کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاز و مازووت سەروبنی شوڕشگێڕی نەوتی خاون

17:47 - 16 سەرماوەز 2723

دارسمە

سەر لەبەیانیی ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٢٨٧ی هەتاوی بۆ یەکەم جار لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە گەڕەکی "خرسان"ی شاری "مەسجد سولیمان"ی پارێزگای خووزستان نەوت دۆزرایەوە. دوای ئەم ڕووداوە شلەمەنیەک دەرکەوت بە تەڕی وەک پووشوو ئاگر بگرێت.

هەرچەندە کۆنینەناسانی زۆربڵێ و درێژ‌دادڕ دەڵێن نەوتی ڕەش لە زۆر لەمێژەوە کەڵکی لێ وەرگیراوە، بەڵام ئەم یەکەم بیرە نەوتەی گەڕەکی خرسان یان گەڕەکی "ورچان"ی مەسجد سولەیمان چارەنووسی ئەم ناوچەیەی گۆڕی. ئینگلیسی سووری چاوشین ئیمتیازی نەوتی ئێرانیان گرتەوە و بە دوای ئەودا ڕوویان کرده بابە گوڕگوڕی کەرکووک و لەوێش سنگی مانەوەیان داکوتا و لەم نێوەدا دەردێکیان بەکوردان کرد با بە دەواری شڕی نەکات.

لە باشووری ئێرانیش ئەوەندە پیاوی سووری چاوشینی ئینگلیسان ڕوویان کردە مەسجد سولەیمان و لەوێ مانەوە، شارەکە وەسەر مرۆڤی سووری چاوشین گەڕا. خوا بە بوختان بۆ ئێمەی نەنووسێت، دانیشتووانی مەسجد سولەیمان خۆیان دەڵێن ئێمە تەنیا وەک خاڵوانی ئەم بەرانەی دوای هاتنی ئینگلیسانین و ئەم ژن و پیاوانەی ئێستای مەسجد سولەیمان بیلامانێ هەموویان خوارزای خەڵکی ناوچەکەن و بە قژی زەرد و چاوی شینیانەوە دەچنەوە سەر باوەگەورەیان.

هەتا سەردەمی دەستەڵاتی کورتخایەنی حەمەی موسەدیق و وەرگرتنەوەی ئیمتیازی نەوتی ئێران لە دەست ئینگلیسان، ئێمە زۆر باشتر بووین و هەتا ئەوکات دەستەڵاتدارانی ئێران تەنیا سکی خۆیان پێ تێر دەکرا. دوای ئەوەی نەوت لە دەست ئینگلیسان هاتەدەر، ئیدی شای دەستەڵاتدار بەلێشاو فرۆشتی و بەشێکی زۆری بە چەک‌و‌چۆڵ دا و هێزی سەرباز و ساواکی پێ پتەو کرد و بەم جۆرە ئێرانیش بوو بە خاوەنی خەڵکێکی تێر و سەرکوت‌کراو.

هاوکات ئەم نەوتە زۆرە تەماعی زیاتری دەبەرناین و لەو ئان‌وساتەدا ئاخوند‌‌ێکمان لێ پەیدا بوو، دەلینگی لە درۆکردن هەڵکرد و گوتی ئەگەر من دەستەڵاتم هەبێت، پارەی فرۆشتنی ئەم نەوتە زۆر و زەبەندە بەسەر تاک‌تاکی ئەم وڵاتەدا دابەش دەکەم و سەرەڕای ئەمە ئاو و کارەباشتان بە خۆڕایی بی بەرانبەر پێ‌دەدەم. لەم جیهانەدا هیچ لە جیهانی ئاخرەتیش هەمووتان بە دوای خۆمدا بەرە بەهەشت نێری‌کێش دەکەم و پردی سیڕاتیش بە لۆدێر و بۆلدوزیری جیهادی سازەندەگی بەرین و فراوان دەکەم و هەرچی قیر و نەوتە سووتاوی ئەم نەوتە زۆر و زەبەندەیە دەیکەم بە قیڕتاوی ئەمبەر و ئەوبەری پردی سیڕات و هەرچی گەراجی بەر کۆشکە پڕ لە حۆریەکانی بەهەشتیشە هەر بە بەرهەمی ئەم بیرە نەوتانە قیرتاوی دەکەم.

