کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە حوجرەوە بۆ مەتەرێزی پاراستنی خاک و نیشتمان

13:00 - 1 بەفرانبار 2723

لە حوجرەوە بۆ مەتەرێزی پاراستنی خاک و نیشتمان

(فەقێ ڕەسووڵ میرانیان-پیرەباب)

 

برایم چووکەڵی

ئوستوورەکان ئەوانەن حیکایەتی سەروەریی خاک و خەڵکەکەیان بە خوێن و گیانی خۆیان نووسیوەتەوە. لە مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتدا دەتوانین بڵێێن هەموو پێشمەرگەکان ئوستوورەن. یەکێک لەو ئوستوورانەی لە "هەگبەی شاخ‌وشۆڕش"دا ڕێز لە یاد و ناوی دەگرین شەهید فەقێ ڕەسووڵ میرانیان ناسراو بە "پیرەباب"ە لە ناوچەی سەردەشت.

 فەقێ ڕسووڵ ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە ئاوایی نێوچوان لە ناوچەی سوێسنایەتیی سەردەشت لە ئامێزی بنەماڵەیەکی وەرزێر و جوتیاردا لە دایک بوو. ڕەسووڵ وەک زۆربەی منداڵانی گوند لەنێو باخ و باخات و ڕەز و لێرەوارەکاندا وێڕای منداڵانی دیکە گەورە بووە و دواتر لە بەرنەبوونی قوتابخانە لە گوندەکەیان نێردراوەتە حوجرەی فەقێیان و لە حوجرە فێری خوێندن و نووسین و زانستە ئایینییەکان بووە. هەر لە کاتی خوێندنی زانستە ئایینییەکاندا لەلایەن مامۆستاکان و ئەوانەی لە خۆی بەتەمەنتر بوون فێری وانەی کوردایەتی بوو و دواتر لە ڕیگای شەهید مەلا ئاوارەوە ئاشنایەتیی لەگەڵ شۆڕش و حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیدا کرد و بووە ئەندامی حیزب.                                                              فه‌قێ ڕه‌سووڵ بە هۆی گوشاری ڕێژێمی پاشایه‌تی بۆ سەر حوجرەکان له‌ ساڵی ١٣٥٤ی هه‌تاوی ڕێگای باشووری کوردستانی گرتەبەر و بووە پێشمەرگەی چەک‌لەشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان. هه‌ر ئه‌وکاته‌ی بووە پێشمەرگە، ناوی نەهێنیی پیرەباب بۆ فەقێ ڕەسووڵ دیاری کرا و لەو کاتەوە هەموو کەس فەقێ ڕەسووڵی میرانیان بە پیرەباب ناسی و ئەو ناوە بووە ناوێکی ئاشنا و جێگای باوەڕی خەڵکی ناوچەی سەردەشت.

پیره‌باب لە شۆڕش و ڕاپەرینی چەکداریی ساڵه‌کانی ١٣٤٧ – ١٣٤٦دا  لەگەڵ شەهیدان مەلا ئاوارە و قادر شەریف و کۆمەڵێک لە کادرەکانی حیزبی هاتەوە ناوچە و بەهۆی شارەزایی لە ناوچەکەدا تیمەکانی هێزی پێشمەرگەی هەڵدەسووڕاند. لە شەڕی بەناوبانگی سەرشیودا لەگەڵ شەهید قادر شەریف و هاوسه‌نگه‌رانی دیکه‌ی زەبرێکی قورسیان لە پەیکەری لەرزۆکی ژاندارمە و جاش و ساواکییەکانی شا دا. پیرەباب لەم شەڕەدا ڕۆڵی سەرەکیی گێڕا و هەربۆیە دوای ئەم شەڕە یەکێک لەو شوێنانەی قاره‌مانه‌تیی لێ نواندبوو، ئێستاش بە ناوی شاخی پیرەباب دەناسرێ. شەهید پیرەباب لە هەموو ئەو جەولانەی لە ساڵانی ١٣٤٧- ١٣٤٦دا لە ئارادا بوون بەشدار و نه‌خشی کاریگەری هەبوو. دوای ئەو قۆناخە وەک زۆربەی کادر و فەرماندەکانی دیکەی حیزب لە باشووری کوردستان مایەوە و وێرای بەخێوکردنی ماڵ و منداڵی ئەرکی پێشمەرگایەتیشی بەڕێوە برد.

