کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەدەب و هونەری بەرگری

02:55 - 20 سەرماوەز 2723

ڕێباز مەریوانی

هونەر و ئەدەبی ناڕەزایەتی دەچێتە خانەی ئەدەبی بەرگرییەوە. کاتێک مرۆڤ لەهەمبەر بەرامبەرەکەیدا نەتوانێ بە شێوازی فیزیکی ڕاوەستێ و ڕووبەڕوو ببێتەوە، بە شێوازی دیکە لە چوارچێوەی دەربڕین، جوڵە و هێمای تایبەتدا ناڕەزایی و بێزاریی خۆی دەردەبڕێ. مرۆڤی کەونارا و ئەشکەوت‌نشین بۆ ترساندن و دوورکردنەوەی ئاژەڵە دڕندەکان بە دەربڕینی دەنگوهەرای نائاسایی، کردنەوەی ئاگر، درووستکردنی داهۆڵ و دێوجامە و هتد ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان پاراستوە. زۆر بوونی حەشیمەت و سەرهەڵدانی شەڕە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکان، گەشەی بە ئەدەب و هونەری بەرگریدا. پێویستە بگوترێ کە ئەدەب و هونەری باڵادەستەکان دەمارگرژ و هێرشبەرانەیە، بەڵام ئەدەب و هونەری ژێردەستەکان مەزڵوومانە و بەرئەنگاریانەیە. هەڵکەوتی جوغڕافیایی کوردستان چ لە باری سروشتی و کێوستانی بوونییەوە و چ وەک ژیئۆپۆلیتیک، بەردەوام لە ژێر کاریگەری شەڕی ناوخۆیی و شەڕی دەرەکییدا بووە. ئەو بارودۆخە جەنگییە کاریگەری لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی کوردەکاندا بووە. دیاردەی بەرگری و حەماسەت هەر لە جلوبەرگەوە بگرە هەتا سەما و هەڵپەڕکێ، شێعر و مۆسیقا، پەند و مەتەڵ، چیرۆک و ڕاسەکان، کەرەسەکانی گەمەی منداڵان و هتد دەبینرێ و تەنانەت ڕەگەزایەتی کراوتەوە.

زاراوە سەرچەشنەکان: هونەری بەرگری، ئەدەبی بەرگری، داهاتووی ئەدەبی بەرگری

کاتێک تاکەکەسێک، بنەماڵەیەک، هۆزێ یا نەتەوەیەک بیهەوێ بە سەربەخۆیی و کەرامەتەوە بژی، مەجبوورە لە بەرامبەر ئەو بەڵێنە ئەخلاقییەدا تێچووی مرۆیی و ماڵی بدات. یەکێ لە تێچووەکان ڕاوەستانە بەرامبەر بە دەستە زاڵ و هێرشبەرەکان. لەبەرامبەر هێرشبەراندا مرۆڤ لە قۆناخی یەکەمدا شەڕ دەکات، ئەگەر لە بواری سەخت‌ئامێری و شەڕدا سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا دادەبەزێ بۆ بواری نەرم‌ئامێری و شەڕی سارد. ئەدەب و هونەری بەرگری بریتییە لە کۆمەڵە هەوڵ و تەقەلا و چالاکییەک کە بە شەڕی نەرم ئاراستەی داگیرکەر دەبێتەوە و هەروەها جۆرێک ڕۆحیاتی خۆبەدەستەوەنەدان و نیوەشەڕ ئەدات بە مرۆڤ. لە ئەدەب و هونەری بەرگرییدا، ناڕەزایەتییەکان دابەش دەبێ بە سەر ڕەهەندەکانی شێعر و چیرۆک، مۆسیقی و گۆرانی، وێنەکێشان و کاریکاتۆر و هتد. لە شرۆڤە و واتاکاندا ئەدەب و هونەری بەرگری بە شێعری حەماسی و هونەری حەماسی پێناسە کراوە. لێرەدا بەکورتی شێعر و هونەری حەماسی بە شێوازی گشتی و چڕبوونەوە لە سەر ئەدەب و هونەری کوردی تاووتۆی دەکرێ.

