کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەریی حیزب: هەڕەشە و هێرشی ڕێژیم نیشانەی ترسیان لە ئیرادەی جەماوەریی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و بەرزیی پێگە و نفووزی حیزبی دێموکراتە

09:57 - 31 پووشپەڕ 2723

(ڕاگەیاندراو لە پێوەندی لەگەڵ کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا)

ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ باس و لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسیی لە ئێران و بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە کوردستانی ئێران کۆبۆوە.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی (٢١ی جولای ٢٠٢٣ی زایینی) کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب لە کوردستان و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب لێکدانەوەیەکی سیاسیی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی چەند مانگی ڕابردوو، و هەڵوێستە سیاسییەکانی حیزب لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوانە و؛ هەروەها ڕاپۆرتێکی لە کار و چالاکیی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب و ئۆڕگانە پێوەندیدارەکان پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە سەرەتای لێکدانەوەکەیدا بە ئاوڕدانەوە لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" (ژینا) و ڕۆڵی کارا و پێشەنگایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پەرەسەندنی لە سەرانسەری ئێران و دەنگدانەوەی لە ئاستی جیهاندا، هەڵوێست و خوێندنەوەکانی ناوەندی هاوکاری و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی وەبیر هێنایەوە.

بەڕێز بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا تیشکی خستە سەر هۆکار و ئامانجەکانی ڕێژیم لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکان، درێژەی هەڕەشە و گۆڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە باشووری کوردستان و، هەروەها بەردەوامیی ماشێنی تێرۆری ڕێژیم دژبە تێکۆشەرانی دێموکرات و؛ هەموو ئەمانەی بە نیشانەی ترسی ڕێژیم لە ئیرادەی جەماوەریی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و بەرزیی پێگە و نفووزی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە قەڵەم‌ دا.

باسکردن لە بارودۆخی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی وڵات، چەندی‌وچۆنی و ئاستی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیون، کوسپ و گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی ئالترناتیڤ و هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی "مەنشووری جورج‌تاون" و بەردەوامی و درێژەی هەوڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی لە دەوری نەخشەرێی پێشنیاری -کە هەر ئێستا لە نێو ڕەوت و لایەنە سیاسییەکاندا ئاڵوگۆڕی بیروڕای لە سەر دەکرێ- ئەو باس و بابەتانە بوون کە بەشەکانی دیکە لە لێکدانەوەکەی بەڕێز کاک مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبیان دەگرتە خۆ.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەڕێز کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزب، لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و دۆست و هاوپەیمانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پرسی ئالترناتیڤی کۆماری ئیسلامی و ئەو دەرفەتانەی شۆڕشی ژینا بۆ کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ڕەخساندووە، باسێکی پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە باسەکەیدا پێی وابوو لە قۆناغی ئێستادا زۆرێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەسەلەی یەکگرتوویی و لێک‌نزیکبوونەوەی لایەنەکاندا بە پێویست دەزانن. بەڕێز عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ڕوانگە و خوێندنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ شۆڕشی ژینا و دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و ڕوونی کردەوە کە ئەو لایەنانە زیاتر لە خانەی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە بۆ ئاڵوگۆرەکان لە نێوخۆی ئێران دەڕوانن.

لە بەردەوامیی دەستووری کاری کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی ڕێبەریی حیزب وێڕای پەسەندکردنی لێکدانەوە و ڕاپۆرتی هەردوو بەڕێزان بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری و وتەبێژی حیزب، سیاسەت و هەڵوێستەکانی چەند مانگی ڕابردووی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە پێوەندی لەگەڵ پرسە سیاسییەکاندا بە درووست زانی.

لە باسەکانی کۆبوونەوەکەدا ڕۆڵ و فیداکاریی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی کوردستان و ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای نەتەوەکانی دیکەی ئێران بۆ لای مەسەلەی کورد لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لەلایەن ڕێبەریی حیزبەوە سەرنجی تایبەتیی خرایە سەر و هەر لەم پێوەندییەدا نایەکگرتوویی ئۆپۆزیسیۆن و نەبوونی ئالترناتیڤ وەک خاڵی لاواز و شوێنەواری خراپی لەسەر بزووتنەوەکە، ڕەخنەی لێ گیرا. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمایەسییانەش، ڕێبەریی حیزب وێڕای تەئییدی هەوڵەکانی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە پێوەندی لەگەڵ ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕوانگە هاوبەشەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چۆنیەتیی درووستکردنەوەی ئێرانی داهاتوو، بەڕێوەبەریی حیزب و تیمی دیپلۆماسیی حیزبی بۆ دیالۆگ و گەیشتن بە دەرئەنجامێکی دڵخواز و وەڵامدەر، ئەرکدار کرد.

ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیدا سەرنجی خستە سەر کۆمەڵێک باس و بابەتی نێوخۆیی پێوەندیدار بە ناکۆکییەکانی نێو بزووتنەوەی کوردستان و لەم پێوەندییەدا وێڕای تەئییدی هەوڵ و هەڵوێستەکانی بەڕێوەبەریی حیزب لەپێناو لێک‌تێگەیشتن و پاراستنی یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان و دوورەپەرێزی لە گرژی و ئاڵۆزی، چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان و هەوڵدان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی بە زەروورەتێکی ئەساسی بۆ قۆناغی ئیستای بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و ئێران دانا.

باسکردن لە کۆمەڵێک بابەتی نێوخۆیی و ئۆرگانی، تەوەری کۆتایی دەستووری کاری کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزب بوو کە بە بەشداری و وڵامدانەوەی بەرپرسانی ئۆرگانەکانی حیزب و بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب پاش هەڵسەنگاندن و تاوتوێ بڕیاریان لەسەر درا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٢

(٢٢ی جولای ٢٠٢٣)