتوێ کردووە و "کوردستان" پوختەیەک لەو وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

ڕۆڵی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ماوەی ڕابردوو لە گەرموگوڕ ڕاگرتنی ئەم شۆڕشەدا چۆن بووە و لە بنەڕەتدا ئەوان چۆن توانیویانە تینوگوڕێکی تایبەت بە بەهاکانی ئەو شۆڕشە بدەن و ئەو بایەخانە وەک خۆیان بهێڵنەوە؟

لەڕاستیدا لەگەڵ ئەوەی لە دەستدانی هەر ئازیزێك، بۆ هەر یەک لەو بنەماڵانە بۆخۆی ناخۆشییەکی بەدواوەیە، بەڵام ئێمە دەماندی لەدوای شەهیدبوونی ڕۆڵەکانیان، کچەکانیان، کوڕەکانیان لەسەر گۆڕی شەهیدان لە یادکردنەوەیاندا، زۆر گەرموگوڕ بە پیر قبووڵکردنی شەهیدکردنی ڕۆڵەکانیانەوە دەچوون. ئێمە بەو وتارانە کە باوکی شەهیدان لەسەر گۆڕی شەهیدەکان دەیاندا، و لاواندنەوەی شۆڕشگێڕانە و پڕ غرووری دایکی شەهیدان؛ هەموو ئەوانە هەڵگری پەیامێكی تایبەت بوو. ئەمە هەر لە سەرەتاوە دەری خست کە خەڵکەکە تێکڕا قبووڵی کردووە ئەوانەی لە مەیداندان هەموویان ڕۆڵەی ئەو خاک و خەڵکەن و هەر ئەوەش وای کرد خەڵک بە بەردەوامی بە دەوری یەک بمێنێتەوە. ئەوەی ئێستاش دەیبینین هەوڵێکی یەکجار زۆر پیرۆزە کە بنەماڵەی شەهیدان دەیدەن، چ بۆ یادکردنەوەی شەهیدان و چ بۆ دروستکردنی ئەو پێوەندییە لەنێو بنەماڵەی شەهیداندا کە ئەوە بۆخۆی دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ زیندووکردنەوەی یادی ئەو شەهیدانە و هەوڵدان بۆ سەرخستنی ئامانجی شەهیدەکان. هەڵبەت ئەوە نەک هەر بەتەنیا ئەرکی بنەماڵەی شەهیدان، بەڵکوو ئەرکی هەموو ئەو خەڵکە تێکۆشەرەیە کە بە دەوریانەوەن و دەبێ بە دەوریشیانەوە بن و هەوڵ بدەن هەم ئەو پێوەندییە بپارێزن و هەم ببنە قەڵغانێک بۆ پاراستنی بنەماڵەی شەهیدان و ئەو بەردەوامییە کە پێویستە ئەوان بیدن.

پێتان وایە کۆمەڵگە چەندە توانیویەتی هاودەنگ و هاومەبەست بێت لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان لەپێناو بەردەوامیی ئەو خەباتەدا؟

ئێمە دەبینین ترسی ڕێژیم لە جووڵە و ڕەفتاری بنەماڵەی شەهیدان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبێت، بۆیە ڕۆژ نییە گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران تێک نەدرێ و کێلی قەبرەکانیان نەشکێنن. کاتێک ئەوان دەبینن بنەماڵە شەهیدێک دەچێتە سەر گۆڕی شەهیدەکەی و خەڵکێکی زۆری بەدەورەوەیە، ئەم ترسە لەنێو ڕێژیمدا پتر دەبێ و لێرەدا کە کۆمەڵگە ئەرکێکی گرینگی لەسەر شانە. بەشداریی خەڵک لە ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی شەهیداندا و لە هەموو ئەو حەرەکەتە سیمبولیکانەی بنەماڵەی شەهیدان دەیکەن و لە پشتی ئەوانن؛ ئەوە هەم خاڵی بەهێزی جووڵانەوەکەیە و هەم ئەم یارمەتیدان و لەپشت‌بوونە لەڕاستیدا دەبێت هۆکارێک بۆ پاراستنی ئەوانیش و، کۆمەڵگە دەبێ لەو ئەرک و بەرپرسایەتییەی بەردەوام بێت. لەڕاستیدا ڕۆڵەی هەر بنەماڵەیەک کە لەپێناو گەلەکەی و لەپێناو نەتەوەکەیدا گیانی بەخت دەکا، ئەو گەل و نەتەوەیە دەبێ خاوندارەتیی لێ بکا و خاوەنداریەتییەکەش بە بوونی لە مەیداندا، بە پشتگیری لە بنەماڵەکەی و، پشتگیری لەو جموجۆڵانەیە کە دەر دەکەوێ و، لە زیندووکردنەوە و یادکردنەوەی شەهیدەکەیدا دەبێ ئەرکی خۆی بەجێ بێنێت.

