کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی تێرۆری تێکۆشەرانی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستان

17:06 - 22 پووشپەڕ 2723

هاونیشتمانانی بەڕێز!

خەڵکی مافخوازی کوردستان!

کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان!

هەروەک ئاگادارن لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا و ڕاست لە بەرەبەری ٢٢ی پوشپەڕی ئەمساڵ و هاوکات لەگەڵ ٣٤هەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەستی دیپلۆمات-تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤییەنی پایتەختی وڵاتی ئوتریش، تیمەکانی تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە دوو کردەوەی تێرۆریستی‌دا لە هەرێمی باشووری کوردستان گیانیان لە سێ کەس لە تێکۆشەرانی سیاسیی کورد ستاند.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی و تەنیا پێنج ڕۆژ دوای تێرۆری دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی؛ عادڵ موھاجیر (ناسراو بە سەرباز) و لوقمان ئاجی لە هەڵشۆی سەر بە شاری قەڵادزێ بە دەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ جارێکی دیکە دەستی غەدر و جینایەتی ئەم ڕێژیمە خۆی گەیاندە تێکۆشەرێکی دیکەی کورد بە ناوی سیامەند شابۆیی، ئەندامی حیزب، کە لە شارۆچکەی بەحرەکە لە پارێزگای هەولێر تێرۆر کرا.

 حیزبی دێموکرات لە ساڵانی ڕابردووشدا و لە درێژەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ زەبروەشاندن لە جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەردەوام ئامانجی سەرەکیی پیلانەکانی ڕێژیم بووە. تەقینەوەی شەوی یەڵدا لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب لە ساڵی ١٣٩٥، تێرۆری چەند کادر و پێشمەرگەی حیزب (قادر قادری، سەباح ڕەحمانی و مووسا باباخانی) لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی حیزب لە هاوینی ١٣٩٧ و پاییزی ١٤٠١ و تێرۆر و ئێعدامی کۆمەڵێک تێکۆشەری دیکەی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات چەند نموونەیەک بۆ بەردەوامیی ڕەفتار و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و کردەوەی تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمە دەرحەق بە حیزبی دێموکراتی کوردستانن.

شەپۆلی نوێی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی باشووری کوردستان، درێژکراوەی هەوڵ و پیلانگێڕییەکی گەورەی ئەم ڕێژیمەیە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و بەدوای دەسپێکی شۆڕشە مەزنەکەی ژینادا دەستی پێکردوە. ئەم کردوە تێرۆریستییانە کە ئامانجیان زەبروەشاندن لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکۆشەرانی نیشتەجێیان لە هەرێمی باشووری کوردستانە، بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکان لە هەرێم دەستی پێکرد و بە جووڵاندنی تێمە تێرۆریستییەکان بۆ تێرۆری تێکۆشەران و چالاکانی سەر بە حیزبەکان و ناردنی تەقەمەنی بە مەبەستی کاری تێکدەرانە – کە هێندێکیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە پووچەڵ کراونەوە- درێژەی کێشا و لە بەئەنجامگەیاندن تێرۆر و شەهیدکردنی تێکۆشەرانی سیاسیدا بەردەوامە.

کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە گوشارخستنە سەر دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەک و هەڕەشەی پەیتاپەیتای لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەتەنیا حاشای لەم کردەوە تێرۆریستی و پیلانگێڕییانەی خۆی نەکردووە، بەڵکوو زۆر بێ‌شەرمانە بە بەزاندنی سنوورە نێودەوڵەتی و هەرێمی و ئەخلاقییەکان، هەموو جۆرە پڕەنسیپ و یاسایەکی نێودەوڵەتی و ئینسانیی پێشیل کردوە. بۆیە پێویستە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆڕبەندە هەریمی و ناوچەییەکان و هەموو کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی جیهانی بە کردەوە ئەم کردەوە تێرۆریستییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکووم بکەن. لە هەمان‌کاتدا و بەتایبەتی داوامان لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە چیدیکە ئیزن نەدەن کۆماری ئیسلامیی ئێران سیادە و سەروەریی سیاسی و سنووریی وڵاتەکەیان بشکێنی و هەروا بەئاسانی ئەم هەرێمە بکاتەوە بە گۆڕەپانی کردەوە تێرۆریستی و پیلانگێرییەکانی و، بەرانبەر بە پاراستنی گیانی پەنابەرانی سیاسی خۆیان بە ئەرکدار و بەرپرسیار بزانن.

بێگومان کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی و چرکردنەوەی هێرش و هەڕەشەکانی بۆ سەر حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە دەسپێکی شۆڕشی ژیناوە تا ئێستا لەلایەک نیشانەی دۆشدامانی ئەم ڕێژیمە بەرانبەر بە ئیرادەی گۆڕانخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردستان و داماوی و سەرلێشێواوییە بەرانبەر بەو قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی هەتا ملان تێیاندا نقوم بووە، و لەلایەکی دیکەوە، دەرخەری هێز و پێگەی قوڵ و بەرینی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانە کە لە شۆڕشی ژینادا ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێرێت. بۆیە ڕێژیم کە توانای چارەسەری قەیرانە جۆراوجۆرە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و، وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێرانیان نییە و، لە ڕاپەڕینی جەماوەری ترسیان ڕێ نیشتووە، مانەوەی خۆی و کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە لە سەرکوتی زیاتر و تێرۆر و تۆقاندن و پەرەدان بە کردەوەی تێرۆریستی لە خاکی وڵاتانی دراوسێشدا دەبینێ؛ سیاسەتێک کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژەی بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە پێچەوانەی ئیدیعای بەرپرسانی جۆراوجۆری ڕێژیم، هەوڵی‌ داوە بزووتنەوەی مافخوازانە و شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە شێوازی مەدەنی و جەماوەریی خۆیدا ڕووبەڕووی ئەم رێژیمە بێتەوە و هەروەها بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی رێژیم کە بۆ خەوشدارکردنی ڕوخساری ئاشتیخوازانەی خەباتی خەڵکی کوردستان و بەلاڕێدابردنی بیروڕای خەڵکی ئێران لە ئارادایە پێداگری لە خۆبواردن لە توندوتیژی کردۆتەوە، ئەم کردەوە تێرۆریستیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکووم دەکات و خەڵکی کوردستان لە بەردەوامبوونی خەبات تا گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان دڵنیا دەکاتەوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ هەتاوی

١٣ی جولای ٢٠٢٣