کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: دەوڵەتی ئەوکاتی ئوتریش لە دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملوودا بە بەرپرس دەزانین

10:38 - 3 پووشپەڕ 2723

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسێکدا لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی شاری ڤییەن لە وڵاتی ئوتریش ڕایگەیاند: ڤییەن یەکێک لە ناوەندەکانی دێموکراسییە لە جیهاندا، بەڵام مخابن دوکتور قاسملوو لەو شارەدا تێرۆر کرا و بە تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو، بزووتنەوەی کورد کاریگەرترین ڕێبەری سیاسیی خۆی لەدەست دا؛ بەڵام باوەڕ و ڕێبازی دوکتور قاسملوو کە باوەڕ بە دێموکراسی و مافی مرۆڤ بوو، ئێستاش لە کوردستان زیندووە.

لەو کۆنفڕانسەدا کە ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ و بە بەشداریی چوار ئەندام پارلمانی ئوتریش و هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو، کاک خالید عەزیزی باسێکی گشتیی لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و فاکتەرەکانی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی سیاسی و مافخوازیی کورد و ئێرانییەکان لە خەبات و تێکۆشانیان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەش کرد.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە باسەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە سیاسەت و هەڵوێستی حیزبی دێموکرات لەهەمبەر پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران، چەند ڕێکارێکی دیپلۆماتیکی پێشنیار کرد کە دەوڵەت و پارلمانی ئوتریش پێویستە لەسەر ئاستی یەکیەتیی ئورووپادا بیگرنە بەر.

کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی کاری کۆنفڕانسدا ڕایگەیاند: ئێمە لە دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملوودا نە خەڵکی ئوتریش و لە ئێستادا نە پارلمان و نە حیزبەکانی ئەم وڵاتە بە تاوانبار نازانین، بەڵام دەوڵەتی ئەوکاتی ئوتریش بە تاوانبار و بەرپرسیاری ئەو جینایەتە دادەنێین کە کۆماری ئیسلامی خوڵقاندی و دەوڵەتی ئوتریش سەرەڕای بوونی زۆر بەڵگە و دێکیۆمێنتی حاشاهەڵنەگر، بەدواداچوونی قەزایی بۆ نەکرد.

هەر لەو پانێلەدا محەممەد فەقێ عەلی و هیوا بەهرامی، بەرپرسانی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتیش لەسەر چەند تەوەرێکی دیکەی پێوەندیدار بە ڕەوشی ئێران و ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی قسەیان کرد.

لە پانێلی دووەمی کۆنفڕانسەکەشدا بێریڤان ئەسلان، پارلمانتار لە حیزبی سەوزەکانی ئوتریش، دوکتور شتفانی کریسپەر، پارلمانتار لە حیزبی لیبراڵ دێموکرات، مارینا هانکە، پارلمانتار لە حیزبی سۆسیال دێموکرات و نیکی کۆنڕاد، وتەبێژی مافی مرۆڤی حیزبی سەوزکان وتاریان هەبوو.

خستنە بەرباسی ڕێکارەکانی یارمەتیدان بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە ئێران، چۆنیەتیی پاراستنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئوتریش، پرسی سیخوڕیکردنی کارمەندەکانی باڵوێزخانەی ئێران و ناوەندە بەناو کولتوورییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەسەر دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئوتریش، بابەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مافی گەلانی بندەست لە ئێران و پێویستیی بەردەوامیی شۆڕشی ژینا تا گەیشتن بە دوائامانجەکانی، تەوەرە سەرەکییەکانی باس و وتاری پارلمانتارانی بەشدار لەو کۆنفڕانسە بوو.

بەشیکی دیکەی کاری کۆنفڕانسەکە بۆ پرسیار و وڵام تەرخان کرابوو کە لەلایەن وتەبێژی حیزبی دێموکرات وڵامی سەرنج و پرسیاری بەشداربووان درایەوە.

کۆنفڕانس بە پێداگری لەسەر پێویستیی هاندانی وڵاتی ئوتریش بە هێنانی بریندارانی شۆڕشی ژینا بۆ وڵاتی ئوتریش و پێڕاگەیشتن و چارەسەری پزیشکیی ئەو بریندارانە، ناساندنی سپای پاسداران وەک دامەزراوەیەکی تێرۆریستی، داخستنی ناوەندە بەناو کولتوورییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئوتریش و پاراستنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

شایانی باسە هەر ئەو ڕۆژە کاک خالید عەزیزی و هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی پێشانگای وێنەی شەهیدانی شۆڕشی "ژینا"یان لە بەردەم بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڤییەن کرد.