کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ئەگەر دنیا دەیهەوێ کێشەی ئەتۆمی ئێرانی لەکۆڵ بێتەوە، دەبێ هەوڵی بنبڕکردنی ئەو ڕێژیمە بدات

22:07 - 2 گەلاوێژ 2723

ئاماژە: خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لەم دواییانەدا میوان بوو لە کۆنفرانسێک کە لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی شارەداریی ڤییەن گیرا. حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆ مافی کوردەکان لە ئێران خەبات دەکات. دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو، لە ڕێکەوتی ١٣/٧/١٩٨٩ لە ڤییەن لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ئێرانەوە تێرۆر کرا، و ئوتریش ئەوکات تێرۆریستەکانی بەرەو ئێران بەڕێ کردەوە. لە کاتی کۆنفرانسەکەدا (٢٣/٦/٢٠٢٣) کە  کاک خالیدی عەزیزی، یەکێک لە پانێلگێڕەکانی بوو، ڕۆژنامەنووس ڤیلاند شنایدەر لە ڕۆژنامەی "دی پرێسێ" لە وڵاتی ئوتریش ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ کرد. بڵاوکردنەوەی ئەم چاوپێکەوتنە، کەمێک وەدرەنگی کەوت.

 

دەقی وتووێژەکە:

خالید عەزیزی  داوا دەکات کە ئووروپا هەڵسوکەوتی توندتر لەگەڵ سیاسەتی "بەبارمتەگرتنی" ئێراندا بکات و دامودەزگا قەزاییەکانی ئوتریشیش سەرلەنوێ بە پەروەندەی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانیدا بچێتەوە. هەروەها هەڕەشەی ئەتۆمییش تەنیا ئەوکاتە کۆتایی دێت، کە ڕێژیمی ئێران کۆتایی پێ هاتبێت.

دی پرێسێ: دوای ئەوەی ژینا مەهسا ئەمینی لەژێر دەستی گەشتی ئیرشادی ئیسلامیدا مرد، ئەوە نیزیکەی ساڵێکە کە لە ئێران دژی ڕێژیم ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن، بەڵام ڕێژیم هەر لەسەر کارە؟

خالید عەزیزی: دوای مەرگی ژینا ئەمینی  ناڕەزایەتییەکان بە گوڕوتینێکی زۆر دەستیان پێ کرد، ڕاپەڕینێکی زۆر بەربەرین بوو، حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و نەتەوەکانی جۆراوجۆر و گرووپ و دەستە و لایەنی مەزهەبی و ئێتنیکی جۆراوجۆر بەشدار بوون تێیدا. ئەوانە هەمویان یەکگرتوو بوون. خەڵک دروشم‌گەلێکیان دەگوتەوە کە بۆ یەکەمجار لە کوردستانەوە سەریان هەڵدا و لە ئێراندا دەگوترانەوە، بەڵام ئێستا ئەو ڕاپەڕینە لە کزیی داوە.

بۆ؟

ڕێژیم لە هەموو جۆرە ئیمکاناتێک کە هەیەتی، دژی خۆپێشاندەران و ناڕازییان کەڵکی وەرگرت، لەو نێوشدا هێزە دژبەرەکانی ڕێژیم وەک ئۆپۆزیسیۆن، نەیانتوانی بەدیلێک دروست بکەن. دروشمی سەر زاری خەڵک ئەوەیە "بڕووخێ ڕێژیم"، بەڵام بەداخەوە هێزە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم لەم نێوەدا، سەرکەوتوو نەبوون کە بەدیلێک بۆ دوای ڕووخانی ڕێژم بە خەڵک بناسێنن.

وڵاتانی ئورووپایی پشتگیرییان لە ناڕەزایەتییەکان کرد لانیکەم لە ڕووی ئەخلاقیەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەیانهەوێت پەروەندەی ئەتۆمی ئێران دووبارە بێننەوە سەر مێزی وتووێژ؟

ئەم شێوە ڕاپەڕینانە کە تەنیا لە ڕووی ئەخلاقییەوە پشتگیری دەکرێن، لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە پشتگیری لەقەڵەم نادرێن. ئێستا تەنیا لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران قسە دەکرێت، بەم شێوەیە ڕێژیم توانیویەتی هاوپەیمانیە نێونەتەوەییەکان بەبارمتە بگرێت. بەڵێ، ئەو ڕێژیمە بە هیچ شێوەیەک نابێ دەستی بە بۆمبی ئەتۆمی ڕابگات، بەڵام ئەوە هەر دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی ئەو ڕیژیمە لەسەر کار بێت. بۆیە ئەگەر دنیا دەیهەوێ مەترسیی بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە بنبڕ بکات، دەبێ هەوڵی بنبڕکردنی ئەو ڕێژیمە بدات.

بەڵام لە داهاتوودا بۆ ئەوە شانسێک هەیە؟

لە ئێران خەڵک ئەوە دەزانن، کە ئەو ڕێژیمە لە بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا توانای چارەسەری گیروگرفتەکانی نییە، من چاوەڕوانیی ئەوە دەکەم، کە شەپۆلێکی تازەی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستانی ئێران و هەروەها لە تەواوی ئێراندا، بێتەوە گۆڕێ.

