کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: لایەنی فرەڕەهەندییەکانی یەکگرتنەوەی دێموکرات سەرمایەیەکی گەورەی بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە

17:33 - 29 گەلاوێژ 2723

(پەیامی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٣٠ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی وەسەریەکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات)

ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژ لە مێژووی خەباتی دەیان ساڵەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا، بە ڕۆژێکی مێژوویی دادەنرێت. ساڵی ١٤٠١ و لە ڕۆژێکی وەهادا، ڕێبەرایەتیی هەر دوو لای حیزبی دێموکڕات پاش ١٦ ساڵ لێکدابڕان، بە هەست بە بەرپرسیارێتی و خوێندنەوەی زەروورەتی سیاسی و تەشکیلاتی، بڕیاری وەسەریەکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتیان گەیاندە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر. 
ئەم یەکگرتنەوەیە لە سەروبەندی دەستپێکی قۆناغی" بزووتنەوەی ژینا"دا و بە دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی"، بایەخێکی تەشکیلاتی و قورساییەکی سیاسیی ئەوتۆی هەبوو کە دواتر لەسەر شەقامەکانی کوردستان و باقیی بەشەکانی ئێراندا ڕەنگی دایەوە و، کاریگەریی خۆی لە هاوسەنگیی هێز و هاوکێشە سیاسییەکان لە ئاستی کوردستان، ئێران و ڕای گشتیی دنیای دەرەوەدا دەرخست، هەروەها بانگەوازی یەکگرتوویی و یەکبوونی بە گوێی ئازادیخوازانی ئێرانی گەیاند.
لایەنی ڕێکخراوەیی و سیاسیی ئەم یەکگرتنەوەیە و، ڕەهەندە گوتاری و مەیدانییەکەی، ئێستاش سەرمایەیەکی گەورەی بزووتنەوەی نەتەوەییی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لێک‌گرێدانی بەها و دەستکەوتەکانی ئەم یەکگرتنەوەیە لە سەرمایە و هێزی لەبن‌نەهاتووی ڕۆژهەلاتی کوردستان وەک قووڵاییی ستراتیژیکی خەبات و تێکۆشان، بەردەوامی و سەرکەوتنی بزووتنەوەکە مسۆگەر دەکات. ئاماژەی سەرەکی لەم نێوەدا، ئەو ڕاستییەیە کە هێز لە یەکگرتووییدایە.
لەم ڕۆژەدا، سڵاو و ڕێز و ئەمەگناسیمان بۆ کادر، پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات هەیە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا شکۆی حیزب و پێشمەرگایەتییان هەروا لەسەر پێ ڕاگرتووە.
ساڵیادی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی شەهیدان، زیندانییانی سیاسی، ئەندام، لایەنگر، کادر و پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە پیرۆز بێت.

مستەفا هیجری
٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