کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: لە ڤییەنەوە ڕوو دەکەینە د. قاسملوو و پێی دەڵێین ڕێبازەکەت زیندوویە و سەنگەری خەبات و تێکۆشانت ئاوەدان و پڕ ڕێبوارە

16:40 - 17 پووشپەڕ 2723

(دەقی قسەکانی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سمیناری سیاسی-تەشکیلاتیی کۆمیتەی حیزب لە ئۆتریش)

 

خۆشحاڵم کە لێرە لە ڤییەن لە دەوری یەکتر کۆ بووینەتەوە. لە یەکێک لە ناوەندەکانی دنیای دێموکراسی و لە شارێک کە دوکتور قاسملووی ڕێبەرمان خۆشی دەویست و مخابن هەر لەو شارەشدا و لە کاتێکدا بۆ چارەسەری سیاسییانەی پرسی کورد لەگەڵ دیپلۆمات‌تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی کۆ ببۆوە؛ لەسەر مێزی وتووێژ و لەلایەن ئەو نێردراوانەی ڕێژیمەوە تێرۆر کرا.

ئێستا لە ساڵیادی لەدەستدانی ڕێبەری گەورەماندا جارێکی دیکە یاد و ناوی ڕێبەری ناودارمان بەرز ڕادەگرین و پێ لەسەر بەردەوامی و زیندوویەتیی ڕێبازەکەی دادەگرینەوە. ئەو ڕێبازەی دەستەبەری مافە نەتەویی و ئینسانییەکانی کورد لە ئێرانی مەبەست بوو، و هەوڵی دەدا بە مێتۆدی سیاسی و لەڕێگەی وتووێژ و دانوستانەوە چارەسەری پرسی نەتەوەیی کورد لە ئێران بێت. ڕێبازێک بۆ شێلگیری لە مافخوازی و کۆڵنەدان دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە هەر لەگەڵ دامەزرانی ئەم ڕێژیمە لە کوردستان سەری هەڵدا و لە ساڵی ڕابردووشدا و لە شۆڕشی نوێی خەڵکەکەمان کە بە کوژرانی ژینا ئەمینی دەستی پێ کرد، جارێکی دیکەش لە کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران پەلی هاویشتەوە. ئەو ڕێبازەی کە داوای سەقامگیریی دێموکراسی لە ئێراندا دەکات، ئەو ڕێبازەی باس لە خاوەنێتیی نەتەوەکان لە مافە نەتەوایەتییەکانیان لەو دێموکراسییەدا دەکات، ئەو ڕێبازەی دەڵێ هەموومان دەبێ لە ئیدارەکردنی ئێراندا بەشدار و هاوبەش بین، ئەو ڕێبازەی دەڵێ نابێ وڵات بەسەر ناوەند و پەراوێزدا دابەش ببێت، ئەو ڕێبازەی پێداگری لەسەر مافی وەک‌یەک لە وڵاتدا دەکات، چ وەک تاک، گرووپ یان نەتەوە و جۆراوجۆرییەکانی دیکە. جەوهەر و نێوەرۆکی خۆپێشاندانەکانی پاییزی ڕابردوو کە لە کوردستانەوە دەستیان پێ کرد، هەر بۆ دەستەبەری ئەو مافانە بوو، جا بۆیە دەتوانین بڵێین بەخۆشییەوە عەقڵییەتی سیاسیی د. قاسملوو و ڕێبازەکەی کە سەردەمی خۆی خەڵکێکی کەم لێی تێ‌گەیشتبوون یان بەربەرەکانێیان لەگەڵی دەکرد، ئێستا لە هەموو ئێراندا پێشوازیی لێ دەکرێ. بۆیە لێرە لە ڤییەنەوە ڕوو دەکەینە د. قاسملوو و پێی دەڵێین ڕێبازەکەت زیندوویە و سەنگەری خەبات و تێکۆشانت ئاوەدان و پڕ ڕێبوارە.