شێعری حەماسی:

"شێعری حەماسی بریتییە لە شێعری درێژ، گێڕانەوە یا داستانێک سەبارەت بە بابەتێکی گرنگ کە بە شێوازێکی ئاهەنگدار هەڵبەسترابێ و هەروەها ناوەرۆکەکەی لە سەر کەسێیەتییەکی پاڵەوان یا نیوەخودایی چڕ بووبێتەوە و لە ئاکامدا بە ئاکاری سەرنجڕاکێشی خۆی چارەنووسی هۆزێک، ڕەگەزێ یا نەتەویەک دیاری بکات"(١). بە پۆلینبەندکردنی ئەدەبیاتی حەماسی، دەردەکەوێ کە ئەو سەبکە بەدرێژایی مێژوو چەند قۆناخێکی مێژوویی تێپەڕاندوە و هەروەها بەشی زۆری ئەدەبیات و گێڕانەوەکانی لە ڕابردوودا بە خۆوە تەرخان کردوە. سێ قۆناخی "نەریتی یا سەرەتایی کە بە ئەشعاری ئیلیاد و شانامەوە دەست پێ دەکا، قۆناخی نێونجی کە (بەهەشتی ونبوو)ی مەسیحییەت نموونەی ئەو قۆناخەیە و هەروها قۆناخی کۆتایی کە بە شانامەی کوردی و هۆنراوەکانی ئەڵماس خان کۆتایی پێ دێت"(٢).

هەرچەند خوڵقاندنی ئاسەواری حەماسی بە سەبکی ڕابردوو، بە گۆڕانکارییەوە کۆتایی پێ هات، بەڵام لە کۆمەڵگە نەریتی و پڕ لە ئاڵۆزییەکانی وەک بەلووچستان، لوڕسانات و کوردستاندا هەتا پەیدابوونی خوێندنگا و زانکۆکانیش لەلایەن گۆسانەکانەوە بۆ خەڵکی دەخوێندرایەوە و هەموو لایک چێژیان لێ وەردەگرت. ئەشعاری حەماسی لەڕاستیدا بۆ خەڵکی وانە و فێرکاریی ئیخلاقی جوامێری، بوێری، خۆڕاگری و هتد بووە و سەبارەت بە خۆڕاگری و بەرخۆدان، بەردەوام وەکوو پێویستی بۆ نەوەکانی داهاتوو گوتراوەتەوە.

شێعرە حەماسییەکان خاوەن هندێک تایبەتمەندیین کە بریتین لە:

"- قارمانی چیرۆک کە کەسایەتییەکی خۆشناو، پێگەیشتوو(کامل) و زۆرجار زیاترە لە مرۆڤی ئاسایی.

- لایەنی شوێن یا مەکان کە لە چیرۆکی بەهەشتی ونبوودا بێجگە لە گۆی زەوی، بەهەشت و جەهەنمیش دەگرێتە بەر.

- ئاکار و کردەوەی گەورە وەکوو کووشتنی دێو و درنج

- ڕۆڵی خودا و فریشتەکان لە چیرۆکەکاندا

- شێوازی گێڕانەوەی شێعری حەماسی کە پڕە لە شانازی و وشە و زاراوەی تایبەتمەند"(٣).

لە چیرۆکە حەماسییەکاندا ئاژەڵەکان، ڕووبارەکان، گیا و درەختەکان و... هندێک‌جار دەبنە خاوەن ڕۆڵ.

لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام و زاڵبوونی وێژمانی دین بەرەبەرە شێعر و چیرۆکی حەماسی بە شێوازی ڕابردوو کۆتایی پێ هات و شێعرە عیرفانییەکان جێگای گرتەوە. "هێرشی مەغوولەکان بۆ سەر ئێران  کەرامەت و شکۆی خەڵک دەشکێنێ و دوای ئەو هێرشە ئیتر ئەشعاری حەماسی و قارەمانپەروەری جێگای خۆی دەدات بە ئەدبی عیرفانی. ئەشعاری حافیز و مەولانا دژی حەماسەت و خەیاڵاتە"(٤). لە کوردستاندا ئەدەبی عیرفانی لەو چەند سەدەی ڕابردوەدا گەیشتە لوتکە و ئەدەبی نووسیاری و کلاسیکی کوردی بە زۆری لەو بوارەدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. لە عیرفانی ئیسلامیدا هونەری حەماسەت بەدی دەکرێ. لە زیکر و حاڵی پێڕەوانی تەریقەتی قادری و پێڕەوانی ئەهلی تەشەیووعدا هێماکانی توندئاژۆیی، شمشێر و خوێنڕشتن دەبێنرێ کە ئەو بەشە دەچێتە خانەی شانۆی حەماسییەوە. ئەدەبی کوردی کە بە ئەدەبی زارەکی بەناوبانگە و  ئوسکارمانیش ئاماژەی پێ‌داوە بە زۆری لە ئەستۆی خەڵکیدا بووە و هەر ئەو خەڵکەش گەشەی پێداوە. پەند و مەتەڵی کوردی کە کاریگەری لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان وەرگرتووە بە جۆرێک ڕنگ و بۆنی حەماسەت و بەرگرییان پێوەدیارە. لێرەدا ئاماژە بە چەن نموونەیەک لە پەندی کوردی دەکرێ کە سەبارەت بە دوژمن هەڵوێستی توند و شۆڕشگێڕانە دەگرێ.

"ــ دوژمن بێ بە پرد مەڕۆ بە سەریا

قەت بە دەمی سەگ پیس نابێ دەریا

ــ با دوژمن بچووک بێ، بە کەمی مەزانە

ــ شەڕ بە چەک دەکرێ و مامەڵە بە پوڵ

ــ شەو قەڵای مێردانە

ــ باوڕت بە زردەخەنەی حاکم و خۆشیی زستان نەبێ

ــ ڕان مەدەرە دەست گورگ

ــ مەبە بە کەواسوور بەر هۆردوو

ــ قنگ حیزی باشە لە دەم حیز"(٥).

موسیقی و هونەر:

 هونەر و گۆڕانی کوردی چەندە لایەنی خۆشەویستی، عیرفانی، ناتۆرالیستی و هتدی هەیە ئەوندەش باری حەماسی و بەرگریکارانەی بە خۆوە گرتوە. بەیت و حەیرانی کوردی ئاهەنگێکی تایبەتی کوردییە کە لە باری نێوەرۆک و شێوازی دەربڕینەوە چەندە باری ئەوینداری و خۆشەوستی تێدایە، ئەوەندەش دەربڕینی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی سەبارەت بە ڕۆژگار و بارودۆخ تێدایە. کەرەسە و ئامێرە هونەرییەکانی حەماسەت و بەرگری وەکوو دەهۆڵ، دەف، کەڕەنا و هتد لە کوردستاندا مێژووییەکی دێرینیان هەیە. نەریتی کەلک‌وەرگرتن لە ئامێرەکانی مۆسیقی لە کاری سەربازی و جەنگیدا هەر لە کۆنەوە هەتا ئیستە بەردەوام بووە و تەنانەت نەتەوەکانی دورووبەریش لە کوردستانەوە وەریانگرتووە. "دەهۆڵ یەکێ لە ئامێرەکانی مۆسیقای جەنگییە کە ئورووپایەکان لە سەدەی سێزدەدا لە کاتی شەڕی خاچپەرەستی لەلایەن هێزی موسڵمانان، سوڵتان سەلاحەدینی کوردەوە وەرگیراوە "(٦).

دوازدە سوارەی مەریوان بۆ ڕووخاندنی ورەی دوژمن کەلکیان لە تەپڵ وەرگرتوە. زاراوی "کۆس کەوتن" کە لە فولکلۆری کوردیدا بە واتای داڕووخان، بێ‌دەرەتانی، داماوبوون و هتد هەر لە شکستی سپای کوردەوە سەرچاوەی گرتوە کە لە کاتی گەڕانەوەدا تەپڵی شادییان لێ‌نەدەدا و تەپڵ یا کۆسەکەیان لە دەنگ کەوتبوو .

هونەری هەڵپەڕکێی کوردی هەم بە هۆی دەسەجەمی بوونییەوە و هەم لە ڕووی بزاوت و جموجوڵەوە، تاڕادەیەک ڕەنگ و ڕەواڵەتی بەزم و ڕەزمی جەنگی وکوو ڕێژەی پێوە دیارە. بەو پێیە بێت بەشێک لە هەڵپەرکێی کوردی وەکوو هەڵپەڕکێی قڕەپیرەژن، هەڵپەڕکێی قەڵایی و بەتەواوی ڕەزمین و هەروەها تایبەتی پیاوانیشە. هونەر و ئەدەبی حەماسی لە ڕابردوودا بەتەواوی پیاو ڕەهەند بووە و ژنان کەمترین ڕۆڵیان لە رێخستنی شەڕ و بەرگری کردندا هەبووە.