ئەوەندەی تا ئێستا کراوە و دەکرێ ئایا وەڵامدەرە؟

لە کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گوشارانەی ڕێژیم خستوویەتیە سەر خەڵک، خەڵک ئەوەی لە توانایاندا بووە کردوویانە. بەڵام ئەم شۆڕشە کۆتایی نەهاتووە و بەرەو سەرکەوتن دەڕوات. ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەیکات کارێکی خۆپارێزییە بۆ ئەوەی تووشی ئەو ڕۆژە نەبێ کە لێی دەترسێ. من پێموایە لە زۆر قۆناغدا کۆمەڵگە بە توانایی خۆیەوە هاتە مەیدان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێندێک جار هەست دەکەین هێندێک جار کەمترخەمییش هەیە. ئەمە ڕەنگە لە ڕاگەیاندنی کار و جووڵەیەل، لە ڕێکخستن یان لە هەوڵدان بۆ ئاگادارکردنەوە خەڵکێکی زۆرتر بۆ ئەوەی چ کارێك پێویستە ئەنجام بدرێ، لەمانەدا ڕەنگبێ، کەمتەرخەمی کرابێ. بەڵام دیسانیش من پێـم‌وایە کۆمەڵگەی زیندووی کوردستان زۆر باش دەرکی بەو ئەرک و بەرپرسایەتییە کردووە. لە کاتێکدا بنەماڵەی شەهید بە غرووەوە دەیەوێ یادی ڕۆڵەکەی بەرز و زیندوو ڕابگرێ، ئەمە خەباتێکی مەدەنییە و ئەو خەباتە بە پشتیوانیی خەڵک و کۆمەڵگەیە سەر دەکەوێت.

باسی کۆمەڵگەتان کرد، ئەدی پێتان وایە هێزە سیاسییەکانی کوردستان -بەتایبەت حیزبی دێموکرات- چەندە توانیویانە ڕوح بە بەری ئەم هەست بە بەرپرسایەتییەی کۆمەڵگە نیسبەت بە شۆڕشەکەدا بکەن؟

حیزبی دێموکرات زۆر کار هەیە کە دەبێ بیکات و ئەگەر کردبێشتی دەبێ لەسەریان بەردەوام بێت. لە پێوەندی لەگەڵ باسەکەتان هەر ئەوەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بە هەموو ئامرازەکانیەوە بۆ زیندووڕاگرتنی شۆڕشەکە و یادی شەهیدانی شۆڕش دەیکات، بۆخۆی هەوڵدانێکە بۆ خاوەندارەتی لە شۆڕش و شەهیدەکانی. ئەوەی ئێمە لە دەرەوە هەوڵمان داوە و ئێستاش لە هەوڵداین، ئەوەی بتوانین بە پاراستنی ناسنامە و شوناسی شەهیدەکانمان تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بیروڕای گشتیی جیهان و ناوەندەکانی بڕیاردا بەرجەستە بکەین. بەگشتی من پێم‌وایە هێندێک کار کراوە، بەڵام دیسانیش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خۆی بە ڕێبەری بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێ، ئەرکی زۆر زیاتری لەسەر شانە و دەبێ پێوەندییەکانی لەگەڵ هەموو بنەماڵەی شەهیدان زیاتریش بن. مەسەلەکە پرسێکی گرینگە بۆ ئێمە، بە تایبەتی کە دەزانین مەسەلەی هاوپێوەندی و جموجۆڵی بنەماڵەی شەهیدان لە ئێستادا بە تایبەتی چۆن کەوتووتە بەر پەلاماری کۆماری ئیسلامی، کە دەکرێ ئەمە وەکوو سەندێک لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی گەورەتر بکرێتەوە.

