کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بۆ حیزبێکی بەهێز و خاوەن پێگە

08:42 - 30 گەلاوێژ 2723

سمایل شەرەفی

ساڵێک پێش ئێستا  لە ڕێکەوتی ٣٠ گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاویدا و دوای ١٦ ساڵ لە لێکدابڕانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەردوو لایەنی دێموکرات (حدک و حدکا) یەکیان گرتەوە. دێموکراتەکان بەم یەکگرتنەوەیە وێڕای خستنەسەری شانازییەکی دیکەی گەورە بە تۆماری شانازییەکانی حیزبی دێموکرات، وزە و هیوایەکی گەورەیان بە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسییەکەی بەخشی.

بۆ قسەکردن لە زەروورەتی ئەم یەکگرتنەوەیە تەنیا ئاماژەدان بە دوو ڕووداو و ڕەفتاری تەواو لێکجیاوازی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسە کە کەمتر لە یەک مانگ دوای سەرکەوتنی پرۆسەی یەکگرتنەوە ڕوویان ‌دا. دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان و هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران لە ٦ی ڕەزبەر بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب، هەرکام بە مانا و خوێندنەوەی جیاواز سەلمێنەری زەروورەتی ئەم کردەوە مێژوویەی دێموکراتەکان بوون.

لە یەکەم ڕۆژی شۆڕشی ژیناوە کە پرسی یەکگرتنەوە، شوێنەواری ئەرێنی لەسەر ئیرادەی یەکگرتووانەی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ ڕەفتارێکی یەکگرتوانە دانابوو، خەڵک لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی‌ بەریندا وڵامی بانگەواز و ڕێنوێنییەکانی ناوەندی هاوکاری و حیزبی دێموکراتیان دایەوە. بزووتنەوە بە گوتارێکی هاوبەش و یەکانگیرەوە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرە و گەشەسەندندا بوو، بەشێوەیەک کە لە ماوەی کەمتر لە چەند ڕۆژ‌دا توانی پشتیوانی و سەرنجی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران بۆلای خۆی ڕابکێشێت و کۆماری ئیسلامی تووشی شۆک و داماوی بکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە دروستی دەرکی بە سەرچاوەی ئەم هێز و یەکگرتووییەی خەڵکی کوردستان لەسەر شەقامەکان کردبوو، لە ماوەی یەک مانگی سەرەتای شۆڕشەکەدا سێ جار جار هێرشی مووشەکی و پەهبادیی کردە سەر بنکە و بارەگانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە تازە ڕیزەکانی خۆی یەک خستبۆوە و پێگە و نفووزی لەنێو شەقامەکانی کوردستاندا سەرنجی گشت لایەکی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو. بە واتایەکی دیکە؛ شوێنەواری زەینیی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە سەر ڕەفتاری یەکگرتووانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە بەکردەوە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا خۆی دەرخست و دواتر هێز و وزەی بە شەقامەکانی کوردستان ببەخشی، بەشێک لە زەرووریبوونی بەئەنجامگەیاندنی ئەم پرسە لە قۆناغێکی هەستیار‌دا دەردەخات.

گرینگیی پرسی یەکگرتنەوە و وەسەریەکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزب پێوەندی بە ماهییەتی ئەو زەروورەتەوە هەیە کە یەکگرتنەوەکەی لەسەر بنیات نرا. بەپێچەوانەی لێکدابڕان، یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بۆ "حیزبی دێموکراتی مێژوویی" تەنیا زەروورەتێکی تەشکیلاتی نەبوو، بەڵکوو زەروورەتێکی تەواو سیاسی و خەباتکارانە بوو کە کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان خوازیاری بوون.

کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکات کە خەڵک لە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوویی و پێکەوەبوونیان دەوێ و لە لێکترازان نیگەران و بە یەکگرتوویی خۆشحاڵن. بەڵام زۆرمان نەوتووە کە بڵێین ئەم مەیل و داواکاریانە لە حیزبی دێموکرات چەند بەرانبەرە کە هۆکارەکەی بۆ ڕەساڵەتی مێژوویی ئەم حیزبە و پێگە ‌جەماوەرییەکەی دەگەڕێتەوە. لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا کورد لە کوردستانی ئێران قەت ئەم لێکدابڕانەی نێو ڕیزەکانی حیزبیان لە تێکۆشەرانی دێموکڕات قبووڵ نەکرد و هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دابڕانەوە بە بێ ئەوەی لێی ماندوو و بێ‌هیوابن، داوایان یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە وەدەستهێنانەوەی یەکگرتوویی خۆی، لەگەڵ ئەوەی وڵامێکی -هەرچەند درەنگ- بەڵام درووستی بە خەڵکی کوردستان و ئەم قۆناغە لە بزووتنەوەی کوردستان دایەوە، بە قەرا گەورەیی و بەرینایی خۆی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا چاوەڕوانیی لێ دەکرێ. پاراستنی ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزییە لە ئەولەویەتی پرۆسەی کاریی ئەم حیزبەدایە. هەروەک چۆن لە هەموو دۆخ و هەلومەرجێکی خەباتکارانە‌دا ئەسلێ یەکیەتی و یەکگرتوویی لە بزووتنەوەکەدا گرینگ و پێویستە، لە ئێستا و هەموو قۆناغێکی خەباتی ئەم حیزبەدا پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتووییەکەی زەروورەتێکی ژیوارییە.

بۆ پاراستنی یەکگرتوویی لە حیزبی دێموکراتدا سەرنجدان بە دوو بابەت؛ یەکەمیان، "ئەرک و ڕەسالەتی ئەم حیزبە بەرانبەر بە بزووتنەوەی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان" و دووهەمیان، "تێگەیشتن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک"، پێویستە. بابەتگەلێک کە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە فەلسەفەی وجوودیی حیزبی دێموکراتەوە هەیە و ئەم حیزبەیان لەسەر دامەزراوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بە درێژایی ٧٨ ساڵەی تەمەنی خۆی، پشت‌ئەستوور بە سامانی مەعنەویی هەمیشەیی خۆی (خەڵک) بووە بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییەکانی خەڵک دامەزراوە و بە پشتیوانیی خەڵک درێژەی بە تێکۆشانی خۆی داوە، تەنیا بە بەڕێوەبردنی ڕەساڵەتی خۆی بەرانبەر بە خەڵک و تێگەیشتن لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکە کە دەتوانێ یەکرێزی و یەکگرتووی خۆی بپارێزێ. لەژێر ڕووناکایی ئەم خوێندنەوە لە فەلسەفەی وجوودیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە قازانجە لاوەکی و کورتخایەنە فەردی و گرووپییەکان لاواز و پووچەڵ دەردەچن و بەرژەوەندییە گشتییەکان گرینگی پەیدا دەکەن.

لە قۆناغی ئێستای بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان‌دا کە کۆمەڵگە و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان زیاتر لە هەمیشە پێویستان بە یەکیەتیی و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستییە، لەسەر هەموو لایەکە زیاتر لەسەر ئەم پرسە  کار بکرێ. نابێ فرەلایەنی و فرەجۆری لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بە مانای لێک‌جیایی و پەرتەوازەیی لێک بدرێتەوە، بەڵکوو با فرەیی و جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بکرێتە دەرفەتێک بۆ پێکەوە ژیانێکی تۆکمە. لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای یەکخستنەوەی ڕیزەکانی و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا‌دا بە بەردەوامی هەوڵی داوە وێڕای پێداگری لەسەر پاراستنی پڕنسیپە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان، پێکەوەبوون و هاوهەڵوێستی لەگەڵ هێزە کوردستانی و ئێرانییەکان بکاتە ئامیانی هەڵوێست و سیاسەتەکانی و، پێداگری لەسەر زەروورەتی یەکریزی و هاوهەڵوێستی، بەشێکی دانەبڕاو لە گوتاری سیاسیی ئەم حیزبەیە.