کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بەبۆنەی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و ساڵوەگەڕی وەسەریەککەوتنەوەی ڕیزەکانی حیزب

11:06 - 24 گەلاوێژ 2723

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات!

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بەندییە سیاسییەکان!

٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک)ە کە دوای سێ ساڵ لە ڕێکخراوێکی نهێنییەوە بوو بە ڕێکخراوێکی ئاشکرای بەربەرینی سیاسی، و ناوەکەشی گۆڕا بە حیزبی دێموکراتی کوردستان. ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ ٨١ ساڵ بە سەر دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف و ٧٨ ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا تێ‌دەپەڕێ.

سەرەتا بەم بۆنەیەوە سڵاو دەنێرین بۆ یاد و ناوی دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پێشەوەی هەمووان دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف، پێشەوا قازی محەممەد (دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات)، شەهیدانی ڕێبەر، بەتایبەت شەهیدان د.عەبدولڕەحمان قاسملوو، و د. سەعید شەرەفکەندی، شەهیدانی نیزیک بە ٨ دەیە خەبات و کۆڵنەدانی ئەم حیزبە، و هەموو تێکۆشەرانی ئەم ڕێبازە، و هەروەها ئەندامانی حیزب، سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان کە بە فیداکاری، ئەرک‌وەخۆگری و پشتیوانیی بێ‌درێغیان یارمەتیی بڕینی ڕێگە هەڵەمووت و قۆناغە سەختەکانی ژیان و خەباتی حیزبی دێموکراتیان داوە. هەر بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە بنەماڵە شەهیدان، بنەماڵەی پێشمەرگە و بەندییە سیاسییەکانیش دەکەین کە بە لەمەیداندا مانەوە و خۆڕاگریی جگەرگۆشەکانیان و هەست بە بەرپرسایەتیی خۆیان، هاندەر و پاڵنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن، بۆوەی شیلگیرتر لە هەموو کاتێک لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە ئێراندا بەردەوام بێت.

 

دۆستان و هۆگرانی خه‌باتی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان!

بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان قۆناغێکی نوێ لە خەباتی سیاسیی کورد لە ئێران لەپێناو دەستەبەری مافە نەتەوایەتییەکانی دەستی پێ کرد. حیزبی دێموکرات لە ماوەی چەند مانگ دوای دامەزرانیدا توانی بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بەردی بناغەی یەکەم دەسەڵاتی سیاسی مۆدێرن و دێموکراتی کوردی دابنێت. دەستکەوت و میراتە مەعنەوییەکانی کۆمار وەک گوتاری نەتەوەیی و مافی دیاریکردنی چارەنووس، هەوێتی و شۆناسی سەربەخۆ، دانانی ئاڵا و سروودی نەتەوەیی، و هێزی پێشمەرگە وەک سوپای نیشتمانی بوون بە خاڵگۆڕانی خەباتی نەتەوایەتیی کورد و، کاریگەرییەکی وەها قووڵی لەسەر بزاوتی سیاسیی کورد دانا کە پاش ٧٨ ساڵ ئیلهامدەری خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانە.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا زۆر قۆناغی سه‌خت و ئاسته‌می تێپه‌ر کردووه‌. ئه‌م حیزبه‌ نه‌ به‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانی له‌خۆبایی ‌بووه‌ و نه‌ له‌ نسکۆ و دۆخە قەیرانەکاندا دەستی هیوای بەرداوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژووی ٣٤ ساڵ خه‌بات دژی ڕیژیمی پاشایه‌تی و ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا نەک هەر ئەوەی لەڕووی وێژمانی سیاسییەوە ئاڵاهەڵگری ویست و داخوازه‌کانی کورد لە ئێران بووبێت، بەڵکوو هێزی سه‌ره‌کی و هه‌ره‌ دیاریی نیو گۆره‌پانی خه‌بات و بەربەرەکانی دژی ئەو ڕێژیمەش بووه‌ و، ئێستاش هه‌ر وا به‌ ئیراده‌ و باوه‌ڕێکی پته‌وەوە لە خه‌بات و تێکۆشانی بۆ بەدیهێنانی ماف و ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد لە ئێران بەردەوامە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا هەمیشە بە هەستی بەرپرسایەتییەوە جووڵاوەتەوە و لە هەموو کاتێکدا پشتیوانی خەبات و جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بووە. سیاسەتی گشتیی حیزبی دێموکرات هاوپێوەندیی نەتەوەیی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان لەسەر بنەمای سەربەخۆیی بڕیاردان و دەستوەرنەدان لە کاروباری سیاسیی یەکتریدا بووە.

