کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کاک مستەفا هیجری بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

13:41 - 24 گەلاوێژ 2723

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، "٧٨"ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:

‏٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. سەرەتا ئەم ڕۆژە لە هەموو ڕێبواران و ئەویندارانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادیی کوردستان پیرۆز بێت، لە هەموو ئەو شۆڕشگێڕە بەئەمەگانە پیرۆز بێت کە لە ڕیزەکانی خەباتی دەیان ساڵەی ئەم حیزبەدا گیانفیدایییان کردووە و نەوە دوای نەوە سەنگەری خەباتی پێشمەرگانەیان ئاوەدان کردووەتەوە.

لەم بۆنەیەدا وەبیرهێنانەوەی ئەم چەند خاڵە بە پێویست دەزانم؛

- حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای خاوەنداری و بەئەنجام گەیاندنی پرسی نەتەوەیی و دۆزی نیشتمانی دامەزراوە، تاکوو ئێستاش هەڵگری هەمان بەهایە و لەم پێناوەشدا خەبات دەکات.

- سەرهەڵدانی حیزبی دێموکرات ئەنجامی گەشەکردنی هزری نەتەوەیی و ویستی کۆمەڵگەی کوردستان بووە و هەردەم لەو سۆنگەیەوە خۆی پێناسە کردووە. پێوانەی هەموو سیاسەتەکانی واقع و بەستێنی کۆمەڵگەی کوردستان بووە.

- هۆکاری سەرەکیی مانەوەی ٢٥ی گەلاوێژ وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی لە یادەوەریی گشتیی کوردستانیاندا، پێداگریی ئەم حیزبە بووە لەسەر ڕێبازی نەتەوەیی و هێڵی نیشتمانی. بە خۆڕاگری و بەرگریی مێژوویی لەو هێڵە، لە خەباتی خۆی هەروا بەرەدوامە.

- ٢٥ی گەلاوێژ خاڵ‌گۆڕانێکە و نیشتمانپەروەران بڕیار دەدەن ڕیزەکانی خۆیان ڕێک بخەن تاکوو یەکگرتووانە، پرسی نەتەوەیی بکەنە ڕێبازێکی هەمیشەیی. ئێستاش ئەم ڕێبازە، تاکە ڕێگایە بۆ سەرکەوتن و بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی نیشتمانەکەمان.

- دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، چوونە نێو قۆناغی بزووتنەوەیەکی سەردەمیانە بوو بۆ بەرخۆدانێکی نیشتمانی بەرانبەر بە داگیرکەر. لەمڕۆشدا حیزبی دێموکرات پاڵی بە هەمان بزووتنەوەوە داوە کە نموونە بەرچاوەکەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە و ئامانجی سەروەری، یەکسانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کەرامەت و ڕزگاریی مرۆڤەکانە لە بندەستی.

- ٢٥ی گەلاوێژ نوێنەرایەتیی ئیرادەیەکی نەتەوەیی دەکات. هەمان ئیرادە کە ڕۆڵەکانی کوردستان لە شار و شاخ وێنای دەکەن. وێنایەک کە پێشمەرگە ئامادە نەبووە ئەو ئیرادەیە بە دەستەوە بدات و خەباتکارانی شاریش ڕۆژانە هەروا سوور و پێداگرن و، ئیرادەی خۆیان بەرانبەر بە داگیرکەر دەنوێنن.

لە دواییدا دەمهەوێت بڵێم ٢٥ی گەلاوێژ وەرچەرخانێکی گرینگ لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان لەقەڵەم دەدرێت. وەرچەرخانێک کە ئاراستەی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی کوردستانی بۆ گەیشتن بە مافی سەروەری گۆڕی و لە هەمان کاتدا کوردستانیبوونی کرد بە ناسنامەیەکی هەمیشەیی و گوتارێکی نەتەوەیی.

مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی