کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم دەستیان بەسەر خەڵاتی ساخارۆفدا گرت

10:26 - 3 بەفرانبار 2723

شەوی هەینی، یەکی بەفرانبار، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، پاش گەڕانەوە لە سەفەری فەرانسە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاران، کەوتە بەر لێپرسینەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەر لەوێ دەستیان بەسەر خەڵاتی ساخارۆفی پارلەمانی ئورووپادا گرت کە پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرابوو.

بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان جگە لە خەڵاتی ساخارۆف، دەستیان بەسەر پاسپۆرت و مۆبایلی ساڵح نیکبەختیشدا گرتووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاراندا ڕایانگەیاندووە کە ئەم پارێزەرە کوردە لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە چوونەدەروەی لە ئێران قەدەغە کراوە .

بەپێی هۆشدارییەک کە بە نیکبەخت دراوە، دەبێ لە ڕۆژانی داهاتوودا بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، خۆی بە لقی یەکی جێبەجێکاری حوکمە کەیفەرییەکانی دادسەرای موقەدەسی تاران بناسێنێ.

ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی سەرماوەز، خەڵاتی مافی مرۆیی ساخارۆف، لە شاری ستراسبۆرگی وڵاتی فەرانسە، پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرا.

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی، بە نوێنەرایەتی لەم بنەماڵەیە و بە هۆی قەدەغەکرانی چوونەدەرەوەی خۆیان لە ئێران لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، خەڵاتەکەی وەرگرت بوو.

ئەمە لەحالێدابوو کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١، ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری دۆسییەی ژینا ئەمینی، لەلایەن لقی ٢٨ی داداگی ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، بە بێ سەرنجدان بە بەرگرییەکانی ناوبراو و پارێزەرەکەی بە زۆرترین سزای تاوانی پڕوپاگەندە دژی نیزام، واتە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و سزای تەکمیلیی "قەدەغەبوونی چالاکییەکانی لە سۆشیاڵ میدیا بۆ ماوەی ٢ ساڵ"، مەحکووم کرابوو.