 

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ تایبەتتر لە بۆنەکانی جێژنی دامەزرانی حیزب لە ساڵانی ڕابردوویە، ئەویش بۆ وەسەریەککەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات دەگەڕێتەوە. دوولایەنی دێموکرات لە ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا پاش ١٦ ساڵ دابڕانی نێوانیان، بە بایەخدان بە پێداگری و پەیام و ڕاسپاردەی بەردەوامی خەڵکی کوردستان کە حیزبی دێموکرات ئەمانەت و سەرمایەی خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و نابێ و ناکرێ لەمە زیاتر بە دووپارچەیی و لێکدابڕاوی بمێنێتەوە؛ هەروەها بە سەرنجدان بە پێویستیی یەکخستنی وزەی خەباتگێڕیی حیزبی دێموکرات بۆ قۆستنەوەی باشتری دەرفەتەکانی بەردەم و دەستەبەری دەسکەوتی پتر بۆ جووڵانەوەی سیاسیی  کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕیزەکانی خۆیان یەک خستەوە.

هەروەک پێشبینییش دەکرا یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بووە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ئەم حیزبە لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بووە فاکتەرێکی بەهێز بۆ شوێندانەریی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە ئاستی ئێرانیشدا. وەک چۆن لە شۆڕشی ژیناشدا بینیمان کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە چ ئاستێکدا متمانەی خۆیان بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشان دایەوە و هەروەها ئەو شوێندانەری و کاریگەرییە بە چ شێوەیەک کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە حیزبی دێموکرات پاڵ پێوە نا.

هێشتا مانگێک بەسەر یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات ڕانەبردبوو، کە شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و هەموو ئێرانی تەنی. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەلایەک بە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتەوە پەست و تووڕە ببوو، و درەوشانەوەی ناوی حیزب و پشتیوانیی خەڵک لە حیزب و دەرکەوتنی لە دروشمەکانی وەک "قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە" هیندەی دیکە داماوی کردبوو؛ هەروەها کاتێک دەیدی شۆڕش و ڕاپەڕینەکە و بەردەوامییەکەی لە کوردستان هەوێن و ئیلهامدەری سەرهەڵدانی شار و ناوچەکانی دیکەی وڵاتە؛ جارێکی دیکە ژاری خۆی بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد، حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان ڕشتەوە. ڕێژیم لە نێوخۆی کوردستان بە خوڵقاندنی زۆر تاوان و کارەساتی مرۆیی و لە دەرەوەی وڵات بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە سیاسییە کوردییەکانی دیکەی دژبەری ڕێژیم لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، پێشانی دایەوە بۆ دژایەتیی جووڵانەوەی سیاسیی کورد و سەرکوتی مافە ڕەواکانی کورد هیچ سنوور و بەربەستێکی ئەخلاقی و یاسایی ناناسێت. لە ئێستاشدا ئەگەرچی ڕێبەرانی ڕێژیم پێیان وایە بە سەرکوتی خوێناوی و دڕندانەی شۆڕشی ژینا، بە زاڵکردنی کەشی سەرکوت و بەندکرانی دەیان هەزار خۆپێشاندەر و سەپاندنی حوکمی درێژخایەنی هەتا ئێعدام و جێبەجێکردنی بەپەلەی حوکمی زیاتر لە ١٠ کەس لەوان و تەنانەت لەداردانی زیاتر لە ٧٠٠ زیندانیی دیکە لە یەک ساڵی ڕابردوودا جووڵانەوەی ناڕەزایی خەڵکیان سڕ کردووە، بەڵام هەمووان دەزانن کە دۆخی ئێستای شۆڕشی خەڵکی ئێران ئاگری بن خۆڵەمێشە و شڵەژانی ئارامیی پێش باهۆزی ئێستاکە چاوەڕوانی چەخماغەیەکە.

ڕووداوەکانی یەک‌ساڵی ڕابردوو هێزە سیاسییەکانی کوردستان و ئێرانیان خستووەتە بەردەم تاقیکارییەکی هەستیاری مێژوویی و چارەنووسساز. پەیامەکەی خەڵک ڕوونە و بەکردەوەش سەلماندوویانە و ئامادەن هەموو تێچوویەکی تری بۆ بدەن. ئەوان لە تەواوەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هیچ شەرعییەتێکی لای وان نەماوە و بە سەرچاوەی هەموو قەیرانی کۆمەڵگە و نەهامەتییەکانی خۆیانی دەزانن تێپەڕیون. ئەوەش ئەرک و بەرپرسایەتی دەخاتە سەر شانی هێزە سیاسییەکانی دژبەر و ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم کە بە پێکهێنانی بەرەیەکی سەرانسەری خەبات و ڕاگەیاندنی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی بەرەو تێکەوەپێچانی یەکجارەگیی تۆماری ئەم ڕێژیمە بچن. خەڵکی کوردستان و ئێران کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئەزموونی دوو نیزامی سیاسیی ناوەندگەرا، سەرکوتگەر و دیکتاتۆریی پاشایەتی و ئایینییان کردووە، خوازیاری نیزامێکی سیاسیی کۆماری، دێموکرات و سێکۆلارن. ئاشکرایە خەڵکی کوردستانیش کە لە یەک سەدەی ڕابردوودا چەندقات تامی بێبەشی لە مافە مەدەنی و سیاسییەکان و، هەڵاواردن و پەراوێزخستنەکانیان چەشتووە و هەرچەشنە داخوازییەکی ڕەوا و بەرحەقیان بە ئاگر و ئاسن و کوشتوبڕ وڵام دراوەتەوە، بەڕوونی باس لە چەندی‌وچۆنیی مافەکانیان و جێگەوپێگەی کۆمەڵگەی کوردستان لە ئێرانی داهاتوودا بکەن.