ڕێژیم هەوڵ دەدات ئەو کەسانە، کە هاووڵاتی دوولایەنەن بخاتە زیندانەوە، بۆ ئەوەی وەک چەکێکی فشار بۆ سەر وڵاتانی ئورووپایی بە کاریان بێنێ و کەسانی خۆی، کە لە ئورووپا دەگیرکەوتوون پێ ئازاد بکات. هەر دوور نەڕۆین، ئێران تازە دوو کەسی ئوتریشیی ئازاد کردووە بۆوەی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی کە لە بێلژیک وەک پلانداڕێژی تێرۆرێک لەدژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران حوکم دراوە، ئازاد بکرێت.

ئەگەر ئورووپا بەتوندی بەرهەڵستی ڕیژیم بێتەوە، ڕێژیم ناتوانێ ئووروپا بکاتە گۆڕەپانی شەڕانخێوی خۆی و هێرش بکاتە سەر دژبەرانی و تێرۆریان بکات و، بەم شێوەیە کەڵکی خراپ لە ئورووپا وەردەگرێ. ئەمن هیوادارم ئورووپا ئەو مەترسییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە لە سەری هەن، وەک مەترسییەکان ڕوسیا بیبینێ.

 تێرۆریستەکان دوای تێرۆری ڤییەن توانیان بێ هیچ بەربەستێک، ئوتریش بەجێ بێڵن و بەرەو تاران بڕۆنەوە، پێت‌وایە کە ئوتریش، ئێستا دەبێ هەنگاوێکی دیکە باوێت لە مەسەلەی ئەو تێرۆرەدا؟

ئەو تێرۆرە لە ڤییەن کراوە، لە پێتەختی وڵاتێکی سەربەخۆ  کە دەزگای قەزایی سەربەخۆی هەیە ئەوە بە دەست دامودەزگاکانی قەزایی ئوتریشە کە ئەو پەروەندەیە بخەنەوە گەڕ، چوون هیچ شک و گومانێک لەوەدا نییە کە تاوانبار لەم پەروەندەیەدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. بەداخەوە حکوومەتی ئوتریش لە ساڵی ١٩٨٩دا بە هۆی ساتوسەودای لە گەڵ ئێران، توانی بەر بە پرۆسەی قانونی بەدژی تێرۆریستەکان بگرێت. بۆیە ناکرێ ئەو پەروەندەیە وەک پەروەندەیەکی داخراو و وەلانراو سەیر بکرێت.

ئەگەر لە مانگی جولای ١٩٨٩دا لە ڤییەن قازییەک هەبایە و دوای تێرۆری ڕێبەری ئێمە دوکتۆر قاسملوو، دژی ئەو بکوژانە لێکۆلینەوەی کردبایە، لەوانەبوو تێرۆری میکۆنۆس لە ئاڵمان ڕووی نەدابا؛ کە لەو تێرۆرەشدا کۆماری ئیسلامی دوکتۆر شەرەفکەندی و هاوڕێیانی دیکەی ئێمەیان تێرۆر کرد.

لەنێو حیزبی ئێوەدا باسی ئەوە هەبوو پێشمەرگە دەنێردرێتەوە بۆ ئەوەی ناڕازییان لە توندوتیژیی هێزەکانی ڕیژیم بپارێزێت و، بەم شێوەیە سەرهەڵدانەکە بگاتە ئاستێکی نیزامی؟

حیزبی ئێمە، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران حیزبێکی سیاسییە و گروپێکی چەکدار نیی. ئێمە پێشمەرگەمان هەمیشە هێزی بەرگریکار بووە، بەڵام سیاسەتی ئێمە ئەوە نەبووە کە پێشمەرگە بنێرینەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگای نیزامییەوە پشتیوانێک بین بۆ ناڕەزایەتییەکان، یان چالاکیی سەربازی بکەین. لە کوردستانی ئێران بزوتنەوەیەکی بەهێزی مەدەنی هەیە و، ئەوەمان لە دوای شەهیدبوونی ژینا باشتریش بۆ دەرکەوت.

کەوابێ پێشمەرگە تەمای هێرشکردنە سەر سوپای پاسدارانی نییە؟

پێشمەرگەی ئێمە هێزێکە کە ئەرکەکەی بەرگریکردنە.

بەڵام ناوەندی سەرەکیی ئێوە لە کوردستانی عێراق چەند جار لەلایەن ڕێژیمەوە هێرشی کراوەتە سەر، بۆ؟

لە هێرشە مووشەکییەکەی ساڵی ٢٠١٨دا من خۆم یەکێک لە بریندارەکان بووم، دوای ئەوەش ڕێژیم ئێمەی چەندین جار داوەتەوە بەر موشەک و درۆن، بۆ ئەوەی ئەو سەرنجەی لەسەر ناڕەزایەتییەکان نێوخۆی ئێران هەبوو، بەلاڕێیدا بەرێت. ڕێژیم لەو نێوەدا دەیهەوێت بە خەڵکی ئێران بڵێ کە هێزە سیاسییە کوردەکان خەباتیان بۆ پارچەپارچەکردنی ئێرانە، و ئەوە هیچ ڕاستیەکی لە پشت نییە. ئێمە هەمو هەوڵمان ئەوەیە کە لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ئێرانیی غەیری کورد بتوانین دیمۆکراسییەک بخەینە گەڕ کە لەودا هەموو وەک یەک بەشدار بن و خاوەندارەتی لێ بکەن. جا ئەوە فەرق ناکا کام نەتەوە و کەمینەیە و چ ئایین و پاشخانێکی کولتووریی هەیە.