کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب

09:11 - 12 پووشپەڕ 2723

ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی (٢ی جوولای ٢٠٢٣ی زایینی) بە بەشداریی سەرجەم ئەندامانی ئەسلێی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران چەند پرسێکی نێوخۆیی و تەشکیلاتیی حیزبی دێموکراتی تاوتوێ کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕیوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاپۆرتێکی کاریی پێوەندیدار بە دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ لایەنە کورد و ئێرانییەکان و هەروەها کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد. لەم پێوەندییەدا ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب وێرای قسەکردن لە ڕۆڵ و کارێگەریی هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزب لەسەر ڕەفتاری سیاسیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، جێگە و پێگەی حیزبی لە کۆڕوکۆمەڵی کوردستانی، ئێرانی و نێودەوڵەتیدا بەرز و بەرچاو نرخاند. هەر لەو بەشەدا بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات گرتنە پێشی دیالۆگ بۆ لێک‌تێگەیشتنی لەگەڵ لایەنە ئێرانی و کوردستانییەکانی‌ بە سیاسەتێکی دروست و پێویست بۆ قۆناغی ئێستای خەباتی خەڵکی ئێران و کوردستان دژ بە دیکتاتۆرییی کۆماری ئیسلامیی ئێران زانی.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبدا بە ئاوڕدانەوە لە شۆڕشی چەند مانگی ڕابردووی گەلانی ئێران دژبە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و قسەکردن لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم شۆڕشە، خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی و هەڵوێستی بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت بوێریی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و یەکگری و هاوپێوەندیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەک نیشانەیەک لە ئاست‌بەرزیی هەست و شعووری سیاسی و نەتەوەیی کۆمەڵگەی کوردستان لێک درایەوە. هەر لە پێوەندی لەگەڵ نێوەرۆکی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕەوتی چەند مانگی ڕابردوودا و هەروەها ڕوانگەکانی حیزبی دێموکرات بۆ پرسە سیاسییەکانی تایبەت بەو چەند مانگە و لەبەرەبەری ٣٤ ساڵەی تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری ناوداری کورد و سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بە ئاماژەدان بە ڕەنگدانەوەی بیر و ئەندێشەکانی شەهید دوکتور قاسملوو لە درێژەی شۆڕشی ژینادا، هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی لە ڕەوتی شۆرشەکەدا بە درووست و شوێندانەر لەقەڵەم ‌دا.

ناوەندی بەڕیوەبەریی حیزب لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیدا بە سەرنجدان بە هەڕەشە و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا، درێژەدان بە خەبات لەپێناو دەستەبەربوونی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستانی بە ئەرکی بێ‌ئەملاوئەولا و مێژوویی خۆی زانی و لەم پێوەندییەدا جەختی لە سەر پشتیوانیی قایم و چەسپاوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە حیزبی خۆیان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردەوە.

لە دوایین بەشی کاری کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەریی حیزب لەپێوەندی لەگەڵ ناکۆکییەکانی ئەم دواییانەی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەو ڕووداوە کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا هاتۆتە گۆڕێ، وەک لە ڕاگەیاندراوێکی تایبەتدا داوای لە لایەنە ناکۆکەکان کردبوو کە دان بە خۆیاندا بگرن و ڕێگا نەدەن دۆخەکە لەوە ئاڵۆزتر بێ؛ ئەم دۆخەی بە زیانی بزووتنەوەی کوردستان زانی و بۆ جارێکی دیکە داوای لە لایەنەکانی کۆمەڵە کرد وێڕای ڕێزگرتن لە داوای خەڵکی کوردستان بۆ یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا، بەپشوودرێژییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئیداری

١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی

٣ی جولای ٢٠٢٣ی زایینی