کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیاوازیی نێوان نوێنەری مەجلیس و گاگێرە و دەمبێن و دەمامک

15:11 - 1 سەرماوەز 2723

دارسمە

هەموو بوونەوەرێک سوود و زیانی خۆی هەیە. مرۆڤ و ئاژەڵیش بوونەوەری سەر ئەم زەویەن و سوود و زیانیان لێ‌دەکەوێتەوە. لەنێو ئاژەڵانیشدا مانگا یەکێک لە بەسوودەکانیانانه. مانگا بەزیندوویی سەری پیسترین لێکەوتەی واتە شیاکە و ڕیخەکەی ساڵانی زوو بۆ سووتاندن کەڵکی لێ‌وەردەگیرا. کەمرە و تەپاڵەیان لێ دروست دەکرد و سۆبە و ئاگردانیان پێ دادەگیرساند. چێشتیان لەسەر ئاگردان لێ‌دەنا و نانیان پێ دەکرد و بە سۆبەکەشی ژوور و دیوەخانی ئاغاوەت و سەرۆک‌عەشیرە و مەجلیسی ڕیش‌سپیانیان گەرم دادەهێنا. ئەم مەجلیسانەش دەبوونە مەکۆی کەسانی شارەزا و تێگەیشتوو و شوێنی تێگەیشتن و پێگەیشتن و تەکبیر و ڕا.

مەجلیس دەگەڵ ئەوەی هێندیک جار بەهەڵە پارلەمانی پێ‌دەڵێن، شتێکی جودایە. وشەی مەجلیس بە مانای شوێنی دانیشتنە. لە شوێنی دانیشتیش زۆر جار ئەوانەی دادەنیشن تەنیا دانیشتوون و ڕەنگە دەستەڵاتی توورێکی قانگیشیان نەبێت. بەڵام پارلەمان شوێنی دانیشتن و کۆبوونەوەی چەند یان چەندین وردە دەستەڵاتانە و بە ڕێککەوتن و دەنگدان و کۆی قسە و باسانیان تەما گرتن و بڕیار دەدەن. جا بەم هۆیەوە کۆتلە و هەواڵبەندییەکانی نێو پەرلمان دەستەڵات‌بەدەستن، بەڵام ئەوانی مەجلیس زیاتر جلوس دەفەرموون و بە بێ‌دەستەڵاتی دادەنیشن و هەندێکجار گلەیی و گازندەیان لە گەرمی و ساردیی ژووری مەجلیس دەدەبڕن و بە شه‌هامەت و بوێرییەوە داوای کردنەوە یان داخستنەوەی پەنجەرەی باڵەخانەی مەجلیسەکە دەکەن.

لە سەردەمی پێشوودا مانگا کاتێک دەزا، گوێرەکەی دەبوو و گوێرەکەش جوانەگا و مانگای داهاتوو بوون. هەروەها شیر و پەنیر و دۆ و ماست و ماستاویش لە گوانی مانگاوە دەکەونەوە. مانگا دوای مردنیش سوودی زۆری بۆ مرۆڤ هەیە. گوشتەکەی بە "کەباب" و "شۆرباوکفتە" و بە "برژاوی" و "قاورمە سەوزە" و "گوێزێنە" (فسەنجان) نەوسی نەوسنان کوێر دەکاتەوە و سکیان تێر دەکات. تەنانه‌ت پێستی مانگا دوای ئەوەی لە دەباغ‌خانان خۆش دەکرێت، دەکرێتە پاڵتۆ و کیف و پێڵاو و قایش و بەرگی زۆر شتی گرانبەها.

بەداخەوە ئەو خانمەی کیفێکی چەرمیی کەمیاب لە شانی دەکات و بە پێیش مرۆڤی ڕەگەزی بەرانبەریدا خۆی بادەدات و نازی بەسەردا دەکات، هەر بەخەیاڵیشی دانایەت هەڵگری بەشێکی جەستەی مانگایە. زۆر پیاویش کاتێک دەست بۆ گیرفانیان دەبەن و کیسە و جزدانی پارەی لە چەرم دروستکراو دەردێنن و به هۆی هەبوونی ئەم کیسە یان جزدانە گرانبەهایە بەرچێڵەیان پڕ دەکەن لە با، نازانن بەشێکی زۆر بچووکی لەشی مانگایان بە دەستەوەیە یان ئەو قایشە چەرمەی پانتۆڵیان پێیەوە لە نێوقەدیان بەستووەتەو چەرمی مانگایە.