ڕاستە خەبات و تێکۆشانی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە کوردستان هەر لەگەڵ دامەزران و هاتنەسەر دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە دەستی پێ کرد و بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو لە فۆڕم و شێوازی جۆراوجۆردا درێژەی بووە. بەڵام ئەوەی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارە لەوانی پێشوو جیا دەکاتەوە چەند فاکتەرێکن: ئەوەی لە شەقامەکاندا لەلایەن خەڵکی خۆپێشاندەرەوە دەگوترا، ئەوەی نوخبە و ئیلیت و لایەنە سیاسییەکانی نەتەوەکان بە کورد، تورک، بەلووچ، تورکمەن و پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێران باسیان دەکرد، ئەوەی لە کۆڕوکۆبوونەوە سیاسییەکان لە دەرەوەی وڵات ئاکامگیریی لێ دەکرا؛ لە کۆ و گشتییەتی خۆیدا نەخشەڕێیەکی نوێیان بۆ ئێرانی داهاتوو وێنا دەکرد. نەخشەڕێیەک کە حیزب و لایەنە سیاسییەکان و بەگشتی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی هان بدات بەرەو دروستکردنی ئاڵترناتیڤی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بچن. هۆیەکەی ئەوەیە کە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ئەگەر دروستبوونی بەدیلی بەدوودا نەیەت، بەتەنیا ئەم ڕێژیمەی پێ ناڕووخێت.

ڕاستە خەڵک لە ئێران ئەوەی لە توانایدا بوو کردیان، لە خۆپێشاندان و مانگرتن و گیان‌بەختکردن و برینداربوون و، هەموو تێچووەکانی دیکەی ئەم شۆڕشە، وەک گیران و بەندکران و ئەشکەنجە و زۆر تێچووی دیکە. بەڵام ئاڵترناتیڤ بە خەڵک دروست نابێت، کاری حیزب و ڕێبەرانی سیاسییە. خەڵک هەموو شتێکیان کرد، بەڵام حیزبەکان و ڕێبەرانی سیاسی و بەگشتی ئۆپۆزیسیۆن ئەوەی دەبوو بیانکردبا نەیانکرد. ئەمە دەرفەتێک بوو کە تا ئێستا نەکراوە نەتواندراوە بقۆزڕێتەوە. لەوەش‌ڕا کە دڵنیام هەتا کۆماری ئیسلامی مابێت، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لەدژی ئەو ڕێژیمە دەمێنێت، کەوایە دەبێ خەسارناسیی ئەو دۆخە سیاسییەمان کردبێت.

لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە خوێندنەوەکانی خۆیاندا بەهەڵە چوون و بە پێداگری لەسەر سیاسەت و ئیدئۆلۆژییەکانی خۆیان نەیانتوانی بگەنە خاڵی هاوبەش لە نێوان هەموواندا. بۆیە حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەبێ لەو دۆخە تێ‌بپەڕن. هۆکارێکی دیکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە سەرنجدان بە مێژووی هاوچەرخی ئێران لە بنەڕەت‌ڕا دروستکردن و داڕشتنەوەی ئەو وڵاتە لەسەر ئەو بنەمایانە سەقەت و هەڵە بووە. دامەزرانی ئێرانی نوێ لەسەر ئەساسی تیۆریی ناوەندگەرێتی و تواندنەوە و پشتگوێ‌خستنی نەتەوە و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی دەرەوەی نەتەوەی سەردەست هۆکاری خوڵقانی دۆخی ئێستایە. ڕێگاچارەش قبوڵکردنی ڕاستییەکانە کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەی و فرە پێکهاتەتە و ئەگەر ئەو فرەییانە لە دەسەڵات و بەڕێوەبەریی هاوبەشی وڵاتدا خۆیان نەبیننەوە و هەرکام لە شوێنی خۆیان دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرییان نەبێت؛ ئەم وڵاتە ئارامی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت. ئێرانی ئێستا هاوشێوەی نیزامی ئاپارتایدی ئافریقای سەردەمی شۆڕشو ڕابوونی ماندێلایە کە بە خۆشییەوە لە هەموو جیهاندا پشتگیری لە خەباتی ماندێلا و ئایدیا و بۆچوونە دێموکراتیکەکانی کرا. ئەم ئاپاڕتایدە زۆر بە بەربڵاوی لە ئێرانی ئێستادا هەیە، کاتێک منی کورد ناتوانم ببمە سەرکۆمار، ناتوانم بە زمانی خۆم بخوێنم، ناتوانم شوناسی نەتەوەیی خۆمم هەبێت و ئەو پێشێلکارییەی ماف و ئازادییەکانی جۆراوجۆرییەکانی ئەو وڵاتە لە هەموو ڕەهەندەکاندا دەرخەری نیزامی ئاپاڕتایدی حکوومەتی ناوەندگەرای ئێرانە. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئەوە بوو کە زۆریان بیر لەو واقعە نەکردبۆوە و پلان و نەخشەڕێیان بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە نەبوو.