پێش ده‌ست‌پێکردنی ڕاپه‌رینی گه‌لانی ئیران پیره‌باب لەگەڵ کادر و پێشمەرگەکانی دیکە گەڕانەوە نیوخۆی وڵات و لە یەکەم ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەدا پیرەباب لە هێزی شەهید موعینی وەک فەرماندەری لکی یەکی شەهید مەحموود زەنگەنە دیاری کرا. لکی یەک به‌هۆی لێهاتوویی و ئازایەتی و لێوەشاوەیی پیرەباب بووە یەکێک لەو لکانەی لە هەموو شەڕەکانی ناوچەدا بەشدار بوو و لێوه‌شاوه‌یی ‌‌و چالاكیی‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ به‌ بیروباوه‌ڕه‌ی‌ دێموكرات زۆر زوو ده‌ركه‌وت، به‌ جۆرێك كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا به‌شداریی‌ به‌ربه‌ره‌كانییه‌كانی‌ دژبه‌ هێزه‌كانی‌ ڕێژیمی‌ كرد ‌و به‌حه‌ق حه‌ماسه ‌‌و قاره‌مانه‌تی‌ له‌ ده‌فته‌ری‌ بیره‌وه‌ریی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستاندا تۆمار كرد. شوێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ ‌ناوچه‌ی سه‌رده‌شت شاهیدی‌ حه‌ماسه‌خوڵقاندنی‌ ئه‌و شێره‌كوڕه‌ی‌ دێموكراتن. بەتایبەت لە گرتنی مۆڵگەکانی گوندی "باغی" و "قوڵتێ‌"دا ڕۆڵێکی گرینگی له‌و سه‌رکه‌وتنه‌‌دا گێڕا. پیرەباب لە شەڕەکانی نێو شاری سەردەشت و ڕێگاکانی سەردەشت-بانە، سەردەشت-ڕەبەت، سەردەشت-پیرانشار و گوندەکانی ئەو ناوچەیەدا بوێرانە بەشداریی کرد. ئەو لە هەموو مەئمورییەتەکاندا بێ سێ‌ودووکردن ئاماده‌ بوو و ئەرکە پێ‌سپێردراوەکانی بەوپەڕی شارەزاییەوە ڕادەپەراند.

 هیزەکانی کۆماری ئیسلامی لە مه‌ڵبه‌ندی سەردەشت بەهۆی ئەو زەبرانه‌ی له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ لێی که‌وتبوو، به‌ته‌واوی لە هاتوچۆ خۆی ده‌پاراست و لە ڕێگای هێلی‌کۆپتێرەوە ئازووقە و تداروکاتی خۆی دەگەیاندە هێزەکانی خۆی. هێزه‌کانی دوژمن بۆ ئەوەی جادەی سەردەشت-پیرانشار بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە هێزێکی زۆر و پۆشتەوپەرداخیان کۆ کردەوە و پەلاماری گوندەکانی شینوێ، وشترمل، گۆرانگان، توژەڵ، گەڵو، زێوە، کاژێ، هەڵوێ، بێشاسپ، بناوێ، شیوەسەڵ و گوندەکانی ئەو ناوچەیە دا. هێرشی دوژمن بە ڕادەیەک بەربڵاو بوو کە هێزی پێشمەرگە بۆ پێشگیری لە هاتنەپێشی زیاتری دوژمن بە سەر چەندین دەستە و پەل و تیمدا دابەش بوون و هەروەها هێزی بەرگریی خەڵکیش وێرای کادر و پێشمەرگەکان بۆ بەرگری بەشدارییان کرد. پلاماری دوژمن چەند ڕۆژ درێژەی کێشا و دوژمن لە هەموو هێرشەکانیدا لەلایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌رپەرچی درایەوە‌ و تێک‌شکێندرا. له‌و شه‌ره‌ حەما‌سییه‌‌دا زیاتر لە سەد کوژراو لە هێزەکانی دوژمن لە بەرەکانی شەڕدا بەجێ ما. لە ماوەی شەڕی چەند ڕۆژەی نێوان هێزی دوژمن و هێزی پیشمه‌رگه‌‌دا بەداخەوە ڕۆژی ٨ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٦١ دوای بەرگرییەکی چەند ڕۆژە و سەخت لە شوێنێک بە ناوی چەکۆ لە پشت ماڵی بێشاسپ به‌ داخێكی‌ گرانه‌وه‌ گولله‌ی‌ دوژمن پیرەبابی خۆشەویستی گەل و نیشتمانی پێكا.

پیرەباب دوای شەهیدبوونی لەنێو خەم و پەژارەی کادر و پێشمەرگە و خەڵکی گوندەکانی ناوچە و گوندی نێوچوان لە زێدی لەدایکبوونی خۆی بە خاک سپێردرا.