مانگا ساڵی ساڵان لەسەردمی خەرمان گێرەکردندا ژیانی کۆمەڵایەتیشی بەرچاو بوو. ئەوکات دەگەڵ کۆمەڵە گا و مانگای دیکە کڵۆشی گەنم و بەڵمی چەڵتوویکیان گێرە دەکرد و بە زەبری سمیان دانیان لە ێو توێکل و بەڵم و کڵۆشەوە دردەفرتاند.

مرۆڤی دەستەڵاتدار لەو کاتیشدا نەیدەهێشت مانگا تەنانەت پاروویەک لەم کڵۆش و بەڵم و دانەی بەردەمی بخوات و بۆ ئەم مەبەستە بە داوێکی قاییم دەمیان دەبەست و بەم جۆرە نەیدەتوانی دەم بکاتەوە. لەو دۆخەدا مانگا ناوی گاگێرە بوو و ئەو داوەی دەمی گاگێرەیان پێ دەبست، "دەمبین"ی پێ دەگوترا.

ئێستا بەم لێکدانەوەیەیەی سەرەوە، بەراوردێک لە نێوان بەربژێری نوێنەرایەتیی مەجلیسی ئێران بۆ خۆلی دوازدەی ئەم مەجلیسه‌ و مانگادا دەکەین.

 دیارە ئەم بەربژێرانەی بۆ ئەم خولە شیاوبوونیان ڕەت کراوەتەوە، ڕیزیان زۆرە و ئەو ژن و پیاوانە نین ئەم بەراوردکارییە بیانگرێتەوە. خۆ ئەوانەی‌دیکەش بێ‌ڕێز نین، بەڵام دەگەڵ مانگای گاکێرە خاڵێکی هاوبەشیان هەیە.

لە بەرا باس لە خاڵە جیاوازەکانی مانگا و بەربژێری خولی دوازدەی مەجلیسی ئێران دەکەین و پاشان دەچینە سەر خاڵی هاوبەشیان. خاڵە جوداکان ئەمانەن:

١- مانگا شیاکەی بۆ ئاوردوو و سووتەمەنی دەبێت و هی بەربژێر بە کەڵکی هیچ نایەت.

٢- دوای تێرخواردنی گوێرەکە ماست و پەنیر و لۆر و دۆ و کەرە و شیرێژی مانگا بەسوودە، بەڵام شیری بەربژێر نادرێتە گوێرکەش و گوێرەکەی ماڵوێرانی بەربژێر بەردەوام چاوەڕوانی شیری وشک دەبێت.

٣-‌ مانگا گۆشتی دەخورێت و کۆشتەکەی کەباب و کفتە و قورمەسەوزە و گوێزینەمان بیر دێنێتەوە و هی جەنابی بەربژێر تەنیا بۆ ئەوە دەبێت بە قووڵیی دوو ئەژنۆ بخرێتە ژێر خاکەوە.

تەنیا خاڵی هاوبەشی گاگێرە و نوێنەری خولی دوازدەی مەجلیسی ئێران "دەمبێن"ـە. دەمبێنیش لە هەردوو جۆری واتە دەمبێنی مانگا و دەمبێنی نوێنەری مەجلیس بۆ ئەوە لە دەمی ئەم دوو ئاژەڵە دەبەسترێن، زیان بە خاوەن دەستەڵاتان نەگەیەنن. لە دۆخی یەکەمدا خاوەن خەرمان دەستەڵاتداران و دەمبێن لە خزمەت خاوەن خەرمان دایە. لە دۆخی دووهەمیشدا دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دیارن و دەمبێنی نوێنەرانی مەجلیسی دوازدەش هەر لە خزمەت دەستەڵاتداران دایە. دەمبێنی مانگا بۆ نەخواردنی کڵۆش و بەڵم و دانی زیادەیە و دەمبێنی نوێنەری مەجلیسی دوازدەش بۆ ئەوەیە بەربژێران قسەی زیادە نەفەرموون. دەمبێن لە هەموو خولەکانی پێشووی مەجلیسی ئێراندا بە به‌ربڵاوی و لەملاو لەولا کەڵکی لێ‌وەردەگیرا، بەڵام ئێستا بەربژێرێک پێشترێش دەمبێنی نەبەستبێت، ئەمجارە ناتوانێت هەر لە دەرەوەش سەیری باڵەخانەی مەجلیس بکات.

لە کۆتاییدا پێویستە خوێنەرانی بەڕێز جیاوازیی دەمبێن و دەمامک بزانن. دەمامک خۆت دەیبەستی و دەمبێن بە زەبری شەپ و گۆپاڵ دەبەسترێت.