کاک کەماڵ ئامانجەکانی ڕێژیم لە شکاندنی کێلی شەهیدان و تێکدانی مەزارەکانیان چییە، لە کاتێکدا لەبنەڕەتدا نە شەرع و ئایین و نە یاساش ڕێگە بەم کارە نادات. مەبەستی ڕێژیم چییە؟

لە هەموو ماوەی شۆڕش و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە ٤٤ ساڵی ڕابردوو لەدژی کۆماری ئیسلامی، شەهیدەکان هەمیشە نوێنگەی بەرگری و سیمبولی خۆڕاگری بوون. ئەو خوێنەی لە جەستەی شەهید ڕژاوە، نیشانەی ئەوە بووە بەردەوامی و خۆڕاگرییەک هەیە. جا جاران لە جەریانی خەباتی پێشمەرگانەدا،  پێشمەرگەیەک لە سەنگەردا شەهید دەبوو، و ئێستا لەسەر شەقام کە ڕۆڵەکانمان شەهید دەبن؛ هەموو خەڵکی کوردستان خاوەندارێتیی لێ دەکا. کەسێک کە لە سنە شەهید دەبێ، خەڵکی پیرانشار، مەهاباد، بۆکان، بانە، سەقز و... لە شەقامەکاندا ناوی بەرز دەکەنەوە و؛ ئەگەر لە مەهاباد شەهیدێکمان دەبێ، خەڵکی سنە، ئیلام و کرماشان جەرگیان ژان دەکا و پێیان وایە ئەو خوێنە لە جەستەی ئەوان ڕۆیشتووە.

ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە شکاندنی کێل و بەردی قەبری شەهیدەکان و لە تێکدانی گۆڕەکانیان بەدوویدا دەگەڕێ، لەڕاستیدا هەمووی بۆ ئەوەیە هەم بە جۆرێك زامی سەر دڵی ئەو بنەماڵانە بەردەوام بکۆلێتەوە و لەلایەکی دیکە بەجۆرێك خەڵکی پێ بترسێنێ کە زیندوو و مردووی کورد هیچ جیاوازییەکی بۆ ئەو نییە و ئەو کوردە ئەگەر تەنانەت بشمرێ ئەو هەر بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت و شەڕی لەگەڵ دەکات. هاوکات هەوڵدانێکە بۆ دروستکردنی ترسێکی دووبارە لە دڵی خەڵکدا کە ئەوان دەست لە هیچ شتێک ناپارێزن و ترساندنی بنەماڵەی شەهیدەکان و لێدانی ئەو غەروورەیە لەنێو بنەماڵەی شەهیداندا دروست بووە و لە بری ئەوە دەیهەوێ خەڵکەکە هەست بە بێهوایی و ڕەنج‌بەخەساری بکەن. بەڵام بە بڕوای من هەتا ئێستاش نەتەنیا لە کوردستان‌، لە شوێنەکانی دیکە ئێرانیش ئەو سیاسەتەی ڕێژیم ئاکامی پێچەوانەی بووە. ئەگەر دەبینی لە شارێکدا دەچن کێل و بەردی قەبری یەکێک لەو شەهیدانەی شۆڕشی ژینا دەشکێنن، خەڵکەکە دەمودەست دەچن دروستی دەکەنەوە و خەڵکێكی زۆر بۆ یادکردنەوە دەچن لەوێ کۆ دەبنەوە. ئەوەی ڕێژیم دەیکات ئاسنی ساردکوتانە.

دەتانەوێ بڵێن ڕێژیم دەیەوێ خەڵک بترسێنێ و بیانتۆقێنێ، بەڵام ئەمەش هەر لەدژی خۆی شکاوەتەوە؟