پرسیارێکی دیکە کە هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە خۆیان نەکرد ئەوە بوو کە بۆچی لە کاتێکدا خەڵک بە هەموو جۆراوجۆری و جیاوازییەکانیانەوە لە نێوخۆی وڵات یەکگر و یەکگرتوون و کەمترین ناکۆکییان لە خەبات دژی ڕێژیمدا تێدا بەدی ناکرێ، ئەوان لە دەرەوەی وڵات ناتوانن هاوپەیمان و یەکگرتوو بن؟ بۆچی لە تاران و شیراز و تەورێز دروشم دەدرا کە "کوردستان چشم و چراغ ایران"، بەڵام لە دەرەوەی وڵات لایەنە سیاسییە شۆڤینیستییەکان بە چاوی گومان و دردۆنگییەوە سەیری پرسی کورد دەکەن؟ هەڵبەت ئەوەی لە نێوخۆی وڵات بینیمان دەسکەوتێکی گەورە بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کوردە و ئەوە لە حیزبی دێموکراتدا ئەرک و بەرپرسایەتیی زیاتر دەخاتە سەرشانمان کە دەبێ پتر هاوپێوەندیی خۆمان لەگەڵ نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی ئێراندا پەرە پێ بدەین. دەبێ پتر لەسەر گوتاری سیاسی و مافە نەتەوایەتییەکانمان لەگەڵ یەکتر قسە بکەین و ڕاوڕاوێژمان بە یەکتری هەبێت. بۆ نموونە ئێمە کە داوای فدرالیزم دەکەین، دەبێ ئەو باس و خواسە لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی ئەم وڵاتە بێنینە گۆرێ و قەناعەتی هاوبەشیان لەگەڵ دروست بکەین. چونکی ناکرێ ئێمە فدرالیزممان بۆ ئێران بوێت، بەڵام فارسەکان کە نەتەوەی یەکەم لەو وڵاتەن لەگەڵ نەبن و بەشێک نەبن لەو وڵاتە فیدرالە. بۆیە ئێمە دەبێ بەدووی ئەو یەکیەتی و یەکگرییەدا بچین کە پێشتریش ڕێبەرانی شەهیدی ئێمە بناغەدانەری بوون و بەردەوام بەدوویدا چوون. دوکتور قاسملوو کە هەمووان دەزانین چەندە بەبایەخەوە بۆ پرسی هاوپێوەندیی نەتەوەکان لە ئێرانی ڕوانیوە و دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانیشی کە هەمووان دەزانین لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە غەیرە کوردەکان و ڕێک بە مەبەستی دروستکردنی ئەو یەکیەتی و هاوپەیمانییە کەوتە بەر دەستڕێژی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی و شەهید کران. ئێمە ئەو میرات و پاشخانەمان هەیە و دەبێ بیکەینە دەسمایە بۆ دەسکەوتی سیاسیی پتردا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەگەڵ خەسارناسیی ئەو دۆخە سیاسییە ئەو ئاکامگیرییەی کردووە و تێ‌دەکۆشێ لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی باوەڕیان بە دێموکراسی هەیە، باوەڕیان بە نا-ناوەندگەرێتی (عدم تمرکز) و هاوبەشی هەیە، باوەڕیان بە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت هەیە، باوەڕیان بەوە هەیە کە ئێران نەک هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچە بەڵکوو بەشێک بێت لە دەستەبەری ئەمنییەت و ئاشتیی جیهانی بۆ ئەوەی خەڵکەکەی نەبنە بارمتە لەسۆنگەی پڕۆژە ئەتومی و مووشەکییەکانی، و زۆر بابەتی تر؛ لەگەڵیان پێک بێت. لەو پلاتفۆڕمەدا هەموو پێکهاتەکانی بەشدار لە کۆنگرەی نەتەوەکانی فیدڕال، کۆماریخوازەکان و زۆر لایەنی دی کە بە ناوی شوڕای گوزار و هەمبەستەگی و لەژێر ناوی جۆراوجۆری دیکەدا تێکۆشانی سیاسییان هەیە، ئەوانەی لە بۆچوونەکانی حیزبی دێموکرات نیزیکن و دەبێ لە دەوری خۆمان و یەکتری خڕیان کەینەوە و بەرەو ئاڵترناتیڤ‌دروستکردن بچین. بەتایبەت کە ئەزموونی ناسەرکەوتووی مەنشووری "جۆرج تاون"یشمان هەیە.

