کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: حیزبی دێموکرات وێڕای ڕێزدانان بۆ سەروەریی عێراق، درێژە بە تێکۆشانی سیاسیی خۆی دەدات

12:20 - 3 گەلاوێژ 2723

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی ''ڕووداو''، لەسەر گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات و ئۆپۆزیسۆنی دژبەری ڕێژیمی ئێران نیشتەجێ لە عێراق، ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات ڕێز بۆ سەروەریی عێراق دادەنێت و درێژە بە تێکۆشانی سیاسیی خۆی دەدات.

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەوی دووشەممە ٢ی گەلاوێژ، لە وڵامی پرسیاری ''ڕووداو'' لەسەر دوایین ‌هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەمەڕ سنووردارکردنی حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران جێگیر لە خاکی هەرێمی کوردستان، وتی: ''ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات هەمیشە هەوڵمان داوە کە دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا نەکەین و ڕێز بۆ سەروەری و یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دابنێین و لەژێر ڕووناکایی سیاسەتەکانی حیزبدا ڕێگەچارە بۆ ئەو بابەتە پەیدا بکەین.''

وتەبێژی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد کە حیزبی دێموکرات چالاکییە پێشمەرگانەکانی خۆی دژی ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و بەو شێوەیە بەشێک لە بیانووەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر عێراقی بڕیوە و لە ئێستادا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزووتنەوەی بەربڵاوی خەڵک بۆ داوا ڕەواکانیان لە ئارادایە، حیزبی دێموکرات بە پێویستی نازانێت دەست بۆ چالاکیی پێشمەرگانە ببات.

ناوبراو لەسەر داواکاریی ڕێژیمی ئێران لە عێراق بۆ چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: ''لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەموو کەس و گرووپ و لایەنەکان چەکیان پێیە و ئێمەش بۆ بەرگری لە خۆمان چەکمان هەڵگرتووە و بە بەرپرسیاریەتییەوە دەجووڵێینەوە و سیاسەتی ئێمەش بۆ دەوڵەتی عێراق ڕوون بووەتەوە کە بە دوای کێشە دروستکردن لەو وڵاتەدا نین.''

بەڕێز عەزیزی سەبارەت بە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتی: ''ئیمە وەک حیزبێکی سیاسی هەرگیز وتووێژمان وەلا نەناوە و لە ڕابردووشدا وتووێژمان هەبووە کە دوکتور قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ شەهید کرا و لەم چەند ساڵەی دواییشدا وتووێژمان هەبووە کە بە ئاکامێک نەگەیشتووین."

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وڵامی پرسیارێک لەبابەت لێکۆڵینەوەکان لەسەر تێرۆری سێ ئەندامی حیزبی دێموکرات لە هەرێمی کوردستان وتی: ''هەر کردەوەیەکی تێرۆریستی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، دەزگا ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی ئەو هەرێمە بەدواداچوونی بۆ دەکات و ئێمەش لە لێکۆڵینەوەکانی خۆماندا یارمەتییان دەدەین و پێشتریش لە دەیەی ٩٠ی زایینی ژمارەیەکی زۆر لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ڕۆژاوایی تێرۆر کران و ئەو نیگرانییەش دروست دەکات کە کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا شەپۆلی تێرۆرەکانی بەربڵاوتر بکاتەوە.''