بەڵێ دەقیقەن وایە. مەسەلەن تۆ دەبینی کیان پیرفەلەک، ئەو منداڵە جوانە کوشتیان پێشتر بنەماڵەکەی و چەند کەسێک دەچوون سەر مەزارەکەی. بەڵام دوای تێکدانی گۆڕەکەی بە سەدان و هەزاران کەس دەچنە سەر گۆڕەکەی. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان بە نیسبەت هەموو شتێکی کۆماری ئیسلامی حەسساسن. یانی هەر کارێک کۆماری ئیسلامی لەو هەلومەرجەدا کردوویەتی و دەیکات ڕێک پێچەوانەکەی وەردەگرێتەوە و دەبێتە دروستبوونی ڕقێکی زیاتر، وەک ڕەقێکی پیرۆز لەنێو خەڵک لەدژی ڕێژیم و دروستبوونی هاوپێوەندییەکی قایمتر لە بەرەی خەڵکدا. ئەو ترسەش لە بنەماڵەی شەهیدان و لە کێل و مەزاری شەهیدان بێ‌هۆ نییە. کۆماری ئیسلامی ئێستا کە دەبینێ ناڕەزایەتییەکان یەکجار زۆر بووە و، بەردەوام پەرە دەستێن لە بوونی هەر یەکڕیزییەک و لە دەوری یەکبوونی خەڵک نیگەرانە. دەزانێ ئەگەر بنەماڵەیەک یان چەند بنەماڵە شەهید، هەر کەس لە ماڵی خۆی دانیشێ و شیوەن بگێڕێ، ڕەنگە هیچ گرفتێک بۆ ئەو دروست نەکات. بەڵام کاتێک ئەو چەند بنەماڵەیە بە یەکەوە کۆ دەبنەوە، دەزانێ کە کۆمەڵێک خەڵکی دیکەشیان لە دەور کۆ دەبێتەوە. شک لەوەدا نییە نیگەرانی ئەوەیان هەیە ئەوەی چەند مانگ لەوەپێش لە سەقز لەسەر گۆڕی ژینا کە دەیان هەزار کەس کۆ بوونەوە، ئەوکات لەوانەیە کۆماری ئیسلامی تووشی غافڵگیری بو بێ و لەو هەلومەرجەدا نەیتوانیبێ یان نەیوێرابێ پەرچەکردارێک پیشان بدا. بەڵام ئێستا هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە ئەو شتانە لە کوردستان دووپات نەبنەوە، بەتایبەت کە چەند مانگێمان ماوە بۆ سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا و هیچ گومان لەوەدا نییە کە ئێستا هەموو ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بیر لەوە دەکەنەوە لەو هەلومەرجەدا دەبێ چی بکەن؟ ڕێژیم ترسی ئەوەی هەیە جارێکی دیکە ئەو خەڵکە وەکوو نۆ مانگ لەوە پێش لە دەوری یەکتر کۆ ببێتەوە، و بەیەکەوە بڕژێنە سەر شەقام و دیسانەکەش دروشمەکانی ڕووخان و دژی کۆماری ئیسلامی و خامنەیی و...  بەرز بێتەوە و ڕەنگە ئەوکات بۆیان کۆنتڕۆڵ نەکرێ. بەستێنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەش بۆ ئەو ڕابوونە ئامادەیە و ئەوانیش پێیان وایە ئەوجارە ئەگەر شتێکی ئاوا ڕوو بداتەوە، ئیدی بۆیان کۆنتڕۆڵ نابێت و کۆماری ئیسلامی چارەنووسی یەکلا دەبێتەوە. ئەوان ئەم کارانەی کە دەکەن، بۆ پێشگیرییە لە دروستبوونی ئەو بەیەکەوەبوونەوە و یەکڕیزییەی کە لەوانەیە ڕوو بکاتە شەقام. ڕێژیم لە ئێستاوە ئەو کارانە دەکا بۆ ئەوەی خەڵک بترسێنن هەتا جارێکی تر ئاوا لە دەوری یەکتر کۆ نەبنەوە. بەڵام وەک باسمان کرد ئەم پڕۆسەیە بەرەو پێش دەچێ و ئەم جموجۆڵانەش یارمەتیدەرن بۆ خەڵک و ئەو حەرەکەتانە کە خەڵک دیکەن -هەر بنەماڵەی شەهیدان بە نموونە بێنینەوە- ئەوانە یارمەیدەرن بۆ ئەوەی جۆرێكی دیکە ئەم یەکگرتووییە لەنێو خەڵکدا و دیسان لە شەقامەکان خۆ دەر بخاتەوە و ئەوە نیگەرانیی کۆماری ئیسلامییە.

سپاس کاک کەماڵ بۆ بەشداریت لەو دیمانەیەدا

تکایە. ئێوە ماندوو نەبن