مەنشوور "جۆرج تاون" بە زۆر هۆکار سەرکەوتوو نەبوو، ئەوە کە یەکەم پەلەی تێدا کرا. دووهەم ئاوێنەی نواندنی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران نەبوو. سێهەم خوێندنەوەیەکی نوێی لەسەر ئەساسی دوورکەوتنەوە لە ناوەندگەرێتی بۆ داهاتووی ئێران نەدا بە دەستەوە. چوارەم بە ئازایەتی و ڕاشکاوییەوە نەچووە نێو داکۆکی لە مافی نەتەوایەتیی نەتەوە پەراوێزخراوەکان، لەحاڵێکدا ئەوان بوون کە زۆرترین تێچووی شۆڕشەکە لە ئێستادا و خەبات و تێکۆشان لە دژی کۆماری ئیسلامییان لە ڕابردوودا داوە. پێنجەم و لە هەموویان گرینگتر ئەوەیە ئەوە حیزبەکانن دەچنە نێو هاوپەیمانی و دواتر بەڕێوەبردنی وڵاتەوە، نەک تاک و سێلێبریتییەکان. ئێمە لە سەردەمێک‌داین کە دێموکراسی بە دروستکردن و کار و چالاکیی حیزب و خەمڵاندنی دێموکراسی بە ڕکەبەریی حیزبەکان و ئیدارەدانی جدیتری دێموکراسی بە ڕێککەوتنی حیزبەکان لەگەڵ یەکتری دەکرێت. لە مۆدێڕنترین دێموکراسییەکانی جیهاندا ئەو فۆڕمە لە حیزبایەتی و حکومەتدارییە جێ کەوتووە، بەڵام مخابن لە ئێران غیابی دێموکراسی و حیزبایەتی و لێک‌تێنەگەیشتنی لایەنە سیاسییەکان یارمەتیی بە بەرجەستەبوونی تاک و سێلبریتییەکان -سەرەڕای ڕێزم بۆ خەبات و تێکۆشانیان- داوە. ئێمە دەبینین لە ئەمریکا میلیاردێرێکی وەک دۆنالد تڕامپ وەک کەسایەتی ناچێتە نێو گەمەی سیاسی و دەسەڵات، دەبێ بچێتە نێو حیزبێک و لەوێوە خۆی کاندید بکا و دەبێ ببێتە نوێنگە و سیمبولی حیزبێک کە بتوانێ کێبرکێی سیاسی و هەڵبژاردنەکان بکات. لەم ڕووەوە ئێمە دەبێ هاندەری ئەوە بین خەڵکی ئێران بەرەو خۆسازماندان و کاری ڕێکخراویی بچێت و پەرەپێدەری کولتووری حیزبایەتی بین.

حیزبی دێموکرات لەو پێوەندییەدا ئەزموونی بەنرخی هەیە. کۆمارەکەی دەڕووخێ، بەڵام حیزبەکەی لەجێی خۆیەتی. پێشەواکەی ئێعدام دەکرێ و بە دووی ئەودا دەیان ڕێبەری دیکەی دەگیرێن و ئێعدام دەکرێن، بەڵام لە مەیدانی خەباتدا دەمێنێتەوە. هەزاران پێشمەرگەی لە مەیدانی خەباتدا شەهید دەبن و سکرتێرەکانی تێرۆر دەکرێن، بەڵام هەر هەیە و دەمێنێتەوە. مووشەک‌باران دەکرێ، هەر دەمێنێتەوە. بۆ؟ چونکی ویستێکی ڕەوا وەک پرسی نەتەوەیی لە کوردستان هەیە کە لە فۆڕمی حیزبی دێموکراتدا خۆی ڕێک‌خستووە و بەردەوامیش هەر گەشە دەکات. ئەو حیزبە لە هەر بارودۆخێکدا لە پێی هەڵویست و بڕیار و دەروستی و ئیمزای خۆی ڕادەوەستێ. بۆیە ئێمە دەبێ پەرەپێدەری ئەو فەرهەنگە سیاسییە بین و خەڵکی ئێران و جۆراوجۆرییەکانی ئەو وڵاتە بەرەو فەرهەنگی خۆسازماندان هان بدەین.