ئەدەب و هونەری بەرگری لە سەردەمی نوێدا:

ئەدەب و هونەری بەرگری لە سەردەمی ئایدۆلۆژیاکان و تیکنۆلۆژیای نوێدا هەم لە باری فۆرم و هەم لە باری نێوەڕۆکەوە گۆڕانکاری بەرینی بە سەردا هاتووە. ئەدەبیاتی کلاسیک جێگای خۆیدا بە ئەدەبیاتی مۆدێڕن.

شێعری نوێ و کورتەچیرۆک جێگای سەبکە کۆنەکانی گرتەوە. ئەدەبی عیرفانی کە قەرزباری ئەدەبی کوردی و فارسییە، بەتەواوی بازاڕی لەدەست دا. قوتابخانەگەلی ئەدەبی وەکوو ڕۆمانتیزم، ئیدەئالیزم، ڕیئالیزم، ناتۆڕالیزم و هتد شرۆڤەی تایبەتییان لە هونەر و ئەدەبیات بەتێکڕایی و ئەدەبی بەرگری کردوە. لە دنیای نوێدا ژانرەکانی دیکە وەکوو وێنەکێشان، شانۆ، فیلم، کاریکاتۆر، تەنز و... بە خوێندنەوەی مۆدێڕنەوە گەشەیان پێ‌درا و تەنانەت حەماسەت و بەرگریکردن گوێزراوە بۆ ئەو دنیا هونەرییە.

ئاکام:

کوردستان بە هۆی شەڕی بەردەوام لەگەڵ داگیرکەراندا بەشی زۆری هونەر و ئەدەبیاتی ناڕەزایەتی بەرگریکارانەیە. ئەدەب و هونەری کوردی سەرەڕای لاوازی لە چاو دەورووبەر، دێموکراتیک و جیهان پەسەندە و بەڕاستی دژی شووینیزم و ڕەگەزپەرەستییە. بۆ کورتکردنەوەی باسەکە ئەوەندە بەسە بۆ ئاماژە کردن بە شۆڕشی ژینا کە بێجگە لەوەیکە ئێرانی ڕاچڵەکاند، دەنگی حەق‌ویستیی کوردی گەیاندە جیهان و هەروەها شۆکێکی گەورەی لە بزاوتی فمینیستی دا کە ماوەیەکی زۆرە تێکەڵ بە جیهانی ئابووری بووە.

داری هونەر و ئەدەبی حەماسی کە ڕابردوویەکی دەوڵەمەندی هەیە لە شۆڕشی ژینادا بەر و سەمەری خۆی دا و بەخێرایی هەموو دنیای سایبری و دیجیتاڵی تەنی. بە مەرگی ناحەقی کچە کوردێک ڕێباز و فەلسەفەیەکی نوێ لە ژیانی گەلی کورد و خەڵکی ئێراندا سەری هەڵدا. کورد دەڵێ حەق کۆن ئەبێ بەڵام نافەوتێ. کاتێک لە شەقامەکاندا درووشمی "ئێمە کوردین نابەزین  ڕۆڵەی پێشەوا قازین" دەگوترێتەوە، ئەوە نیشان ئەدات کە لە هەناوی دروشمێکی حەماسییدا بەرنامەیەکی بەربڵاو بۆ ژیانی نوێ شاراوەتەوە. هونەرمەندان ڕۆڵی چالاک و بەڕۆژییان لە هونەری حەماسییدا هەیە. بە راستی لەو چاخەدا حەماسەت پێشڕەو و لیدر و مامۆستایە.

سەرچاوەکان:

۱ــ آبرامز، مایر هوارد. گلت هارپهام، جفری. فرهنگ وارە اصطلاحات ادبی. مترجم سیامک بابایی. انتشارات جنگل ۱۳۸٦.ص ۱۲۹

۲ــ ذاکری، مختار، مرادی علیرضا. ادبیات حماسی. Mokhtazakeri.blogfa.com

۳ــ سەرچاوەی ژمارە یەک.ص ۱۳۰

٤ــ ناصر، بیتا. ادبیات عرفانی چگونە جای ادبیات حماسی را گرفت.روزنامە آرمان ملی.۱٤۰۱٫٦٫۲۳

٥ــ مودەڕسی، محەممەد عارف. پەندی پێشینیان(کەلەپووری کوردی ) ۱۳۸٤

٦ــ نقیب سردشت، بهزاد. سازشناسی موسیقی کوردی.انتشارات توکلی.