کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: نامانەوێ و نەمانویستووە هەرێمی کوردستان بکەینە مەیدانی شەڕ و پشتی جەبهەی خۆمان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران

00:13 - 4 گەلاوێژ 2723

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەوی دووشەممە ٢ی گەلاوێژ لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی مێدیایی "ڕووداو" وەڵامی کۆمەڵە پرسیارێکی پێوەندیدار بە پرسی ئەمنییەتیی حیزبی دێموکراتی دایەوە و، سیاسەتەکانی حیزب بە نیسبەت هێڕش و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و چەندی‌وچۆنیی ڕێککەوتنی ئەمنییەتیی نێوان عێڕاق و ئێران و لێکەوتەکانی لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستانی شی کردەوە. "کوردستان‌مێدیا" پوختەی وەڵامەکانی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی لە چەند تەوەرێکی گشتیدا بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە:

 

وادەی دیاریکراوی سپای پاسداران بۆ عێڕاق و هەرێمی کوردستان

تا ئەو جێگای پێوەندی بە ئێمەوە هەیە لە ڕاستیدا سەرکردایەتیی و ئەندامان و بەشێک لە دامەزراوەکانی حیزب لە خاکی کوردستان و لە خاکی عێراقدا زۆربەیان مەدەنین. ئێمە هەموو کاتێک هەوڵمان داوە دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا نەکەین و، ڕێز لە سەرووی خاکی عێراق و یاساکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگرین. لەژێر ڕووناکایی ئەو سیاسەتە گشتییەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێ‌دەکۆشی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگا چارەیەک ببینێتەوە. بەشێک لە بیانووکانی ئێران ئەوەیە ئێمە لێرەوە هێزی پێشمەرگە دەنێرینەوە و عەمەلیاتی نیزامی دەکەین، لە حاڵێکدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەردی بناغەوە وەک وەک حیزبێکی سیاسی دامەزراوە و پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و سەرنەکەوتنی دانوستانەکانی ئێمە لەگەڵ تاران و پاش هێرشی سپا و ئەڕتەشی ئێران ئیدی خەڵک بەناچار بەرگرییان لە خۆیان کردووە.

لە ئێستادا و لە حاڵێکدا لە نێوخۆی وڵات خەبات و تێکۆشانێکی بەربەرینی مەدەنی، قانوونی و جەماوەری هەیە، حیزبی دێموکرات هیچ حەوجێی بەوە نییە پێشمەرگە بنێرێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئێمە پێمان وایە پرسی کورد لە ئێران‌ ڕێکاری نیزامیی نییە. هەر لەم ڕووەوە ئێمە لەو دواییانەدا نە پێشمەرگەمان ناردۆتەوە، و دەشمانەوێ هەرێمی کوردستان و خاکی عێراق بکەینە پشتی جەبهە بۆ شەڕ و شۆڕشی خۆمان. بۆیە ئێمە هەموو پابەندییەکانی خۆمان بە یاسا نێونەتەوەییەکان و پڕەنسیپە سیاسییەکانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان پاراستووە، و هەر لە درێژەی ئەوەشدا حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە پاسەوانانی سنوور لە سنوورەکان جێگیر بکات.

حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان مافی قانوونیی خۆیانە پاسەوانەکانی سنوور لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر بکەن. ئێرە عێراقە و ئێمە لەوەدا دەستوەردان ناکەین و لەهەر جێگایەکی ئەو سنوورانە پاسەوانانی حکوومەتی عێراقی لێ بن، بە لای ئێمەوە ئاساییە و پێشمان باشە. چونکی ئەودەم حکوومەتی عێراقیش دڵنیا دەبێت لەوەی ئێمە باسی دەکەین. ئێمە مادام هێرش ناکەینە سەر هێزەکانی ئێران لە نێوخۆ و مادام هێزی پێشمەرگە نانێرینەوە، ئاشکرایە ئەوە هەمووی بیانووگریی کۆماری ئیسلامییە و ئێمە ئامادەین لەو پێوەندییەدا ڕێگاچارەیەک ببینیەوە کە لە چوارچێوەی سیاسەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەقیقەن "دفع‌الشر"ێک بێت بەو بیانووگرییەکانی ئێران بە بەغدا، هەرێمی کوردستان و ئێمەی گرتووە.