بزووتنەوەی سیاسیی کورد بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەزموونی نیزیک بە ٨ دەیە خەبات لە پێناو دێموکراسی بۆ ئێران و دابینبوونی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە ئێران لەسەر ئەو بڕوایەیە لە هەوڵەکان بۆ داڕشتنەوە و بنیاتنانەوەی ئێرانی داهاتوو دەبێ هەم ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئەم وڵاتە لە بەرچاو بگیردرێ و هەم بە سەرنجدان بە ئەزموون و لێکەوتەکانی یەک سەدە نیزامیی سیاسیی دیکتاتۆڕی لە ئێران، ڕێگە نەدرێت سووڕی باتڵی هاتنەسەرکاری ڕێژیمە سەرەڕۆکان لەم وڵاتە بەردەوام بێت. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرەئایین و ئایینزا و پێکهاتوو لە جۆراوجۆرییەکانی دیکەیە کە پێویستە لەپێناو مانەوەی ئەم جوغرافیا سیاسییەدا مافی وەک‌یەکی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە بەڕەسمی بناسرێ و بەدی بێن. حیزبی دێموکراتی کوردستان لای وایە دەسەڵاتێک لە شێوەی کۆماریی پاڕلمانی لەسەر بنەماکانی دێموکراسی، فیدرالیزم و سێکۆلاریزم دەتوانێ دەستەبەری مافی فرەییەکانی ئێران بێت و بۆ ئەم ئامانجەش پێویستە هەمووان بە وەلانانی ناکۆکییەکان و پێداگری لەسەر هاوبەشییەکان هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراتیکی گشتگیر لە ئاستی وڵاتدا بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و چێ‌کردنی ئێرانی دێموکراتیکی داهاتوو بن.

 

خەڵکی مافخوازی کوردستان!

لە ماوەی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی هەڕەشەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە زمانی کاربەدەستانی سیاسی و فەرماندەرانی نیزامیی ڕێژیمەوە بۆ سەر حیزبی دێموکرات دووپات دەبنەوە. ڕێژیم هەروەها لە هەوڵە دیپلۆماسی و گوشارەکانی خۆی بۆ سەر حکوومەتی ناوەندیی عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا وا پێشان دەدات کە بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی دیکەی دژبەری لە خاکی هەرێمدا مەترسیی لەسەر دروست کردوون. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم دەرفەتەدا جارێکی دیکە پێداگری لەسەر سیاسەتە دروستەکانی خۆی لەپێناو خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێران دەکاتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە هەشت دەیەی ڕابردوودا خەباتێکی بەردەوامی لە هەموو شێوازەکانی خۆیدا بۆ داکۆکی و وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان کردووە و لەو دەیان ساڵەدا بە دەیان ڕێبەر و بە هەزاران پێشمەرگەی لەو پێناوەدا گیانیان بەخشیوە، جارێکی دیکەش پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە پرسی کورد لە ئێران ڕێگاچارەی نیزامیی نییە. پرسی کورد لە ئێران پرسی زیاتر لە ١٠ میلیون کەسە کە مافە مرۆییەکانی خۆی دەناسێ، داوایان دەکات و لە خەبات بۆ وەدیهێنانیان بەردەوامە؛ هەروەها نە سەرکوت و کوشتار و نە تێرۆر و مووشەک‌باران نەیتوانیوە کۆڵی پێ بدات و ناشتوانێ بیوەستێنیت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی هاتنەوەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و ٣٠ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی وەسەریەککەوتنەوەی ڕیزەکانی و لەگەڵ پێداگری لەسەر یەکگری و یەکیەتیی تەشکیلاتیی حیزب، پەیمان نوێ دەکاتەوە کە بە پشتیوانیی هەمەلایەنەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەتا ڕزگاری و وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە ئێران لە خەباتی شێلگیرانەی خۆی بەردەوام دەبیت.

سڵاو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکرات!

سڵاو لە ئەویندارانی حیزبی دێموکرات!

سڵاو لە ئیرادەی هاوبەشی سەرانسەری بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوێ جووڵانەوەی کورد لەپێناو ڕزگاری و دابینوونی مافی نەتەوەیی

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی