کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات، پرسە جەوهەری و ژێرخانە فکرییەکانی

20:37 - 20 گەلاوێژ 2723

عەلی بداغی

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هەر لە بەردی بناغەوە، سیاسه‌ته‌كانی خۆی له‌سه‌ر بنەمای چەند پرسێکی جەوهەری دانا، وەک خەبات و تێکۆشان لەپێناو مافی نەتەوایەتی، داکۆکی لە دێموکراسی، پێکەوەژیانی هێمنانە و لەسەروودا بوونی بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵک لە هەر حاڵەت و بارودۆخێکدا. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ٧٨ ساڵ تەمەنی خۆیدا ئێستاش پێوانه‌ی سەرەکیی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانە به‌تایبه‌تیی. لە هەموو ئەو ماوەیەدا حیزبی دێموكرات هه‌ر ده‌رفه‌تێكی قۆستۆتەوە كه‌ به‌ قازانجی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووە و لە هەموو هاوکێشە و پێوەندییەکانی لەگەڵ هێزە کوردستانی، ئێرانی، ناوچەیی و جیهانییەکانیشدا پرسی كورد و بەرژەوەندییەکانی دەوری بنەڕەتیی گێڕاوە.

باوەڕ بە وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێران و پڕەنسیپ و بایەخە مرۆییە جیهانییەکان لە ڕەوتی خەبات لەدژی دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییدا تێچووی زۆر قورسی بۆ حیزب بووە. لە ئێعدام‌کرانی پێشەوای دامەزرێنەری، لە تێرۆری ڕێبەرانی شوێندانەری، لە کۆمەڵکوژیی خەڵکەکەی و شەهیدبوونی هەزاران پێشمەرگەی جەنگاوەری؛ بەڵام ئەم حیزبە لە هیچ بڕگەیەکی مێژووی بریندار و خوێناویی خۆیدا قەت نەیویست تیڕۆڕ به‌ تیڕۆڕ وەڵام بداتەوە، زیندانییەک بخاتە ژێر ئەشکەنجەوە و، دیلێکی شەڕ ئێعدام بکا.

حیزبی دێموکرات ئەگەر لەسەر بنەمای جەوهەری باوەڕەکانی -بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد- هەر کاتیک هەلی وتووێژ ڕه‌خساوه‌، بە دانوستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندی هەوڵی داوە مافەکانی خه‌ڵکی کوردستان دەستەبەر بن و شەڕ و نائارامی و ماڵوێرانی لە خەڵک دوور خاتەوە. بەڵام هەرکات دەسەڵات ویستوویه‌تی به‌ زه‌بری هێز کوردستان داگیر و خه‌ڵك سه‌رکوت بکا، به‌ خەباتی پێشمه‌رگانە‌ و بەرگریی چەکدارانە داکۆکیی لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان کردووە.