 

پرسی چەککردنی حیزبی دێموکرات

بارودۆخی عێراق جۆرێکە هەموو کەس و هێز و لایەنەکان چەکدارن. لە عێراق گرووپی جۆراوجۆری چەکدار هەیە. ئەمریکا چەکدارە، لایەنە عێراقییەکان چەکدارن، هێزە کوردییەکان چەکدارن. چەکداربوونی ئێمە لە ڕاستیدا بۆ بەرگری لە خۆمانە و پرسی چەکداربوونی ئێمە گرێدراوی پرسی ئەمنییەت و پاراستنی بنکە مەدەنییەکانی ئێمەیە. ئەو بنکە مەدەنییانە بێگومان پێویستییان بە پاراستن هەیە. ئێمە لە ڕابردووی ١٠ تا ١٢ ساڵ پێش ئێستادا لە پێوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا ئەو باسانەمان لەگەڵ کردوون. هەر بۆخۆم یەکێک لە سەرۆک‌وەزیرانی عێراقم لە بەغدا بینیوە و پێمان گوتوون ئێوە ڕابردووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەناسن و دەزانن حیزبێکە بە هەست بە بەرپرسیارییەتییەوە لێرەیە. ئێمە هەرگیز بۆ کێشە دروستکردن لێرە نین و دەستێوەردان لێرەدا ناکەین و، تەنانەت ئەگەر قسە خێرتان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران پێ دەکرێ، لەلایەن حیزب دێموکراتەوە فەرموون بەدوایدا بڕۆن. یانی حکوومەتی عێراق و بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسییەکان ئاشنان بە مێژووی جووڵانەوەی کوردی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. بۆیە من پێـم‌وایە بەغدا تا ڕادەیەکی زۆر دەزانێ سیاسەتەکانی ئێمە چۆنە و، تێ‌دەگا ئێمە حیزبێکی لاشەڕین و ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق دەگرین و لە داهاتووشدا ئەسبابی کێشە بۆ حکوومەتی عێراق و هەرێمیش نابین.

 

ڕێگەچارەی کێشەکانی نێوان کورد و دەسەڵات لە تاران

بناغەی دروستبوونی حیزبی دێموکرات لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتی و کوردایەتییە. حیزبی دێموکرات چارەسەری ئەو کێشەیە لەوەدا دەبینێ دێموکراسی لە ئێراندا جێگیر ببێ و جیاواز لەوی داهاتووی ئێران چی لێ دێتەوە، ئێمە دەمانەوێ تاران گوێ لە داواکانی ئێمە بگرێ و ڕێزی بۆ دابنێ و لانیکەمی ئەو داوایانە جێبەجێ بکرێ. ئێمە پێمان‌وایە لە تاران هەموو وەک یەک بیر ناکەنەوە و ڕەنگە لەنێو کۆماری ئیسلامییشدا خەڵکانێک هەبن وەکوو سپای پاسداران بیر نەکەوە و ئەوانیش پێیان وابێت ئەو نیزامە کێشەی بۆ خەڵکی ئێران دروست کردووە و کورد و بۆخۆشیانی تووشی کێشە کردووە. من پێم‌وایە ئەو باسانە و ئەو عەقڵییەتە لە داهاتوودا دێتە گۆڕێ، بەڵام دیسان جەخت دەکەمەوە، شەڕ و مووشەکباران و دڕۆن ناردن بۆ دەرەوە و کوشتن و ئێعدام و بڕین لە نێوخۆ، ئەوانە هیچی ڕێگاچارە نییە. هۆیەکەی ڕوونە: کۆمار ڕووخا، بەڵام جووڵانەوەکە مایەوە. لە دوای کۆمار و پاشان هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی کە دانوستان لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتیی کورد سەری نەگرت و هێرش کرایە سەر کوردستان؛ جووڵانەوەکە هەر مایەوە. ڕێبەرانمان تێرۆر کران و ئەو جووڵانەوەیە و ئەو حیزبە هەر ماوە. ئەو بابەتە پرسی مەسەلەی یەک حیزب و دوو حیزب نییە، پرسی یەک میللەتە کە لە جووڵانەوەی ژینادا سەلماندی داواکاریی خۆی هەیە و بەدوایدا دەڕوا و کاری بۆ دەکات.

