کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موژگان کاوسی ڕەوانەی زیندانی تۆن‌کابۆن کرا

16:19 - 29 سەرماوەز 2723

 

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، موژگان کاوسی، لە چالاکانی مافی زمان و ئێتنیک، خەڵکی شاری کەلاردەشتی مازندەران، پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی ئەم شارە، دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی تۆن‌کابۆن کرا.

بەپێی راپۆرتی کوردپا، لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، حوکمی زیندانی موژگان کاوسی لە لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کراوەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانبار، ئەم لێکۆڵەرە، پاش تێپەڕاندنی ١٠٤ ڕۆژ دەسبەسەریی کاتیی و بێتاوان ناساندنی لە تۆمەتی "افساد فی الارض" بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی لە زیندانی قائم‌شار ئازاد کرا.

موژگان کاوسی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سارییەوە، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٣٩ مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری ڕێژیم" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" بە ٨ مانگ زیندان، مەحکووم کرا و لە تۆمەتی "افساد فی الارض"، بێتاوان ناسرا.

بەپێی یاسای بەرزترین سزا، ٣٩ مانگ زیندان بە هەژماردکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو بۆ ئەم نوسەرە کوردە جێبەجێ دەکرێ.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، ئەو چالاکە کوردە لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی تون‌کابۆن ڕاگوێزرا.