کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد

10:41 - 30 سەرماوەز 2723

کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانی پەسەند کرد و داوای لە ئێران کرد کۆتایی بە هەموو جۆرەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە دژی کەمینەکان بهێنێت.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٧٨ـەمین دانیشتنی کۆڕی گشتیی خۆیدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز، بڕیارنامەیەکی بۆ مەحکوومکردنی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پەسەند کرد.

ئەم بڕیارنامەیە کە لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لەلایەن نوێنەری کاناداوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیار کرابوو، بە ٧٨ دەنگی ئەرێنی و ٣٠ دەنگی نەرێنی و ٦٨ دەنگی بێ‌لایەن پەسەند کرا.

ئەم بڕیارنامەیە سەرکوتکردنی ئامانجدارانەی ژنان و کچان لە دنیای واقیعی و مەجازیی بەتوندی مەحکووم کردووە و داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کۆتایی بە هەڵاواردنی سیستماتیک و هەراسانکردنی جەستەیی و زارەکیی ژنان و کچان بهێنێت.

لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بە زۆربوونی لەسێدارەدرانەکان لە ئێران کراوە و بە پێچەوانەی پابەندبوونە نێونەتەوەییەکانی ئێرانیان زانیوە. هەروەها باس لەوە کراوە کە لە دادگا نادادپەروەرەکاندا و دوای دانپێدانانی زۆرەملێی تۆمەتباران، لەژێر ئەشکەنجەدا سزای لەسێدارەدان دەرچووە.

لەو بڕیارنامەیەدا سەبارەت بە دۆخی بەندکراوان داوا لە ڕێژیمی ئێران کراوە کۆتایی بە ئەشکەنجە و سزای دڕندانە و نامرۆڤانە و سووکایەتی بهێنێت و سەرکوتکردنی سیستماتیک و گرتن و دەسبەسەریی سەرەڕۆیانەی ناڕازییان و بێسەروشوێنکردنیان ڕابگرێت.

جێگەی ئاماژەیە کۆماری ئیسلامی لە ڕابردووەوە تا ئێستا، بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی پشتگوێ خستووە و زۆر جار دەرکردنی ئەو بڕیارنامانەی وەکوو مەبەستێکی سیاسی ناو بردووە.