 

پێوەندیی حیزبی دێموکرات و هەرێمی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ خەڵکی کوردستانی عێراق و هێزە سیاسییەکانی پێوەندییەکی یەکجار خۆشی هەیە. زۆربەی خەڵکی هەرێم و هێزە سیاسییەکان بە مێژوو و پێوەندیی ئێمە ئاشنان و لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا لەگەڵمان بوون، بۆیە هەمیشە جێگای ڕێز و سپاسن. تا ئەو جێگایەش کە پێوەندی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، من پێم‌وایە هەم سەرۆکایەتیی هەرێم و هەم سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە هەست بە بەرپرسیارییەتیەوە بۆ ئەو مەسەلەیە چوون. لەو ماوەیەدا هەم بەغدا و هەم حکوومەتی هەرێـمی کوردستان هەموو لەسەر خەت بوون و ئێستاش هەر بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێن کە لەو چارەسەردا خاڵی سازانێک دروست بکەن. واتە ڕێگاچارەیەک ببیندرێتەوە کە هیچ لا بەو جۆرە زەرەی تێدا نەکەن و ئارامییەک لەو ناوچەدا بێتە گۆڕێ. تا ئەو جێگایەش کە پێوەندیی بە حیزبی دێـموکراتی کوردستانەوە هەیە، دیسان پێداگریمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕێز لە یاسا و ڕێساکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەروەریی عێراق دەگرین و لە چوارچێوی ئەو ڕەچاوکردن و ڕێزگرتنەدا، بە هەست بە بەرپرسیاریتییەوە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین.

خۆ هەر لە مووشەکباران و زیانەکاندا بەتەواوی دەرکەوت بنکەکانی ئێمە کە هێرشیان کرایە سەر، زۆربەی زۆریان خەڵکی مەدەنیی تێدا نیشتەجێیە و دامەزراوەی جۆراوجۆری مەدەنیی حیزبیان تێدا بووە. ئەگەر قەرار بێ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پڕۆژەی سەربازیی هەبێت، خەڵکانێکی زۆر لە نێوخۆی وڵات هەن کە چەکیان هەیە و ئامادەییشیان هەیە و داواشیان لە ئێمە کردووە کە ئێمە پێمان گوتوون نا. یانی بە لای ئێمەوە ئەوە باوەڕە. بەتایبەتی کە نامانەوێ هەرێمی کوردستان، بکەینە مەیدانی شەڕ و پشتی جەبهەی خۆمان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.

 

داخوازەکانی ئێران و ئاسۆی ڕێککەوتن لەسەر ناکۆکییەکان

هەتا ئێستا ڕێککەوتێنک کە کۆتایی بەو ئاڵۆزی و بابەتە بێنێ نەکراوە. بەڵام هەم ئێمە و هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەم بەغدا لەسەر خەتین. ڕێگا چارەی جۆراوجۆر باس دەکرێ. ئاشکرایە ئێران کۆمەڵێک داوای هێناوەتە گۆڕێ، وەک ئەوەی  و لەگەڵ بەغدا باسی کردووە و، بەغداش لەگەل حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم وتووێژانە هەتا ئێستاش بەردەوامن و هەروەک باسم کرد ئێمە بە هەست بە بەرپرسایەتییەوە چاو لە مەسەلەکە دەکەین و ئیدی ئەوە حکوومەتی بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستانن کە دەبێ بزانین، چ ڕێگا چارەیەک دەبیننەوە. مەسەلە بیانووگرییەکانی ئێرانن. بۆ نموونە و بۆ ئاگاداریی هەموو لایەک لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کە هێرش کراوەتە سەر حیزبی دێموکرات، پێشمەرگەکانی ئێمە لە ناوچەی سەر سنوور بوون، بەڵام ئەو شوێنانە هێرشیان نەکراوەتە سەر و هێرشەکە بەداخەوە بۆ سەر بنکە و بارەگاکا مەدەنییەکانی ئێمە بوو کە خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵی تێدا دەژین. جا ئەگەر ئێمە گەیشتینە سەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەوکات خوێندنەوەیەکی دیکە لە مانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خاکی عێراق و لەنێو حکوومەتی هەرێمدا دەکرێت.

بە گشتی سیاستی گشتی ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات، ئەوەیە لە چوارچێوەی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا جۆرێک هەڵسوکەوت بکەین بەشێک لە چارەسەری ئەو کێشەیە بین. لەبارەی هێنانەخوارێی هێزەکانمان لەسەر سنوور داوایەک لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە لە ئێمە کراوە کە ناتوانین نادیدەی بگرین. بەڵام کاتێک بڕیارە پاسەوانانی سنوور لەو ناوچانە جێگیر بن، بە مانای ئەوەیە ئەو داوایەی ئێران کە پاراستنی سنوورەکانیەتی وەدی هاتووە و بیانوویەکی بۆ هێرش و هەڕەشە نامێنیت. ئێمە لەمێژە بەڕاشکاوی گوتوومانە سەرەڕای ئەوەی لە نێوخۆی وڵاتەوە داواشمان لێ دەکەن، بەڵام ئێمە گوتوومانە نە پێویستیمان بەوە هەیە و نە سیاسەتی ئێمە ئەوەیە. ئەوە ڕێژیمە کە لەو ڕێگەیەوە دەیەوێ شۆڕش و ڕاپەڕینی مەدەنیی خەڵک بە لاڕێدا ببا.

 

پرسی دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی

ئێمە لەباری پرەنسیپ و ئوسوولییەوە هەرگیز دانوستانمان وەلا نەناوە. زۆر سروشتییە لەنێوان جووڵانەوەی کوردستانی ئێران، لە نێوان حیزبی دێموکرات و حکوومەتی ناوەندیدا دانوستان هەبێت. بۆیە ئەگەر کۆماری ئیسلامی داوای وتووێژ بکات، وەک پڕەنسیپ سیاسەتی ئێمە ڕوونە. بەڵام پرسیار ئەوەیە داواکە چییە؟ چۆنە؟ کێ دەیهێنێ؟ بابەتەکانی پێوەندیدر بە کاتی داواکە و زۆر دی و ئەو لایەنە تێکنیکییانە هەمیشە جێگای باسن. دەنا حیزبێکی سیاسی کە لە حاڵی خەبات و تێکۆشان‌دایە و، لایەنی بەرانبەری داوای وتووێژی لێ دەکا، بە هیچ جۆر ئەوە ڕەت ناکاتەوە. بەڵام دەبێ بزانین ئەو پەیامە چییە؟ چی دەنێرن و بە کێدا دەینێرن؟ هۆیەکەشی ئەوەیە ئێمە لە ڕابردووشدا ئەوەمان کردووە، بۆ نموونە لە دانوستانێک کە لە ڤییەندا کرا، نەمر دوکتور قاسملووی تێدا شەهید کرا.یان دانوستانێک کە سێ-چوار ساڵ لەوە پێش لە نۆڕوێژ کرا و هەیئەتێکی باڵای کۆماری ئیسلامی هاتن و چەندین دانیشتنیشمان پێکەوە هەبوو، بەڵام بە هیج ڕێککەوتنێک نەگەیشتین.

 

خەباتی دیپلۆماسیی حیزب لە دەرەوەی وڵات

ئێمە لە تەواوی ژیانی سیاسیی خۆماندا بایەخمان بە لۆبیگەری لە ئورووپا و ئەمریکا داوە. بەردی بناغەی لۆبیگەریی کورد و حیزبی دێموکرات نەمر دوکتور قاسملوو کاتی خۆی لە پاریس داینا. ئەو بۆچوون و عەقڵییەتە وردە وردە پەری سەند و، ئێستا دەبینین کە بەهرەی بۆ بەشێکی کوردستان بەتایبەتی باشووری کوردستان هەیە.

لە ئەمریکا تا ئەو جێگایەی پێوەندی بە چارەسەرەکان هەیە و تا ئەو جێگایەی پێوەندی بەوەوە هەیە گوێ بدەن بە ئێمە، لایەنە ئەمریکییەکان حیزبی دێموکراتیان پێ حیزبێکی مەنتیقییە و حیزبی دێموکراتیان پێ حیزبێکە کە دژی تێرۆریزم و لایەنگری دێموکراسییە. حیزبێک کە لایەنگری ئیدارەی هەمەلایەنەی ئێرانە، بۆیە لەو بابەتەدا زۆر دامەزراوە لە ئەمریکا گوێ دەدەن بە ئێمە و ئێمەش لەوێ هەوڵمان داوە خەڵکێکی زۆر پەیدا بکەین هەتا بە نیسبەت مەسەلەی ئێمە و مافەکانی ئێمە لە داهاتووی ئێراندا، بێ‌تەفاوت نەبن. بەڵام ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەداخەوە زۆر سەرقاڵە بە مەسەلەی پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێران و لەلایەکی دیکە بە ئۆکراینەەوە، بۆیە مەسەلەی ئێمە جارێ ڕەنگە لە ڕۆژەڤی کاریاندا نییە.