بابەتێکی دیکە کە پێشتریش قسەمان لەسەری کردووە، بابەتی تێ‌نەگەیشتنی زۆر کەس و لایەنی سیاسییە لە پرسی نەتەوەیی و دەبینین لە زۆر مەیدان و بواردا دیسان ئێمە بەرەوڕووی تۆمەتی جیاییخوازیی و تەجزیەتەڵەبی دەکرێینەوە. لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە ئەو بابەتە مەوزووعییەتی نەماوە. شەقام و بیروڕای گشتیی ئێران لە نێوخۆی وڵات و خەڵکی ئاسایی کە گیانی خۆیان فیدای ئەو شۆڕشە کرد، ئەوان سەلماندیان کە ئەوە بابەت و مەسەلەی ئەوان نییە. ئەوە دەغدەغە و بابەتی کەسانێک لە دەرەوەی وڵاتە کە زۆر لە واقعەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران دوور کەوتوونەتەوە و ناڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر کاریگەریی تەبلیغاتی کۆماری ئیسلامی و ئەو باسانە دەورووژێنن. زۆر بەڕوونی دەڵێین ڕێگای ئەوەی ئێران دابەش نەبێ و لێک نەترازێ ئەوەیە دێموکراسی لە ئێراندا جێگیر ببێت و مافی وەک‌یەکی هەمووان پارێزراو بیت. دەبێ تاران فێر بێت کە دەسەڵاتداری کورد و تورک و بەلووچ و عەرەب لە تاران‌ڕا و پێکەوە ئیدارەی وڵات بکەن. دەبێ دەسەڵاتەکان دابەش ببن و مافی هەموو فرەیی و جۆراوجۆرییەکان وەک یەک مسۆگەر بووبێت. لەو حاڵەتدا ئەم وڵاتە هیچ مەترسییەکی دابەشبوونی لەسەر نابێت، بەڵام هەتا ناوەند و پەراوێز و، هەتا نەتەوەی سەردەست و بندەست هەبێت؛ بوار بۆ ئەم کارە هەمیشە دەمێنیت. ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو کە لە خۆپێشاندانەکاندا بۆ ئەوەی سەرنجەکان لەسەر ماهییەتی ڕاستەقینەی ویستی خەڵک دوور خاتەوە، لە دەرەوەی سنوورەکان ئەو باسانەی پەرە پێ دەکا و ئادرەسی غەڵەتی دەدا. خۆ لێرەشدا ئێمە بووین وەک کورد کە بووینە قوربانیی هێرش و جینایەتەکانی ڕێژیم. لە نێوخۆی کوردستان بە چەکی نیوەقورس بەربوونە گیانی خۆپێشاندەران و سەدان شەهید و بریندارمان دا. لە دەرەوەی سنوورەکانیش ڕێبەریی حیزب و بنکەکانی شوێنی ژیانی خەڵکی مەدەنیی سەر بە بنەماڵەی پێشمەرگەکان بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کرایە سەر و لێرەش دەیان کەس شەهید و بریندار بوون. ئێمە لە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەبێ تێ‌بکۆشین زیاتر لەو سیاسەتەی ڕێژیمیان تێ‌بگەیەنین و قەناعەتیان پی بێنین.

فاکتەرێکی دیکەی پێوەندیدار بە دۆخی ئێران کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکاندا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی کۆماری ئیسلامی هاتە نێو هاوکێشەکەوە و تا ڕادەیەکی زۆر لە شەقامەکان، کۆڕوکۆمەڵە سیاسییەکان و لەلایەن حیزب و لە پاڕلمانەکانەوە پشتیوانی لە ویستی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەکرا و بۆیان بەخەم بوون. بەڵام ئەوە بەشە جیاوازە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان دەوڵەتان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ ئێران. ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی ئەوە بووە بە گەورەکردنەوەی پڕۆژە ئەتومی و مووشەکییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بارمتە بگرێت و بە بەرجام و ئەو بابەتانە سەرقاڵیان بکات. بەڵام خۆپێشاندانەکان سەلماندیان کە خوێندنەوەی تاک‌ڕەهەندیی کۆمەڵگەی جیهانی لەسەر ئێران و کێشە سەرەکییەکانی چەوت و هەڵەیە و ئەو نیزامەش سەلماندوویەتی کە جێگای متمانە بڕوا و متمانە نییە.

بۆیە ئێمە حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەبێ بە کۆمەڵگەی جیهانی و دەوڵەتان بڵێین کە ئەم ڕێژیمە قەت ناتوانێ جێگای متمانە بێت و بۆ ئەوەی بە یەکجاری لە کۆڵ کێشەی ئەتومی و مووشەکی و شەرەنگێزی و قەیرانخوڵقێنییەکانی دیکەی ڕێژیم ببنەوە؛ دەبێ یارمەتیدەر بن ئەو ڕێژیمە نەمێنێت. ئەو ئامانجە گرینگە یەکیەتی و یەکڕیزیی هەموو دژبەرەکانی ڕێژیمی دەوێ. ئێمەی کورد سەرەتا دەبێ نێوماڵی خۆمان بەباشی ڕێک‌بخەین و دواتر لە چوارچێوەی ئێراندا پارتنەر و بەردەنگی زیاتر پەیدا بکەین و هاوپەیمانییان لەگەڵ ببەستین.