کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

11:40 - 7 سەرماوەز 2723

لە درێژەی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ‌ژینا، برای شەهید فەرجاد دەرویشی لە شاری ورمێ تا ئێستا دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.

بە پێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، "سەیاد دەرویشی" برای شەهید "فەرجاد دەرویشی" یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شاری ورمێ، دوای تێپەڕینی زیاتر لە یەک مانگ، هێشتا هەر دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە هەتا ئێستا لە هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە، و بێئاگابوون لە دۆخی ناوبراو،  نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێ کەوتووەتەوە.

سەیاد دەرویشی لە دەستپێکی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا بە بێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری ورمێ دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ورمێ گواسترایەوە.

هەیا ئیستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو و ئەو تۆمەتانەی کە وەپاڵ ناوبراو دراون هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبەر دەستدا نییە.

فەرجاد دەرویشی، لاوی تەمەن ٢٣ ساڵان و خەڵکی گوندی "بالو"ی سەر بە شاری ورمێ لە ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاویدا و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارەکی وەلیعەسری ورمێ شەهید کرا.