کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوانەوە

20:34 - 20 گەلاوێژ 2723

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

لە ڕۆژی جیهانیی لاواندا، بە پێویستی دەزانم بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە لاوانی کوردستان، ئێران و جیهان بکەم.

بەشێکی زۆری قورسایی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی ئازاد و ڕزگارکراو لە بندەستی، لەسەر شانی لاوانی کوردستان بووە. هاوکات یەکێک لە هۆیەکانی بەردەوامیی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان ئەنجامی وزە و ئیرادەیەک بووە کە لاوانی کوردستان نەوە لە دوای نەوە بەم بزاڤەیان بەخشیوە. لاوان بە پەیوەستبوونیان بە ڕیزەکانی خەباتی سیاسی و گەرم‌ڕاگرتنی ئیرادەی شەقامی کوردستان و پێداگری لەسەر دۆزی نیشتمانی، ئیجازەی ئەوەیان نەداوە کاروانی ڕزگاریی کوردستان بوەستێ.

فرەیی لە ڕوانینەکان و میکانیزمی گەیشتنی کوردستان بە ڕزگاری، ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانی نەوە لە دوای نەوەی لاوان بووە کە بیروڕای جیاوازیان هێناوەتە نێو ئەم بزاڤەوە و، نوێبوونەوە و سەردەمیانەبوونیان کردووەتە بەشێک لە پێناسەی کوردستانیبوون. بۆیە دەتوانین بڵێین زیندووبوونی گوتاری نیشتمانی لە کوردستان، بەرهەمی ئەو لاوانەیە کە وێنایەکی جیاوازتریان بەخشیوەتە بزاڤەکە و، لە چەقبەستوویی ڕزگاریان کردووە.

ئەگەر ئیرادە و وزەی لاوان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان نەبوایە، زۆر ئەستەم بوو ئەم بزاڤە هەروا لەسەر پێ بێ و، زەحمەت بوو بتوانێ هەڵگری بەهاگەلێکی کوردستانی و مرۆیی وەک "ژن، ژیان، ئازادی" بێ.

جارێکی دیکەش ڕۆژی جیهانیی لاوان، لە هەموو لاوانی وریا و بەهەستی کوردستان پیرۆز بێ.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

مستەفا هیجری

٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