جا وەک هەمووتان ئاگادارن بە چەپڵەڕێزان شامان دەرکرد و ئاخوندمان بە سواری فڕۆکەیەکی گەورە لە شارۆچکەی "نۆفڵ‌لۆشاتۆ"ی فەرەنساوە گەڕاندەوە و لەسەر تەخت و بەختی پاشایەتی داماننا.

"شامەلا" چەند ساڵێک ژیا، بەڵام نە پارەی نەوتی دابەش کرد و نە کارەبا و ئاوی بەلاش پێداین، بەڵکو شەڕێکی درێژخایەنی بە خەڵکی نێوخۆ و وڵاتانی دەر و دراوسێ فرۆشت. ئاخوند مرد و یەک لەشکر ئاخوندی دیکە بوون بە دەستەڵاتداری ئێران. ئەم ئاخوندانەش دوای ئەم هەموو درۆ و دەلەسەیەی ئاخوندی گۆڕین و خۆیان دەگەڵ خەڵکی ئێران کردوویانە لە ترسی ئەوەی لە دەستەڵات لایان بدەن، بە زەحمەت تفیان بۆ قووت دەدرێتەوە.

لەماوەی ئەم چەند ساڵەشدا زانست پێش ‌کەوت و ئەزموونی هەڵوەشاندنەوە و دابەشکردنی پێکهاتەی نەوتیش پەرەی سەند و بێنزینی عادی، سوپێر، نەوتی سپی و مازووت و گازو ڕۆنی مەکینە و دەیان لێکەوتەی دیکە لە نەوتە ڕەشە وەردەگیرێت.

لە نێوان ئەم هەموو لێکەوتەیەی لە نەوتی خاو وەردگیرێت، بێنزینی سوپێر و گاز زۆر بە قەدر و قیمەتن و وڵاتانانی دیکەش پارەیان پێ‌دەدەن. مازووتیش بنکڕی ئەم لێکەوتانەیە لە نەوتی خاو دەکەونەوە. بێنزین و گاز سووکن و سووتانیشیان لە سووتانی مازووت زیانی بۆ ژینگە کەمترە.

ئێستا ئەو دەستەڵاتدارانەی لە ترسی هێرشی خەڵک بە زەحمەت تفیان بۆ قووت دەدرێتەوە، بۆ پەرەپێدانی دۆخی لایەنگرانیان لە دەرەوەی ئێران و پەرپێدان بە ڕوحی شۆڕشگێڕی لە وڵاتانی دەورو بەر، بێنزین و گازەکە دەفرۆشن و مازوتە قوون‌‌گرانەکەش دەکەنە سووتەمەنیی یەکەی بەرهەمینانی کارەبای خۆماڵی.

سووتاندنی مازووت جگە لە بەرهەم‌هێنانی کارەبا، دووکەڵی چاکیش دەکات. دووکەڵەکەشی لەم سەروبەندی ئەم خۆپێشاندان و شتەی ئەم ساڵانەی دواییدا زۆر بەسوودە. ئەم دووکەڵە دەبێته هۆی نەخۆشیی ئەو هاووڵاتیانەی ڕەنگە بە لەشی ساغەوە کێشە بۆ دەستەڵات دروست بکەن و داوای گۆڕان و دیموکراسی و شتی وا بکەن. بە تایبەت نەخۆشیی دریژخایەن وادەکات لە جیات بیرکردنەوە سەبارەت بە گۆڕینی دەستەڵات بە ڕاکە ڕاکە بە دوای دکتۆر و دەوا و دەرمانەوە بن.

سووتانی مازووت لە یەکەی بەرهەمهێنانی کارەباوە دووکەڵێکی لێ‌دەکەوێتەوە دەبێتە هۆی بوغ و تەم و لە ئاکامدا هەوا پیس دەکات. ئەم پیس‌بوونی هەواش بیانوویەکی چاکە بۆ ئەوەی قوتابخانە و زانکۆیان دابخرێن و بێ‌ئەوەی پۆلیسی باتووم بەدەست لە شەقامان پێش بە خۆپێشاندان بگرێت، بە بیانووی دووکەڵ و مەترسیی پشوو سواربوون، بەر بە خۆپێشاندان دەگیرێت. بەم جۆرە  گاز و مازووت سەر و بنی نیشتمانپەروەر و شوڕشگێڕی نەوتی خاون.

دروشمی شوڕشگێرانە واتە "شعار انقلابی: بۆپێشەوە بەرەو پارەدارکردنی بەرەی خۆڕاگریی لە وڵاتانی دراوسێ.