شانازییەکانی ئەم حیزبە لە رەوتی بەرگریی ڕەوای‌ و قۆناغەکانی مێژووی خوێناوییدا گەلێک زۆرن. حیزبی دێموکرات پێشتر و لە ساڵەکانی ٤٦ و٤٧دا بە فیداکاری و لەخۆبوردوویی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی، گۆمی مەندی دەسەڵاتدارەتیی پاشایەتیی ئیران شڵەقاندبوو. ئەم حیزبە لە سەر یەک ٣٣ ساڵ خەباتی بێوچان بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی تۆمار کردبوو کە بە نرخی ئێعدامی ڕێبەرانی و زیندان و ئەشکنجە و ئاوارەیی و دوورەوڵاتیی کادر و پێشمەرگە و ئەندامەکانی وەسەر یەکی نابوو. حیزبی دێموکرات دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و لە کاتێکدا بە سیاسەتی واقعبینانە و هەڵوێستە ڕوون و بوێرەکانی بەشداریی چالاکانەی لە ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتیدا کردبوو، بە نیازپاکییەوە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە ناوەند کەوتە مامەڵەوە. بەڵام کاتێک ڕێژیم پەلاماری کوردستانی دا، ئەمە حیزبی دێموکرات بوو باری هەرەقورسی بەرگریی چەکداری لە پێناو پاراستنی مان و شوناسی کورد لە ئێرانی گرتە ئەستۆ. تەنانەت لەو کاتەشدا کە بست بە بست و شوێن‌شوێنی کوردستان مەیدانی بەرگری و خۆڕاگریی ئازایانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو، دیسان ڕێبەریی حیزب وازی لە پرەنسیپی وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانی نێوان کورد و ناوەند نەهێنا. بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی چواری حیزبی دێموکرات پڕەنسیپ و بایەخەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە ئێران و سیاسەت و هەڵوێست و شێوەی ڕەفتاری حیزب بەنیسبەت دەسەڵاتی ناوەند دەردەخەن. وەک لە بەڵگەنامەکانی دیکەی حیزب لە کۆنگرەکانی دواتریشدا دەردەکەوێ، حیزبی دێموکرات سەرەڕای تێگەیشتن و باوەڕی قووڵی بەوەی کەمترین مافەکانی گەلی کورد لە چوارچیوەی ئەم ڕێژیمەدا وەدی نایەن؛ بەڵام چونکی وتووێژ وەک ڕەهەندێک لە خەباتی سیاسیی کورددا دەبینێ، ئەو مافە بە خۆی دەدا لە کاتی گونجاو و لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کورددا لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندەی بکەوێتە دانوستانەوە.

لە گشتییەتی خۆیدا ئەمەی حیزبی دێموکراتی کردووەتە حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک هەر بەتەنیا باوەڕی ئەم حیزبە بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد هاوکات لەگەڵ مانەوە لە سەنگەری خەباتی بەرگری و چەکداری بۆ بەخاوەن‌کردنی پرسی کورد و پشتیوانیی هەمەلایەنە لە خەڵکی کوردستان نییە؛ بەڵکوو بۆ کۆمەڵێک دەسکەوت و پڕەنسیپی بەنرخی دیکەی ئەم حیزبە دەگەڕێتەوە. وەک ئەوەی گرینگترین ڕووداوی مێژووی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی کورد، واتە دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م حیزبه‌ پێک‌هاتوه و پێشەواکەی لەو پێناوەدا سەری چۆتە سەر دار. وەک خەڵکی‌بوون و لەپێناو خەڵکدا تێکۆشان لە هەموو ماوەی تەمەنیدا. وەک سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە هەڵوێست و بڕیاردان لە هەرە کاتە ناسکەکاندا. وەک باوەڕمەندبوون و جێگیرکردنی ئەخلاقی سیاسی لە سیاسەت‌کردن و بڕیاردان و کاری بەکردەوەدا. وەک پشتیوانیی بەکردەوەی لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان. وەک باوەڕ و ئیمانی قووڵی بە دێموکراسی و پلۆرالیزم و بایەخە مرۆیی و جیهانگیرەکانی دی. وەک لە سەروودانانی بەرژەوەندیی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئاستی کوردستانی گەورەشدا، وەک ناساندنی پرسی کورد بە کۆمەڵگەی جیهانی لە ڕێگەی دیپلۆماسی، و وەک خۆ بەخاوەن‌کردنی پرسی مێژوو، زمان، شوناس، کولتوور و جوغرافیای کوردستان لە ئێران و ... هتد.

پرسی جەوهەری لە حیزبی دێموکرات هەموو کاتێک مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و پرسی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. هه‌ربۆیه جۆری مامه‌ڵه‌ی حیزب له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ سیاسییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و داهاتووی ئێرانیش پێش هه‌موو شتێك له‌سه‌ر بنه‌مای تایبه‌تمه‌ندیی کوردستان و پرسی کورده.